Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

میخا 1

پەیامی یەزدان کە لە سەردەمی یۆتام و ئاحاز و حەزقیای پاشایانی یەهودا بۆ میخای مۆرەشەتی هات، ئەو بینینەی سەبارەت بە سامیرە و ئۆرشەلیم بوو:

ئەی هەموو گەلان، گوێ بگرن،

زەوی و هەموو ئەوانەی تێیدان، سەرنج بدەن:

پەروەردگار لە پەرستگای پیرۆزیەوە،

یەزدانی باڵادەست ببێتە شایەت بەسەرتانەوە.

حوکمدان بەسەر سامیرە و ئۆرشەلیم

ئەوەتا، یەزدان لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیەوە دێتە دەرەوە،

دادەبەزێت و بەسەر بەرزاییەکانی زەویدا دەڕوات.

چیاکان لە ژێری دەتوێنەوە و

دۆڵەکان شەق دەبەن،

وەک مۆم لەبەردەم ئاگردا،

وەک ئاوی ڕۆیشتوو بە لێژاییدا.

هەموو ئەمە لەبەر یاخیبوونی یاقوب،

لەبەر گوناهی بنەماڵەی ئیسرائیل.

چی هۆکاری یاخیبوونی یاقوبە؟

ئایا سامیرە نییە؟

ئەی هۆکاری بتپەرستی بەرزاییەکانی یەهودا چییە؟

ئایا ئۆرشەلیم نییە؟

«لەبەر ئەوە سامیرە کاول و وێران دەکەم،

دەیکەمە کێڵگەی مێو چاندن.

بەردەکانی فڕێدەدەمە ناو دۆڵەکەوە و

بناغەکانی دەردەخەم.

هەموو بتەکانی تێکدەشکێنرێن و

هەموو کرێی داوێنپیسییەکەی بە ئاگر دەسووتێنرێت،

هەموو بتەکانی وێران دەکەم.

لەبەر ئەوەی بە کرێی لەشفرۆشی کۆی کردووەتەوە،

دەدرێتەوە لەشفرۆش.»

گریان و شیوەن گێڕان

لەبەر ئەوە دەلورێنم و دەلاوێنمەوە،

بەپێی پەتی و بە ڕووتی هاتوچۆ دەکەم.

وەک چەقەڵ دەلورێنم و

وەک کوندەپەپوو شیوەن دەگێڕم،

چونکە برینەکەی ساڕێژ نابێت،

بەڵکو یەهوداش تووش بوو،

گەیشتە دەروازەی گەلەکەم،

هەتا ئۆرشەلیم هات.

ئەوە لە گەت ڕامەگەیەنن،

بە هیچ شێوەیەک مەگریێن،

لە بێت‌عۆفرادا1

خۆت لە خۆڵ بگەوزێنە.

ئەی دانیشتووانی شافیر

بە ڕووتی و شەرمەزاری بپەڕنەوە،

دانیشتووانی چەئەنان دەرنەچن.

بێت‌ئێچەل دەگریێت

بەڵام ناتانپارێزێت.

دانیشتووانی مارۆت بە ئازارەوە دەتلێنەوە،

بە دڵەڕاوکێوە چاوەڕێی چارەسەر دەکەن،

چونکە لەلایەن یەزدانەوە

بەڵا بۆ دەروازەی ئۆرشەلیم دابەزی.

ئەی دانیشتووانی لاخیش،

گالیسکە بە ئەسپەوە ببەستن،

ئێوە یەکەمین شار بوون دوای یاخیبوونەکانی ئیسرائیل کەوتن،

هەروەها سییۆنی کچتان2 تووشی گوناه کرد.

لەبەر ئەوە دیاری ماڵئاوایی دەدەن

بە مۆرەشەت گەت.

یارمەتی لە شارۆچکەکانی ئەکزیڤەوە3 جێی متمانە نییە

بۆ پاشاکانی ئیسرائیل.

داگیرکەرتان دەهێنمە سەر،

ئەی دانیشتووانی مارێشا4،

ئەوەی شکۆی ئیسرائیلە

دێتە عەدولام.

سەرتان بتاشن بۆ شیوەنگێڕان

لەسەر منداڵە نازدارەکانتان،

وەک سیسارکە کەچەڵ بن و مووتان بە سەرەوە نەبێ،

چونکە منداڵی ئێوە بە دیل گیراوی ڕاپێچ دەکەن.

Source notes (4)
  1. Footnote (بێت‌عۆفرا) واتا (ماڵی خۆڵ).‏
  2. Footnote دەربڕینێکی خوازەیە بۆ پایتەخت، مەبەست لە هەموو دانیشتووانی شارەکەیە.‏
  3. Footnote ئەکزیڤ واتا هەڵخەڵەتاندنە.‏
  4. Footnote لە زمانی عیبریدا دەنگی (مارێشا) نزیکەی وشەیەکی دیکە کە واتا (داگیرکەر).‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.