Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

لێڤییەکان 1

قوربانی سووتاندن

یەزدان موسای بانگکرد و لە چادری چاوپێکەوتن قسەی لەگەڵ کرد و فەرمووی: «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”کاتێک یەکێک لە ئێوە قوربانییەکی لە ئاژەڵ بۆ یەزدان پێشکەش کرد، لە گاگەل و لە مێگەل قوربانییەکانتان پێشکەش بکەن.

«”ئەگەر قوربانییەکەی قوربانی سووتاندن1 لە گاگەل بێت، ئەوا نێری ساغ پێشکەش دەکات و دەیهێنێتە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن، بۆ ئەوەی مایەی ڕەزامەندی یەزدان بێت، دەستی لەسەر سەری قوربانی سووتاندنەکە دادەنێت و بۆ کەفارەتی2 لێی وەردەگیرێت. جوانەگاکەش3 لەبەردەم یەزدان سەردەبڕێت، نەوەی هارون کە کاهینەکانن، خوێنەکە دەهێنن و بەسەر هەموو لایەکی ئەو قوربانگایەدا دەیپرژێنن کە لەلای دەروازەکەی چادری چاوپێکەوتنە. قوربانی سووتاندنەکە کەوڵ دەکات و پارچەپارچەی دەکات، نەوەی هارونی کاهین ئاگرێک لەسەر قوربانگاکە دەکەنەوە و دار لەسەر ئاگرەکە ڕێک دەخەن. نەوەی هارونیش کە کاهینەکانن پارچەکانی لەگەڵ سەرەکەی و ئەو پیوەی4 لەسەر دارەکانی سەر ئاگری سەر قوربانگاکەیە ڕێکی دەخەن. هەناو و قاچەکانی بە ئاو دەشۆن و کاهینەکە هەموویان لەسەر قوربانگاکە دەسووتێنێت. قوربانی سووتاندنە، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.5

«”ئەگەر قوربانییەکەی لە ماڵات بوو، بەران یان گیسک، قوربانی سووتاندن بوو، ئەوا نێر و ساغ پێشکەش دەکات. لەلای قوربانگاکە ئەوەی بەلای باکوورە لەبەردەم یەزدان سەری دەبڕێت. نەوەی هارونیش کە کاهینەکانن خوێنەکەی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا دەپرژێنن. پارچەپارچەی دەکات و لەگەڵ سەرەکەی و پیوەکەی، کاهینەکەش لەسەر دارەکانی سەر ئاگری سەر قوربانگاکە ڕێکی دەخات. هەناو و قاچەکانی بە ئاو دەشوات و کاهینەکە هەموویان پێشکەش دەکات و لەسەر قوربانگاکە ئاگریان تێبەردەدات. ئەوەش قوربانی سووتاندنە، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.

«”ئەگەر قوربانییەکەشی بۆ یەزدان لە باڵندە بێت و قوربانی سووتاندن بێت، ئەوا قوربانییەکەی لە کوکوختی یان لە بێچووە کۆتر پێشکەش دەکات. کاهینەکەش بۆ قوربانگاکەی دەهێنێت و سەری دەقرتێنێت، لەسەر قوربانگاکە ئاگر دەکاتەوە، خوێنەکەی لەسەر لێواری قوربانگاکە دەگوشێت. چیکڵدانەکەی6 بەوەش کە لەناویەتی لێیدەکاتەوە و فڕێیدەداتە لای ڕۆژهەڵاتی قوربانگاکە بۆ شوێنی خۆڵەمێشەکە. لەنێوان باڵەکانیەوە کەرتی دەکات، تەواو لێکی ناکاتەوە، ئینجا کاهینەکە لەسەر قوربانگا لەسەر ئەو دارانەی لەسەر ئاگرەکەیە دەیسووتێنێت، قوربانی سووتاندنە، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.

Source notes (6)
  1. Footnote قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی (بڕوانە بەشی 3) بەردەوام پێشکەش دەکران، هەموو ڕۆژێک، دووپاتکردنەوە و یادکردنەوەی ئامادەبوونی یەزدان بوو لەگەڵ گەلەکەی. بەڵام تایبەتمەندێتی قوربانی سووتاندن لەوەدا بوو، کە هەموو قوربانییەکە پێشکەش بە یەزدان دەکرا.‏
  2. Footnote ئەم قوربانییەی کە تووڕەیی خودا لادەدات.‏
  3. Footnote لەو کاتەوە گوێرەکەی نێر لە شیر دەبڕدرێتەوە پێ دەڵێن (نۆبەن) یان (جوانەگا).‏
  4. Footnote پیوەکەی: واتا بەزەکەی.‏
  5. Footnote قوربانی سووتاندن دیارییەکی بەردەوام بوو بۆ یەزدان، کە لە مێژوودا پێی دەگوترا خواردنە بۆ یەزدان، بۆ بۆنکردن و خواردن. هەرچەندە لە ڕاستیدا ئەمەش بە شێوەیەکی بڵاو ناسراو بووە وەک دانانی سیفەتەکانی مرۆڤ بۆ خودا. بڕوانە زەبوورەکان 50‏:7‏-15.‏ ‏
  6. Footnote چیکڵدان: جیقڵدان.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.