Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

ناحوم 1

سروشێک1 سەبارەت بە نەینەوا، پەڕتووکی بینینەکەی ناحومی ئەلقۆشی:

تووڕەیی خودا لە دژی نەینەوا

یەزدان خودایەکی ئیرەدار2 و تۆڵەسێنەرە،

یەزدان تۆڵەسێنەر و زۆر تووڕەیە.

یەزدان تۆڵەسێنەرە لە ناحەزانی و

هەڵچوونی لە دژی دوژمنانی بەردەوامە.

یەزدان پشوودرێژە و توانای مەزنە،

بەڵام چاو لە گوناه ناپۆشێت.

ڕێگای یەزدان لەناو گەردەلوول و ڕەشەبادایە،

هەور تۆزی پێیەکانیەتی.

دەریا سەرزەنشت دەکات و وشکی دەکات،

هەموو ڕووبارەکان بێ ئاو دەکات.

باشان و کارمەل سیس دەکات،

خونچەی لوبنان سیس دەبێت.

چیاکان لەبەر ئەو دەلەرزن و

گردەکان دەتوێنەوە.

زەوی لە ئامادەبوونی ئەو دەهەژێت،

جیهان و هەموو دانیشتووانەکەی.

کێ لەبەردەم تووڕەیی ئەو خۆی ڕادەگرێت؟

کێ بەرگەی جۆشی تووڕەیی ئەو دەگرێت؟

هەڵچوونی وەک ئاگر دەڕژێت و

تاشەبەردەکان لەبەردەمی دەشکێن.

یەزدان چاکە،

لە ڕۆژی تەنگانە قەڵایە.

بایەخ بەوانە دەدات کە پشتی پێ دەبەستن،

بەڵام بە تۆفانێکی گەورە

بە تەواوی کۆتایی بە نەینەوا دەهێنێت،

دوژمنەکانی بەرەو تاریکی ڕاودەنێت.

بیر لە چی دەکەنەوە لە دژی یەزدان؟

ئەو کۆتایی پێدەهێنێت،

کارەسات دوو جار بەرپا نابێت.

ئەوان وەک دڕک لێک دەئاڵێن،

بە شەرابەکەیان سەرخۆش دەبن،

هەموویان وەک کای وشک دەسووتێن.

ئەی نەینەوا، یەکێک لە تۆوە دەردەکەوێت،

ئەوەی بیر لە خراپە دەکاتەوە لە دژی یەزدان،

ڕاوێژکاری بەدکارییە.

یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«هەرچەندە بەهێز و زۆریشن،

بەڵام دەبڕێنەوە و بەسەردەچن.

ئەی یەهودا، هەرچەندە زەلیلم کردیت

بەڵام ئیتر زەلیلت ناکەم.

ئێستاش ئەو نیرەی3 کە لەسەر تۆی دایانناوە دەیشکێنم،

کۆتەکانت لێ دەکەمەوە.»

ئەی نەینەوا، یەزدان سەبارەت بە تۆ فەرمانی داوە:

«هیچ نەوەیەک نامێنێت ناوی تۆی هەڵگرتبێت.

بتە داتاشراو و لەقاڵبدراوەکان

لە پەرستگای خوداوەندەکانت ڕیشەکێش دەکەم.

گۆڕت بۆ هەڵدەکەنم، چونکە تۆ شایانی ژیان نیت.»

ئەوەتا لەسەر چیاکانە

پێیەکانی مزگێنیدەر،

ئاشتی ڕادەگەیەنێت!

ئەی یەهودا، جەژنەکانت بگێڕە،

نەزرەکانت4 بەجێبهێنە،

ئیتر بەدکاران داگیرت ناکەن،

بەڵکو بە تەواوی بنبڕ دەبن.

Source notes (4)
  1. Footnote فەرموودەیەکی خودایە کە لە ڕێگای ڕۆحی پیرۆزەوە بۆ مرۆڤ هاتبێت.‏
  2. Footnote ئیرەدار: لێرەدا واتایەکی ئەرێنی لەخۆ دەگرێت، چونکە خودا مرۆڤی خۆشدەوێت و نایەوێت کەسێک پەیوەندی نێوانیان تێک بدات.
  3. Footnote مەبەستی لە بارگرانییە.‏
  4. Footnote نەزر: داوا لە خودا دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کارێک و پابەند دەکرێت بە مەرجێکەوە. ئەگەر خودا ئەو کارە بکات، ئەوا دەرئەنجام ئەمیش ئەو کارە ئەنجام دەدات کە پێیەوە پابەندی کردووە. بڕوانە سەرژمێری 21‏:2‏ ‏.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.