Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

پەندەکانی سلێمان 13

کوڕی دانا تەمبێکردنی باوکی وەردەگرێت،

بەڵام گاڵتەجاڕ گوێ لە سەرزەنشت ناگرێت.

مرۆڤ لە بەروبوومی دەمی چاکە دەخوات،

ناپاکانیش ئارەزوویان توندوتیژییە.

ئەوەی ئاگای لە دەمی بێت گیانی خۆی دەپارێزێت،

بەڵام ئەوەی زمان درێژی دەکات لەناودەچێت.

گیانی تەمبەڵ ئارەزوو دەکات و هیچی دەست ناکەوێت،

بەڵام گیانی تێکۆشەر سەرکەوتوو دەبێت.

کەسی ڕاستودروست ڕقی لە قسەی درۆیە،

بەدکاریش ڕیسوایی و شەرمەزاری دەهێنێت.

ڕاستودروستی ئەو کەسە دەپارێزیت کە ڕێگای ڕاستە،

خراپەش گوناهبار سەرەوژێر دەکات.

هەیە خۆی بە دەوڵەمەند دەردەخات و هیچی نییە،

هەشە خۆی بە هەژار دەردەخات و سامانی زۆری هەیە.

لەوانەیە مرۆڤ بە سامانەکەی گیانی خۆی بکڕێتەوە،

بەڵام هەژار گوێی لە هەڕەشە نابێت.

ڕووناکی ڕاستودروستان دەگەشێتەوە،

بەڵام چرای بەدکاران دەکوژێتەوە.

لە لووتبەرزییەوە تەنها ناکۆکی پەیدادەبێت،

بەڵام لەگەڵ ڕاوێژکاران دانایی.

ماڵێک بە ناپاکی پەیداکرابێت، کەم دەکات،

بەڵام ئەوەی بە کاری دەست کۆدەبێتەوە، زیاد دەکات.

ئومێدی درێژکراوە دڵ نەخۆش دەکات،

ئارەزووی بەدیهاتووش درەختی ژیانە.

ئەوەی سووکایەتی بە فێرکردنەکە1 بکات خۆی لەناودەبات،

بەڵام ئەوەی ڕێزی بۆ ڕاسپاردەکە هەبێت پاداشتی دەدرێتەوە.

فێرکردنەکانی دانا کانی ژیانە،

بۆ دوورکەوتنەوە لە داوی مردن.

تێگەیشتنی باش پەسەندی بەدەستدەهێنێت،

بەڵام ڕێگای ناپاکان سەختە.

هەموو کەسێکی ژیر بە زانیارییەوە کار دەکات،

بەڵام نەزان گێلایەتی بڵاو دەکاتەوە.

نێردراوی بەدکار دەکەوێتە خراپەوە،

پەیامبەری دەستپاکیش چاکبوونەوە دەهێنێت.

هەژاری و ڕیسوایی بۆ ئەوانەیە تەمبێکردن بەلاوە دەنێن،

بەڵام ئەوەی سەرزەنشت لەگوێدەگرێت ڕێزدار دەبێت.

ئارەزووی بەدیهاتوو خۆشییە بۆ گیان،

بەڵام گێل وا دەزانێت کە لادان لە خراپە شتێکی قێزەونە.

ئەوەی لەگەڵ دانایان دەڕوات دەبێتە دانا،

هاوڕێی گێلەکانیش زیانی پێدەگات.

خراپە دوای گوناهباران دەکەوێت،

بەڵام ڕاستودروستان بە چاکە پاداشت دەدرێنەوە.

پیاوچاک میرات بۆ نەوەکانی2 بەجێدەهێڵێت،

سامانی گوناهبارانیش بۆ ڕاستودروست هەڵدەگیردرێت.

لەوانەیە زەویی بەیاری3 هەژاران خواردنی زۆری تێدابێت،

بەڵام لەبەر نادادپەروەری دەبردرێت.

ئەوەی ڕێگا لە کوتەک بگرێت ڕقی لە کوڕەکەیەتی،

بەڵام ئەوەی خۆشیبوێت گرنگی بە تەمبێکردنی دەدات.

کەسی ڕاستودروست دەخوات و تێر دەبێت،

بەڵام سکی بەدکاران هەر برسی دەبێت.

Source notes (3)
  1. Footnote مەبەستی لە فێرکردنی تەوراتی موسایە.‏
  2. Footnote عیبری، کوڕی کوڕ.‏
  3. Footnote زەوی نەکێڵدراو و ئامادە بۆ کێڵان.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.