Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

لێڤییەکان 17

قوربانیکردن بەبێ ڕێوڕەسمی دیاریکراو

هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «لەگەڵ هارون و کوڕەکانی و هەموو نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”ئەمە ئەو فەرمانەیە کە یەزدان فەرمانی پێدەدات و دەفەرموێت، هەرکەسێک لە گەلی ئیسرائیل گایەک یان بەرخێک یان گیسکێک لە ئۆردوگاکە یان لە دەرەوەی ئۆردوگاکە سەرببڕێت و نەیهێنێتە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن هەتا لەبەردەم چادری پەرستنی یەزدان قوربانی بۆ یەزدان پێشکەش بکات، ئەوا ئەو کەسە تاوانبارە لە خوێنڕشتن، خوێنی ڕشتووە، جا دەبێت ئەو کەسە لە گەلەکەی داببڕدرێت. ئەمەش بۆ ئەوەی نەوەی ئیسرائیل چیتر قوربانییەکانیان لە دەشتودەر سەر نەبڕن و بیانهێنن بۆ بەردەم دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و لەلای کاهین پێشکەشی یەزدان بکەن، وەک قوربانی هاوبەشی بۆ یەزدانیان سەرببڕن. کاهینەکەش خوێنەکە بەسەر قوربانگاکەی یەزداندا دەکات لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و پیوەکەی بۆ ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە دەیسووتێنێت. پێویستە لەمەودوا قوربانییەکان بۆ ئەو بتانە پێشکەش نەکەن کە لە شێوەی تەگە1 دروستکراون و لەشفرۆشیی2 ڕۆحییان بۆ دەکەن. ئەمە دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی بۆیان لە نەوەکانیان.“

«هەروەها پێیان دەڵێیت: ”هەرکەسێک لە گەلی ئیسرائیل و ئەو نامۆیانەی لەنێوتاندان ئەگەر قوربانی سووتاندن یان قوربانی بکات و نەیهێنێتە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن، بۆ ئەوەی بۆ یەزدانی بکات، ئەوا ئەو کەسە لە گەلەکەی دادەبڕدرێت.

خواردنی خوێن قەدەغەیە

«”هەروەها هەرکەسێک لە گەلی ئیسرائیل و ئەو نامۆیانەی لەنێوتاندان، ئەگەر خوێن بخوات، ئەوا ڕووم لەو کەسە وەردەگێڕم کە خوێن دەخوات و لە گەلەکەی ڕیشەکێشی دەکەم، چونکە ژیانی بوونەوەر لە خوێندایە و من لەسەر قوربانگا بە ئێوەی دەدەم بۆ کەفارەتکردن بۆ گیانتان، چونکە خوێن کەفارەت بۆ ژیان دەکات، بۆیە بە نەوەی ئیسرائیل دەڵێم: ’کەس لە ئێوە خوێن نەخوات و ئەو نامۆیەش کە لەنێوتاندایە خوێن نەخوات.‘

«”هەرکەسێک لە نەوەی ئیسرائیل و ئەو نامۆیانەی لەنێوتاندان، کە نێچیرێکی ڕاوکرد، ئاژەڵێکی کێوی یان باڵندەیەک لەوانەی دەخورێن، خوێنەکەی دەڕێژێت و بە خۆڵ دایدەپۆشێت، چونکە ژیانی هەر بوونەوەرێک خوێنەکەیەتی، جا بە نەوەی ئیسرائیلم گوت: ’خوێنی هیچ بوونەوەرێک مەخۆنەوە، چونکە ژیانی هەر بوونەوەرێک خوێنەکەیەتی، هەرکەسێک بیخوات لە گەل دادەبڕدرێت.‘

«”هەرکەسێکیش ئاژەڵێکی مرداربووەوە یان نێچیرێک3 بخوات، هاوڵاتی بێت یان نامۆ، دەبێت جلەکانی بشوات و خۆی بە ئاو بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت، ئینجا پاک دەبێتەوە. بەڵام ئەگەر جلەکانی نەشوات و خۆی نەشوات، تاوانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت.“»

Source notes (3)
  1. Footnote نێری، سابرێن.‏
  2. Footnote بە واتای لەشفرۆشی جەستەیی و ڕۆحیش دێت. بەو کەسە دەگوترێت کە لاف لێدەدات بەوەفایە بۆ یەزدان، بەڵام لە هەمان کاتدا ستایش و قوربانی بۆ خودایەکی دیکە دەکات. واتا لە بنەڕەتدا کەسەکە بێوەفایە لەگەڵ یەزدان، هەروەک چۆن پیاوێک بێوەفا بێت بەرامبەر بە ژنەکەی.‏
  3. Footnote مەبەست لە نێچیری بەردەم ئاژەڵی دڕندەیە.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.