Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
سەرژمێری 29
ڕۆژی دەنگی کەڕەنا
«”لە یەکی مانگی حەوت، کۆبوونەوەی پیرۆزبوون دەبەستن، هیچ کارێکی ئاسایی ناکەن، بۆتان دەبێتە ڕۆژی دەنگی کەڕەنا. قوربانی سووتاندنێک دەکەن بۆ ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، یەک جوانەگا و یەک بەران و حەوت بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ، هەروەها پێشکەشکراوی دانەوێڵەشیان لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، سێ دەیەکی ئێفەیەک1 بۆ جوانەگاکە و دوو دەیەک بۆ بەرانەکە و دەیەکێک2 بۆ هەر بەرخێک لە حەوت بەرخەکە. گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه بۆ کەفارەتکردن بۆتان، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی سەرەمانگان و ڕۆژانە، لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەیان و شەرابە پێشکەشکراوەکەیان وەک نەریتەکەیان، قوربانی بە ئاگرن بۆ یەزدان، ئەو بۆنەیە کە یەزدان پێی خۆشە.
ڕۆژی کەفارەت
«”لە ڕۆژی دەیەمی ئەم مانگی حەوتەدا کۆبوونەوەی پیرۆزبوون دەبەستن و گیانی خۆتان زەلیل3 دەکەن، هیچ کارێک ناکەن. قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان پێشکەش دەکەن، ئەو بۆنەی پێی خۆشە، یەک جوانەگا و یەک بەران و حەوت بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ بن، لەلایەن ئێوەوە دەبێت. پێشکەشکراوی دانەوێڵەشیان لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، سێ دەیەکی ئێفەیەک بۆ جوانەگا و دوو دەیەک بۆ بەران و دەیەکێک بۆ هەر بەرخێک لە حەوت بەرخەکە. گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی گوناه بۆ کەفارەتکردن و قوربانی سووتاندنی بەردەوام و پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکەیان.
جەژنی کەپرەشینە
«”لە ڕۆژی پازدەی مانگی حەوتیش کۆبوونەوەی پیرۆزبوون دەبەستن، هیچ کارێکی ئاسایی ناکەن و حەوت ڕۆژ بۆ یەزدان دەیکەن بە جەژن. قوربانی سووتاندنیش پێشکەش دەکەن، قوربانی بە ئاگر، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، سێزدە جوانەگا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ لەلایەن ئێوەوە دەبێت. پێشکەشکراوی دانەوێڵەشیان لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، سێ دەیەکی ئێفەیەک بۆ هەریەک لە سێزدە جوانەگاکە و دوو دەیەک بۆ هەریەک لە دوو بەرانەکە. دەیەکێک بۆ هەریەک لە چواردە بەرخەکە. هەروەها گیسکێکی نێر بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.
«”لە ڕۆژی دووەم دوازدە جوانەگا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ ئامادە بکەن. لەگەڵ جوانەگاکان و بەرانەکان و بەرخەکان، پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ژمارەیان وەک نەریتەکەیان. گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام و پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکەیان.
«”لە ڕۆژی سێیەم یازدە جوانەگا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ ئامادە بکەن. لەگەڵ جوانەگاکان و بەرانەکان و بەرخەکان، پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ژمارەیان وەک نەریتەکەیان. هەروەها گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.
«”لە ڕۆژی چوارەم دە جوانەگا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ ئامادە بکەن. لەگەڵ جوانەگاکان و بەرانەکان و بەرخەکان، پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ژمارەیان وەک نەریتەکەیان. هەروەها گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.
«”لە ڕۆژی پێنجەم نۆ جوانەگا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ ئامادە بکەن. لەگەڵ جوانەگاکان و بەرانەکان و بەرخەکان، پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ژمارەیان هەروەک نەریتەکەیان. گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.
«”لە ڕۆژی شەشەم هەشت جوانەگا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ ئامادە بکەن. لەگەڵ جوانەگاکان و بەرانەکان و بەرخەکان، پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ژمارەیان وەک نەریتەکەیان. هەروەها گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.
«”لە ڕۆژی حەوتەم حەوت جوانەگا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ ئامادە بکەن. لەگەڵ جوانەگاکان و بەرانەکان و بەرخەکان، پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ژمارەیان وەک نەریتەکەیان. هەروەها گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.
«”لە ڕۆژی هەشتەم ئاهەنگی کۆتایی دەگێڕن، هیچ کارێکی ئاسایی ناکەن. قوربانی سووتاندن پێشکەش دەکەن، قوربانی بە ئاگر، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، یەک جوانەگا و یەک بەران و حەوت بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ، پێشکەشکراوی دانەوێڵەشیان و شەرابی پێشکەشکراویان بۆ جوانەگا و بەران و بەرخەکان بەگوێرەی ژمارەیان وەک نەریتەکەیان، گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.
«”لە جەژنەکانتان، سەرەڕای نەزر و بەخشینە ئازادەکانتان، ئەمانە بۆ یەزدان پێشکەش دەکەن: قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەرابی پێشکەشکراو و قوربانی هاوبەشی.“»
موسا بەگوێرەی هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کرد، لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلدا دوا.
Source notes (3)
- Footnote سێ دەیەکی ئێفەیەک نزیکەی 6,5 و دوو دەیەک نزیکەی 4,5 لیتر.
- Footnote دەیەکێک: نزیکەی دوو لیتر.
- Footnote مەبەستی لە خۆبێبەشکردنە لە (خواردن و خواردنەوە یان جووتبوون لەگەڵ هاوسەر… هتد). لێرەدا زیاتر کات تەرخان دەکرێت بۆ نوێژکردن و پاڕانەوە. بڕوانە یەکەم نامەی پۆڵس بۆ باوەڕدارانی کۆرنسۆس 7:5 و یۆحەنا 4:34 .
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.