Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

لێڤییەکان 24

ڕێکخستنی زەیت و نان لەبەردەم یەزدان

هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکە با زەیتی زەیتوونی سادە و گوشراوت بۆ ڕووناکی بۆ بهێنن، هەتا چرا بەردەوام داگیرساو بێت. لەناو چادری چاوپێکەوتن، لە دەرەوەی پەردەی شوێنی هەرەپیرۆز، هارون لە ئێوارەوە هەتا بەیانی بە بەردەوامی چرادانەکە لەبەردەم یەزدان ڕێک دەخات. فەرزێکی هەتاهەتاییە بۆ نەوەکانتان. چراکە لەسەر چرادانەکەی کە لە زێڕی بێگەردە پێویستە بە بەردەوامی لەبەردەم یەزدان ڕێکبخرێت.

«باشترین ئاردیش دەبەیت و دەیکەیتە دوازدە کولێرە، بۆ هەر کولێرەیەک دوو دەیەکی ئێفەیەک1 بەکاردەهێنیت، دەیانکەیت بە دوو ڕیز، هەر ڕیزە و شەش کولێرە، لەسەر مێزە زێڕینە بێگەردەکە لەبەردەم یەزدان. لەسەر هەر ڕیزێکیش بخووری سادەی بێگەرد دادەنێیت، جا لەگەڵ کولێرەکە دەبێتە یادەوەری قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان. ئەم کولێرەیەش بە بەردەوامی هەموو ڕۆژێکی شەممە لەبەردەم یەزدان ڕێکدەخرێت، پەیمانێکی هەتاهەتاییە لە پێناو نەوەی ئیسرائیل. ئەمە بۆ هارون و کوڕەکانی دەبێت و لە شوێنێکی پیرۆز دەیخۆن، چونکە هەرەپیرۆزە لە قوربانییە بە ئاگرەکان بۆ یەزدان، بەشێکی چەسپاوە.»

بەردبارانی نەفرەتکەرێک

کوڕێک کە دایکی ئیسرائیلی و باوکی میسری بوو چووە نێو نەوەی ئیسرائیل و لە ئۆردوگاکە لەگەڵ پیاوێکی ئیسرائیلی بووە شەڕیان. کوڕی ژنە ئیسرائیلییەکە کفر و نەفرەتی سەبارەت بە ناوی یەزدان کرد، هێنایانە لای موسا، دایکیشی ناوی شەلۆمیتی کچی دبری بوو، لە هۆزی دان. لە شوێنێکیان دانا لەژێر چاودێری پاسەوان، هەتا بڕیاری یەزدانیان پێ ڕابگەیەنرێت.

جا یەزدان بە موسای فەرموو: «ئەوەی نەفرەتی کردووە، بیبە دەرەوەی ئۆردوگاکە، هەموو ئەوانەی گوێیان لێی بوو دەستیان لەسەر سەری دادەنێن و هەموو کۆمەڵەکە بەردبارانی دەکەن. لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلیش بدوێ و بڵێ: ”ئەوەی نەفرەت لە خودای خۆی بکات، ئەوا تاوانی لە ئەستۆی خۆی دەبێت. ئەوەی کفر سەبارەت بە ناوی یەزدان بکات، ئەوا دەکوژرێت، هەموو کۆمەڵەکە بەردبارانی دەکەن، بیانی و هاوڵاتی وەک یەک، کاتێک کفر سەبارەت بە ناوی یەزدان بکات، دەکوژرێت.

«”ئەگەر کەسێک کەسێکی کوشت ئەوا دەکوژرێت. ئەوەی ئاژەڵی کەسێکی دیکە بکوژێت، ئەوا قەرەبووی دەکاتەوە، گیان بە گیان. ئەگەر یەکێک شتێکی لە کەسێک کرد، چی کردووە ئاوای لێ دەکرێتەوە، شکان بە شکان و چاو بە چاو و ددان بە ددان، چی لەو کەسە کردووە ئاوای لێ دەکرێتەوە. ئەوەی ئاژەڵێک بکوژێت، قەرەبووی دەکاتەوە، بەڵام ئەوەی کەسێک بکوژێت دەکوژرێتەوە. یەک یاساتان دەبێت، بیانی وەک هاوڵاتی دەبێت، من یەزدانی پەروەردگارتانم.“»

جا موسا بە نەوەی ئیسرائیلی گوت، ئەوەی نەفرەتی کردووە، بیبەنە دەرەوەی ئۆردوگاکە و بەردبارانی بکەن. نەوەی ئیسرائیلیش ئاوایان کرد، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

Source notes (1)
  1. Footnote نزیکەی چوار لیتر و نیو.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.