Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

مەتا 4

تاقیکردنەوەی عیسا

پاشان عیسا بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە بردرایە چۆڵەوانی، تاکو لەلایەن ئیبلیسەوە تاقی بکرێتەوە. دوای ئەوەی کە چل شەو و چل ڕۆژ بەڕۆژوو بوو، برسی بوو. تاقیکەرەوە لێی هاتە پێش، پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت1، بەم بەردانە بڵێ با ببن بە نان.»

بەڵام عیسا وەڵامی دایەوە: «نووسراوە: ﴿مرۆڤ تەنها بە نان ناژیێت، بەڵکو بە هەر وشەیەک کە لە دەمی خوداوە دێتە دەرەوە.﴾2»

ئینجا ئیبلیس بردییە شاری پیرۆز3 و لەسەر گوێسەبانەی4 پەرستگا ڕایگرت و پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت خۆت هەڵبدە خوارەوە. لەبەر ئەوەی نووسراوە:

«﴿سەبارەت بە تۆ فەرمان بە فریشتەکانی دەدات،

لەسەر دەستیان هەڵتدەگرن،

تاکو پێت بەر بەردێک نەکەوێت.﴾5»

عیساش پێی فەرموو: «هەروەها نووسراوە: ﴿یەزدانی پەروەردگارتان تاقی مەکەنەوە.﴾6»

دیسان ئیبلیس بۆ سەر شاخێکی زۆر بڵندی برد و هەموو شانشینەکانی جیهان و شکۆی ئەوانی پیشان دا و پێی گوت: «هەموو ئەمانەت دەدەمێ ئەگەر کڕنۆش ببەیت و بمپەرستی.»

ئینجا عیساش پێی فەرموو: «ئەی شەیتان لێم دووربکەوە! چونکە نووسراوە: ﴿کڕنۆش بۆ یەزدانی پەروەردگارت دەبەیت و تەنها ئەو دەپەرستیت.﴾7»

ئیتر ئیبلیس وازی لێ هێنا و چەند فریشتەیەک هاتن و خزمەتیان دەکرد.

مژدەبەخشین لە جەلیل

کاتێک عیسا بیستی یەحیا گیراوە، گەڕایەوە بۆ ناوچەی جەلیل. ناسیرەی بەجێهێشت و هات لە شاری کەفەرناحوم نیشتەجێ بوو، کە لەسەر دەریاچەیە، لە سنووری زەبولون و نەفتالی8، تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە گوتراوە بێتە دی:

﴿ئەی خاکی زەبولون و خاکی نەفتالی،

ئەوەی لە ڕێگای دەریایە، ئەوبەری ڕووباری ئوردون،

جەلیلی ناجولەکەکان،

ئەو گەلەی لە تاریکیدا دانیشتووە،

ڕووناکییەکی گەورەی بینی،

دانیشتووان لە خاکی سێبەری مەرگ

ڕووناکی بەسەریاندا هەڵهات.﴾9

لەو کاتەوە عیسا دەستی کرد بە جاڕدان و دەیفەرموو: «تۆبە بکەن، چونکە پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.»

هەڵبژاردنی قوتابییەکان

کاتێک عیسا بە کەناری دەریاچەی جەلیلدا دەڕۆیشت، دوو برای بینی، شیمۆن کە پێی دەگوترا پەترۆس لەگەڵ ئەندراوسی برای، تۆڕیان فڕێدەدایە دەریاچەکە، چونکە ماسیگر بوون. عیسا پێی فەرموون: «وەرن دوام بکەون، دەتانکەم بە ڕاوکەری مرۆڤ10.» دەستبەجێ تۆڕەکانیان بەجێهێشت و دوای کەوتن.

کە لەوێ ڕۆیشت، دوو برای دیکەی بینی، یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای، لە بەلەمێکدا لەگەڵ زەبدی باوکیان تۆڕەکانیان چاک دەکردەوە، ئەوانیشی بانگکرد. دەستبەجێ بەلەمەکە و باوکیان بەجێهێشت و دوای عیسا کەوتن.

عیسا نەخۆش چاک دەکاتەوە

ئینجا عیسا بە هەموو جەلیلدا دەگەڕا، لە کەنیشتەکانیان11 خەڵکی فێر دەکرد و مزگێنی12 پاشایەتییەکەی ڕادەگەیاند، هەرچی نەخۆشی و نەساغی نێو خەڵک هەبوو چاکی دەکردنەوە. لەبەر ئەوە دەنگوباسی تەواوی سوریای13 گرتەوە، ئەوانیش هەموو نەخۆشێکیان دەهێنایە لای، بە جۆرەها دەرد و ئازارەوە، ئەوانەی کە ڕۆحی پیسیان تێدابوو و فێدار و ئیفلیج بوون، چاکی دەکردنەوە. جا خەڵکێکی زۆر لە جەلیل و دە شارەکە14 و ئۆرشەلیم و یەهودیا و ئەوبەری ڕووباری ئوردون دوای کەوتن.

Source notes (14)
  1. Footnote بڕوانە لیستی زاراوەکان لە پاشکۆ.‏
  2. Footnote دواوتار 8‏:3‏ .‏
  3. Footnote شاری پیرۆز: مەبەستی لە ئۆرشەلیمە.‏
  4. Footnote سواندە.‏
  5. Footnote زەبوورەکان 91‏:11‏-12‏ ‏
  6. Footnote دواوتار 6‏:16‏ ‏
  7. Footnote دواوتار 6‏:13‏ ‏
  8. Footnote دوو ناوچەی بچووکن دەکەونە باکووری فەلەستین و ڕۆژئاوای دەریاچەی جەلیل، بە ناوی دووان لە کوڕەکانی حەزرەتی یاقوب ناونراون.‏
  9. Footnote ئیشایا 9‏:1‏-2‏ ‏
  10. Footnote مەبەست لە هێنانی خەڵکە بۆ ئەوەی ببەن بە قوتابی مەسیح.‏
  11. Footnote کەنیشت: بەو شوێنە دەگوترێت کە جولەکەکان نوێژ و خواپەرستی و خوێندنی تەوراتی لێ ئەنجام دەدەن.‏
  12. Footnote یۆنانی: ئیوانجیلیۆن‏، لە زمانی عەرەبی بووە بە ئینجیل. لە زمانی یۆنانی بە واتای مژدە دێت، بە تایبەتی ڕاگەیاندنی هاتنی پاشا، لێرەدا بۆ هاتنی مەسیح بەکارهاتووە.‏
  13. Footnote سوریا لەو سەردەمەدا بە خاکی باکووری جەلیل گوتراوە سوریا، کە هەرێمێکی ژێر دەسەڵاتی ڕۆمانی بووە.‏
  14. Footnote دە شارەکە: دیکاپۆلیس، دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.