Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

لێڤییەکان 12

پاکبوونەوەی ژنان لەدوای منداڵبوون

هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”ئەگەر ژنێک سکی پڕ بوو و کوڕێکی بوو، ئەوا بەپێی ڕێوڕەسم بۆ حەوت ڕۆژ گڵاو1 دەبێت، هەروەک لە ڕۆژانی خوێنلێچوونی مانگانەی گڵاو دەبێت. لە ڕۆژی هەشتەمدا کۆرپەکە خەتەنە دەکرێت، ئینجا دایکەکە سی و سێ ڕۆژی دیکە دەمێنێتەوە هەتا لە خوێن لێچوونەکەی پاک ببێتەوە، بەر هیچ شتێکی پیرۆز ناکەوێت و بۆ پیرۆزگا ناچێت، هەتا ڕۆژانی پاکبوونەوەی تەواو دەبێت. ئەگەر کچی بوو، ئەوا دوو هەفتە پاک نابێت، هەروەک لە خوێنلێچوونی بێت، ئینجا شەست و شەش ڕۆژی دیکە دەمێنێتەوە، هەتا لە زەیستانییەکەی2 پاک ببێتەوە.

«”کاتێک ڕۆژانی پاکبوونەوەی3 تەواو بوو، ئەگەر کوڕی بووبێت یان کچ، ئەوا بەرخێکی یەک ساڵە وەک قوربانی سووتاندن و بێچووە کۆترێک یان کوکوختییەک وەک قوربانی گوناه4 دەهێنێتە بەر دەروازەی چادری چاوپێکەوتن بۆ کاهینەکە. ئەویش لەبەردەم یەزدان پێشکەشی دەکات و کەفارەتی بۆ دەکات، ئینجا بەپێی ڕێوڕەسم لە خوێن لێچوونەکەی پاک دەبێتەوە.5

«”ئەوە ڕێنماییە بۆ ئەو ژنەی کوڕ یان کچی دەبێت. بەڵام ئەگەر دەستکورت بوو بەرخێک بهێنێت، ئەوا دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر، یەکێکیان بۆ قوربانی سووتاندن و ئەوی دیکە بۆ قوربانی گوناه، بەم شێوەیە کاهینەکە کەفارەتی بۆ دەکات و پاک دەبێتەوە.“»

Source notes (5)
  1. Footnote لە پەیمانی کۆن خوێن بە پیرۆز هەژمارد کراوە، بەڵام کاتێک ئافرەت دەکەوتە سووڕی مانگانە و خوێنی لێ دەرچوو، ئەو ماوەیە ئافرەتەکە بە گڵاو هەژمارد دەکرا. خۆشبەختانە لە پەیمانی نوێ بەهۆی عیسای مەسیحەوە بە پاک دادەنرێت. بڕوانە مەرقۆس 7‏:17‏-23.‏ ‏
  2. Footnote زەیستانی: منداڵبوون نابێتە هۆی گڵاوی، بەڵام مەبەستی پاکبوونەوەیە لە خوێنی زەیستانی.‏
  3. Footnote مریەم لە کاتی لەدایکبوونی عیسا ئەم نەریتەی جێبەجێ کرد، بڕوانە لۆقا 2‏:22‏-24.‏ ‏
  4. Footnote قوربانی گوناه: پێشکەشکردنی قوربانی لە پێناو گوناه یاخود تاوان، کاریگەری هەیە لەسەر دووبارە گەڕاندنەوەی مرۆڤ بۆ ناو ژیانی خواپەرستی.‏
  5. Footnote لە زمان و کەلتوری عیبری خوێن هێمای ژیانە، ژیانیش لەلایەن یەزدانەوە پیرۆزکراوە کە بەخشیویەتی. لەبەر ئەو هۆکارە بووە کە جولەکەکان ڕێگەیان نەدابوو بە خواردنی گۆشت کە خوێنی تێدابێت. ( پەیدابوون 9‏:4‏ ‏) هەموو لێچوونێکی خوێنیش پێویست بوو بە باشترین شێوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت. لەبەر ئەوە کوشتار و خوێنڕشتن بە کۆتایی پێهێنانی ژیان زانراوە، بۆیە لەلایەن یەزدانەوە پێویستی بە لێپرسینەوە هەیە ( پەیدابوون 9‏:5‏ ‏).‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.