Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

پەندەکانی سلێمان 17

باشترە پارووێکی وشک بە ئارامییەوە

لە ماڵێکی پڕ لە خوانی ئامادەکراو، بە ناکۆکی.

بەندەی وریا بەسەر کوڕی شەرمەزاردا زاڵ دەبێت و

لەگەڵ برایانی میرات بەشدەکات.

بۆتە1 بۆ زیوە و کوورە بۆ زێڕ،

یەزدانیش دڵ تاقی دەکاتەوە.

بەدکار گوێ لە لێوی خراپ دەگرێت،

درۆزنیش گوێ دەداتە زمانی گرفتخواز.

ئەوەی گاڵتە بە هەژار بکات سووکایەتی بە دروستکەرەکەی دەکات،

ئەوەی بە بەڵا دڵی خۆشبێت بێ سزا دەرناچێت.

منداڵی منداڵ تاجی پیرانە،

شانازی کوڕانیش دایک و باوکانن.

قسەی نەستەق لە گێل ناوەشێتەوە،

لەوەش زیاتر قسەی درۆ لە میر.

بەرتیل بەردی گرانبەهایە لەبەرچاوی خاوەنەکەی،

ڕوو لە هەر لایەک بکات سەردەکەوێت.

ئەوەی تاوان دادەپۆشێت پەرە بە خۆشەویستی دەدات،

بەڵام ئەوەی باسی بابەتەکە بکاتەوە دۆستی نزیک لە یەکتر جیا دەکاتەوە.

سەرزەنشتکردنێک بۆ تێگەیشتوو

قووڵترە لە سەد جار دارکاریکردن بۆ گێل.

کەسی خراپ تەنها داواکاری یاخی بوونە،

لەبەر ئەوە نێردراوێکی دڵڕەقی بۆ دەنێردرێت.

باشترە تووشی دەڵەورچێکی سک سووتاو بیت،

نەک گێلێک لە گێلایەتییەکەی خۆی.

ئەوەی پاداشتی چاکە بە خراپە بداتەوە،

خراپە ماڵی بەرنادات.

دەستپێکردنی ناکۆکی وەک تەقینی بەنداوە،

جا پێش ئەوەی ناکۆکییەکە بتەقێتەوە وازی لێبهێنە.

بێتاوانکردنی خراپەکار و تاوانبارکردنی ڕاستودروست،

هەردووک قێزەونن لەلای یەزدان.

بۆچی پارە بکەوێتە دەست پیاوی گێل؟

کە ئارەزووی نییە بۆ کڕینی دانایی!

برادەر هەموو کاتێک خۆشەویستی خۆی دەردەبڕێت،

براش بۆ تەنگانە لەدایک دەبێت.

کەسی تێنەگەیشتوو تەوقە دەکات2 و

بە تەواوی دەبێتە کەفیلی دراوسێکەی.

ئەوەی حەز لە ناکۆکی بکات حەز لە گوناه دەکات،

ئەوەی دەرگای خۆی بڵند بکات داوای شکان دەکات.

ئەوەی دڵخراپ بێت چاکە نایەتە ڕێی،

ئەوەی زمان خوار بێت تووشی خراپە دەبێت.

ئەوەی گێلی ببێت تووشی خەفەت دەبێت،

باوکی ڕۆڵەی دەبەنگیش دڵخۆشی نابینێت.

دڵی شادمان تەندروستی دەبەخشێت،

بەڵام ڕۆحی تێکشکاو ئێسک وشک دەکات.

بەدکار بە نهێنی بەرتیل وەردەگرێت

تاکو ڕێچکەی دادپەروەری خوار بکاتەوە.

کەسی تێگەیشتوو چاوی لەسەر داناییە،

بەڵام گێل چاودەبڕێتە ئەوپەڕی زەوی.

کوڕی گێل خەمە بۆ باوکی و

تاڵییە بۆ ئەو دایکەی لێی بووە.

پێبژاردن بە کەسی ڕاستودروست باش نییە،

هەروەها دارکاریکردنی کەسی خانەدان لەبەر دەستپاکی.

ئەوەی قسەی خۆی ڕاگرێت خاوەن زانیارییە،

ئەوەی ڕۆح ئارام بێت پیاوی تێگەیشتنە.

تەنانەت گێلیش کە بێدەنگ بێت بە دانا دادەنرێت،

ئەوەی لێویشی لێک نەکاتەوە بە تێگەیشتوو.

Source notes (2)
  1. Footnote دەفرێکی کانزایی سەختە بۆ تواندنەوەی کانزای دیکە تێیدا بەکاردێت.‏
  2. Footnote تەوقەکردن بە مەبەستی ڕێککەوتن بەبێ هیچ بەڵگەنامەیەک.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.