Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
ناحوم 3
قوڕبەسەر نەینەوا
ئەی شاری خوێن، قوڕبەسەرت،
سەراپای درۆیە،
پڕ لە تاڵانە،
نێچیری لێ نابڕێت!
شریقەی قامچی،
خشەخشی چەرخ،
غاردانی ئەسپ و
هەڵبەزینی گالیسکە!
سوارەکان پێشدەکەون،
بڵێسەی شمشێر و
بروسکەی ڕم!
زۆری برینداران و
زۆری کوژراوان،
تەرمی بێشومار،
خەڵکی ساتمە لە تەرمەکان دەکەن.
هەموو ئەمانە لەبەر زۆری داوێنپیسی لەشفرۆشەکەیە،
ڕوخسار جوان و جادووگەرە گەورەکە،
ئەوەی بە داوێنپیسییەکەی نەتەوەکانی کردە کۆیلە،
بە جادووگەرییەکەی خێڵەکان.
یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «من لە دژی تۆم.
دامێنت هەڵدەبڕم بۆ سەر ڕووت،
ڕووتیت پیشانی نەتەوەکان دەدەم و
پاشایەتییەکانیش شەرمەزاریت دەبینن.
پیسایی فڕێدەدەمە سەرت،
ڕیسوات دەکەم و
دەتکەمە دیمەنێکی گاڵتەجاڕی.
جا هەرکەسێک بتبینێت لێت ڕادەکات و دەڵێت:
”نەینەوا کاول بوو، کێ بۆی دەگریێت؟“
لەکوێ کەسێک ببینمەوە دڵنەواییت بکات؟»
ئایا لە شاری تیب چاکتریت،
دانیشتووی سەر نیل،
ئاو چواردەوری دابوو؟
ئەوەی ڕووبارەکە دەیپاراست،
ئاوەکان شوورای بوون.
کوش1 و میسر هێزی لە ڕادەبەدەری بوون،
پووت و لیبییەکان هاوپەیمانی بوون.
بەڵام ئەو بە دیل گیرا و
ڕاپێچ کرا،
منداڵەکانی پارچەپارچە کران
لەسەر سووچی هەموو شەقامێک.
لەسەر پیاوماقوڵانی تیروپشک کرا و
هەموو گەورە پیاوانی کۆت و زنجیر کران.
هەروەها تۆش سەرخۆش دەبیت،
خۆت دەشاریتەوە و
لە پەنایەک دەگەڕێیت لە دەستی دوژمن.
هەموو قەڵاکانت وەک داری هەنجیرن
بە یەکەم بەرەوە،
کە بتەکێن بەردەبنەوە
بۆ ناو دەمی ئەو کەسەی دەیخوات.
تەماشای سەربازەکانت بکە،
هەموویان وەک ژنن!
دەروازەکانی خاکەکەت
بۆ دوژمنانت دەخرێنە سەر پشت،
ئاگر شمشیرەی2 دەروازەکانت هەڵدەلووشێت.
ئاو بکێشەوە بۆ کاتی گەمارۆدراویت،
قەڵاکانت بەهێز بکە!
بڕۆ ناو قوڕەوە،
قوڕ بشێلە و
خشتبڕەکانت توندوتۆڵ بکە!
لەوێدا ئاگر دەتخوات،
شمشێر دەتبڕێت و
وەک پۆلە کوللە دەتخوات.
وەک پۆلە کوللە زیادبە،
زیادبە وەک پێکوڕە!
بازرگانەکانی خۆت
لە ئەستێرەکانی ئاسمان زۆرتر کرد،
بەڵام وەک کوللە خاکەکە ڕووت دەکەنەوە و دەفڕن.
پاسەوانەکانت وەک کوللەن،
ئەفسەرەکانت وەک ڕەوە کوللەن،
کە لە ڕۆژێکی سارد لەسەر دیوار هەڵنیشتوون،
بەڵام کە خۆر هەڵهات دەفڕن،
کەس نازانێ بەرەو کوێ چوون.
ئەی پاشای ئاشور، شوانەکانت خەوتن،
گەورە پیاوانت پاڵکەوتن پشوو بدەن.
گەلەکەت لەسەر چیاکان پەرتەوازە بوون،
کەس نییە کۆیان بکاتەوە.
شکانەکەت ناگیرێتەوە،
برینەکەت ساڕێژ نابێت.
هەموو ئەوانەی هەواڵی تۆ دەبیستن
لە خۆشیدا چەپڵە لێ دەدەن،
چونکە کێ نەیچێشتووە
خراپەی بەردەوامی تۆ؟
Source notes (2)
- Footnote وڵاتێک بووە لە سەرووی ڕووباری نیل.
- Footnote شمشیر، پارچە دارێک بووە لە جیاتی قوفڵ لە دواوەی دەرگا بە شێوەی ئاسۆیی دانراوە بۆ داخستنی دەرگا.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.