Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
سەرژمێری 12
قسەکردنی مریەم و هارون لە دژی موسا
مریەم و هارون لە دژی موسا قسەیان کرد، لەبەر ئەو ژنە کوشییەی کە خواستی، چونکە ژنێکی کوشی1 خواستبوو. جا گوتیان: «ئایا یەزدان تەنها لەگەڵ موسادا دواوە، باشە لەگەڵ ئێمەش قسەی نەکرد؟» یەزدانیش گوێی لێبوو.
(موساش لە هەموو خەڵکی سەر ڕووی زەوی بێفیزتر بوو.)
جا یەزدان دەستبەجێ بە موسا و هارون و مریەمی فەرموو: «ئەو سێیەتان وەرنە دەرەوە بۆ لای چادری چاوپێکەوتن.» ئینجا هەرسێکیان هاتنە دەرەوە. یەزدانیش لە ستوونی هەوردا دابەزی و لە دەروازەی چادرەکە وەستا، بانگی هارون و مریەمی کرد، هەردووکیان بەرەو پێشەوە چوون. جا فەرمووی: «باش گوێ لە قسەم بگرن:
«کاتێک پێغەمبەری یەزدان لەنێوتانە،
ئەوا بە بینین خۆمی بۆ ئاشکرا دەکەم،
لە خەوندا لەگەڵی دەدوێم.
بەڵام موسای بەندەم ئاوا نییە،
بەڵکو بەوەفایە لە هەموو ماڵەکەم،
ڕوو بە ڕوو لەگەڵی دەدوێم،
بە ڕوونی نەک بە مەتەڵ،
شێوەی یەزدان دەبینێت.
ئیتر بۆچی نەترسان
کە لە دژی موسای بەندەم دوان؟»
جا تووڕەیی یەزدان لێیان جۆشا و ڕۆیشت.
کاتێک هەورەکە لەسەر چادرەکە بەرزبووەوە مریەم گەڕوگول2 بوو، وەک بەفر سپی هەڵگەڕا، جا هارون ئاوڕی لە مریەم دایەوە و بینی گەڕوگول بووە. هارون بە موسای گوت: «گەورەم داوات لێدەکەم ئەو سزایەمان نەخەیتە سەر کە گێلایەتیمان کرد و گوناهمان پێی کرد، تکایە با وەک ئەو کۆرپە لەبارچووە نەبێت کە پووکاوەتەوە.»
موساش هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «خودایە، تکایە چاکی بکەوە.»
یەزدانیش بە موسای فەرموو: «ئەگەر باوکی تفی لە چارەی دەکرد، ئایا حەوت ڕۆژ شەرمەزار نەدەبوو؟ با حەوت ڕۆژ لە دەرەوەی ئۆردوگاکە دەستبەسەر بێت و ئینجا بێتەوە.» جا مریەم حەوت ڕۆژ لە دەرەوەی ئۆردوگاکە دەستبەسەر بوو و گەلیش بەڕێ نەکەوتن هەتا مریەم نەهاتەوە.
پاش ئەمە گەل لە حەچێرۆتەوە بەڕێکەوتن و لە چۆڵەوانی پاران چادریان هەڵدا.
Source notes (2)
- Footnote وڵاتێکە لە سەرووی ڕووباری نیل.
- Footnote گەڕوگول: وشە عیبرییەکە بۆ چەند نەخۆشی جیاوازی پێست بەکارهێنراوە.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.