Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

مەتا 11

عیسا و حەزرەتی یەحیا

پاش ئەوەی عیسا لە ڕێنمایی دوازدە قوتابییەکەی تەواو بوو، لەوێ ڕۆیشت و چوو بۆ فێرکردن و ڕاگەیاندنی پەیامی خودا لە شارۆچکەکانیان.

کاتێک یەحیا لە زینداندا کارەکانی مەسیحی بیست، قوتابییەکانی خۆی ناردە لای، لێیان پرسی: «ئایا تۆی ئەوەی کە دێت، یان چاوەڕێی یەکێکی دیکە بکەین؟»

عیساش لە وەڵامدا پێی فەرموون: «بڕۆن، ئەوەی دەیبیستن و دەیبینن بە یەحیای ڕابگەیەنن: کوێر دەبینێت، شەل دەڕوات، گەڕوگول پاک دەبێتەوە، کەڕ دەبیستێت، مردوو هەڵدەستێتەوە و هەژار مزگێنی پێدەدرێت1. خۆزگە دەخوازرێ بەوەی گومانم لێ ناکات.»

لە کاتێکدا قوتابییەکانی یەحیا دەڕۆیشتن، عیسا ڕووی لە خەڵکەکە کرد و سەبارەت بە یەحیا فەرمووی: «بۆ بینینی چی چوونە چۆڵەوانی؟ قامیشێک کە با دەیجوڵێنێتەوە؟ ئەی بۆ بینینی چی چوون؟ مرۆڤێک کە جلوبەرگی گرانبەهای پۆشیوە؟ نەخێر، ئەوانەی جلوبەرگی گرانبەها دەپۆشن لە کۆشکی پاشاکانن. ئیتر بۆ بینینی چی چوون؟ پێغەمبەرێک؟ بەڵێ، پێتان دەڵێم، لە پێغەمبەریش مەزنتر. یەحیا ئەو کەسەیە کە دەربارەی نووسراوە:

«﴿من نێردراوی خۆم لەپێشتەوە دەنێرم،

ئەوەی ڕێگات بۆ ئامادە دەکات.﴾2

ڕاستیتان پێ دەڵێم: لەنێو ئەوانەی لە ژن لەدایک بوون، کەس لە یەحیای لەئاوهەڵکێش پایەبەرزتر نییە، بەڵام بچووکترینی ئەوەی لە شانشینی ئاسمانە لەو پایەبەرزترە. لە ڕۆژانی یەحیای لەئاوهەڵکێشەوە هەتا ئێستا شانشینی ئاسمان بە هێز تێدەکۆشێت، تێکۆشەرانیش دەستی پێوەدەگرن3، چونکە هەموو پێغەمبەران و تەورات، هەتا هاتنی یەحیا پێشبینییان کردووە. ئەگەر دەتانەوێ پەسەندی بکەن، ئەم یەحیایە ئەو ئەلیاسەیە کە خەریکە بێت4. ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت!

«بەڵام ئەم نەوەیە بە چی بەراورد بکەم؟ لەو منداڵانە دەچن کە لە بازاڕەکاندا دانیشتوون و یەکتری بانگ دەکەن و دەڵێن:

«”زوڕنامان بۆ لێدان و هەڵنەپەڕین،

شینمان بۆ گێڕان و لە خۆتان نەدا.“

یەحیا هات، نەیدەخوارد و نەیدەخواردەوە، دەڵێن: ”ڕۆحی پیسی تێدایە.“ ئینجا کوڕی مرۆڤ هات، دەخوات و دەخواتەوە، دەڵێن: ”ئەمە کابرایەکی نەوسن و مەیخۆرە، هاوڕێی باجگران و گوناهبارانە.“ بەڵام دانایی ڕاستەقینە لە کردارەکانیەوە دەردەکەوێت.»

شارە گوناهبارەکان

ئینجا عیسا دەستی کرد بە سەرزەنشتکردنی ئەو شارانە کە زۆربەی پەرجووەکانی تێیاندا ئەنجام دابوو، چونکە تۆبەیان نەکردبوو. «قوڕبەسەرت، ئەی شاری خورازین! قوڕبەسەرت، ئەی بێت‌سەیدا! چونکە ئەو پەرجووانەی لەنێو ئێوەدا کران، ئەگەر لە سور و سەیدا بکرایە، ئەوا هەر زوو خەڵکەکەی بە جلوبەرگی گوش5 و لەناو خۆڵەمێشدا تۆبەیان دەکرد. بەڵام پێتان دەڵێم: لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا سزای سور و سەیدا سووکتر دەبێت لەوەی بۆ ئێوەیە. تۆش ئەی کەفەرناحوم، ئایا بۆ ئاسمان بەرز دەکرێیتەوە؟ نەخێر، تۆ بۆ جیهانی مردووان6 دەچیتە خوارەوە، چونکە ئەگەر ئەو پەرجووانەی کە لەنێو تۆدا کرا لە سەدۆمدا بکرابووایە، ئەوا تاکو ئەمڕۆ دەمایەوە. بەڵام پێتان دەڵێم: لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا سزای خاکی سەدۆم لە هی تۆ سووکتر دەبێت.»

وەرن بۆ لام، من دەتانحەسێنمەوە

لەو کاتەدا عیسا فەرمووی: «ئەی باوک سوپاست دەکەم، پەروەردگاری ئاسمان و زەوی، چونکە ئەمانەت لە دانا و تێگەیشتووان شاردووەتەوە و بۆ منداڵانت ئاشکرا کردووە. بەڵێ ئەی باوک، چونکە ئەمەت پێ باش بوو.

«باوکم هەموو شتێکی پێ سپاردووم، کەس کوڕەکە ناناسێت باوک نەبێت، کەسیش باوک ناناسێت تەنها کوڕەکە و ئەو کەسانە نەبێت کە کوڕەکە دەیەوێ بۆیانی ئاشکرا بکات.

«وەرن بۆ لام ئەی هەموو ماندووان و بارگرانەکان، من دەتانحەسێنمەوە. نیری7 من بخەنە سەر خۆتان و لە منەوە فێربن، چونکە دڵنەرم و بێفیزم، حەسانەوەش بۆ دەروونتان دەدۆزنەوە، چونکە نیرەکەم گونجاوە و بارم سووکە.»

Source notes (7)
  1. Footnote مەبەست لە هاتنی مەسیحە وەک ڕزگارکەر، بڕوانە لۆقا 4‏:18‏ ‏.‏
  2. Footnote مەلاخی 3‏:1‏ ‏
  3. Footnote بڕوانە لۆقا 16‏:16‏ ‏.‏
  4. Footnote بڕوانە مەلاخی 4‏:5،‏ ‏ پێش هاتنی ڕۆژی لێپرسینەوە ئەلیاس دێتەوە.‏
  5. Footnote لە کاتی ماتەمگێڕان و تۆبەکردندا جلوبەرگی لە گوش دروستکراویان لەبەرکردووە کە ئەزیەتی پێستیانی داوە.‏
  6. Footnote یۆنانی: هادیس‏: لە ئەندێشە یۆنانییەکان شوێنی ڕۆحی مردووانە لەدوای مردن و بەر لە حوکمدانی یەکجارەکی. بەرامبەر شیۆل‏ی پەیمانی کۆنە. بڕوانە پەیدابوون 37‏:35.‏ ‏
  7. Footnote نیر: دارێکە دەخرێتە سەر شانی گا یان ڕەشەوڵاخ بۆ ڕاکێشانی عەرەبانە یان ئامێری جووت.

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.