Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

شینەکانی یەرمیا 4

چۆن زێڕ ڕەونەقی خۆی لەدەستدات،

زێڕی بێگەرد گۆڕا!

بەردەکانی پیرۆزگا پەرشوبڵاو بوونەوە

لەسەر سووچی هەموو شەقامێک.

چۆن کوڕە بەهادارەکانی سییۆن،

ئەوانەی بە زێڕی بێگەرد دەکێشران،

ئێستا بە گۆزەی گڵ دانران،

دەستکردی دەستی گۆزەکەر!

تەنانەت چەقەڵەکانیش گوانیان دەدەنە توولەکانیان

بۆ ئەوەی شیریان پێبدەن،

بەڵام گەلەکەی من دڵڕەقە

وەک وشترمرغ لە چۆڵەوانی.

لەبەر تینووێتی

شیرەخۆرە زمانی بە مەڵاشوویەوە نووسا.

منداڵەکان داوای نان دەکەن،

بەڵام کەس نییە بۆیان بشکێنێت.

ئەوانەی خواردنی خۆشیان دەخوارد

لە شەقامەکاندا وێران بوون،

ئەوانەی لەناو جلوبەرگی ئەرخەوانی بەخێو دەکران

لەسەر زبڵدانەکان پاڵ دەدەنەوە.

سزای تاوانی گەلەکەم گەورەتر بوو

لە سزای گوناهەکەی سەدۆم،

ئەوەی لە چرکەیەکدا سەرەوژێر بوو

بێ ئەوەی دەستی یارمەتی بۆ درێژ بکرێت.

میرەکانیان لە بەفر بێگەردتر بوون،

لە شیر سپیتر بوون،

جەستەیان لە یاقووت1 سوورتر بوو،

وەک یاقووتی شین2 بوون.

بەڵام ئێستا ڕەنگیان لە ڕەژوو ڕەشترە،

لە شەقامەکاندا ناناسرێنەوە.

پێستیان بە ئێسکیانەوە نووساوە

وەک تەختەدار وشک هەڵگەڕاوە.

ئەوانەی بە شمشێر کوژران باشتر بوون

لەوانەی بە قاتوقڕی مردن.

ئەوانە بە برسیێتی ئازاریان چێشت،

چونکە خواردن لە کێڵگە نەبوو.

دایکە میهرەبانەکان

بە دەستی خۆیان منداڵەکانیان لێنا،

کردیان بە خۆراک

کاتێک گەلەکەم لەناوچوو.

یەزدان تووڕەیی خۆی دەردەبڕێت،

هەڵچوونی بە جۆشی خۆی هەڵدەڕێژێت.

ئاگرێکی لە سییۆن بەرپا کرد

بناغەکانی سووتاند.

پاشاکانی زەوی و هەموو دانیشتووانی جیهان

باوەڕیان نەکرد

کە دوژمن و ناحەز

دێنە ناو دەروازەکانی ئۆرشەلیمەوە.

بەڵام لەبەر گوناهی پێغەمبەرەکانی3 و

تاوانی کاهینەکانی ڕوویدا،

ئەوانەی لە ناوەڕاستیدا

خوێنی ڕاستودروستانیان دەڕشت.

بە شەقامەکاندا وێڵ بوون

وەک کوێر.

خۆیان بە خوێن گڵاوکرد،

کەس ناتوانێت دەست لە جلەکانیان بدات.

خەڵک هاواریان لێ دەکەن: «ئەی گڵاوەکان، دووربکەونەوە!

دووربکەونەوە! دووربکەونەوە، دەستمان لێ مەدەن!»

کاتێک ڕایانکرد و وێڵ بوون،

لەناو گەلاندا گوتیان،

«جارێکی دیکە ناتوانن لێرە نیشتەجێ بن.»

یەزدان خۆی پەرتەوازەی کردن،

ئیتر چاودێرییان ناکات.

خەڵک ڕێزیان لە کاهینەکان نەگرت،

لەگەڵ پیرەکان میهرەبان نەبوون.

سەرباری ئەمەش، ئێمە چاومان کزبوو

بێهوودە لە چاوەڕوانی یارمەتی،

لە قوللەکانمان چاوەڕێ بووین

بۆ گەلێک کە ناتوانێت ڕزگارمان بکات.

تەڵەیان بۆ هەنگاوەکانمان ناوەتەوە

بۆ ئەوەی لە گۆڕەپانەکانماندا هاتوچۆ نەکەین.

کۆتاییمان نزیک بووەوە، چەند ڕۆژێکمان ماوە،

چونکە کۆتاییمان هات.

ئەوانەی ڕاویان دەناین سووکتر بوون

لە هەڵۆکانی ئاسمان،

بەسەر چیاکاندا شوێنمان کەوتن،

لە چۆڵەوانیدا بۆسەیان بۆمان نایەوە.

پاشای دەستنیشانکراوی یەزدان، ئەوەی هەناسەی ژیانمانە،

لە بۆسەکانیان گیرا،

ئەوەی گوتمان، لە سێبەری ئەودا

لەنێو گەلان دەژین.

ئەی کچی ئەدۆم، دڵخۆش و دڵشادبە،

ئەی دانیشتووانی خاکی عوچ.

بەڵام جامەکە بەسەر تۆشدا تێدەپەڕێت،

سەرخۆش دەبیت و ڕووت دەبیتەوە.

ئەی سییۆنی کچ، سزای تاوانەکەت تەواو دەبێت،

ڕاپێچکراوییەکەت درێژ ناکاتەوە.

بەڵام ئەی ئەدۆمی کچ، سزای تاوانەکەی تۆ دەدات،

گوناهەکەت ئاشکرا دەکات.

Source notes (3)
  1. Footnote یاقووت: گەوهەری سووری تێر.‏
  2. Footnote یاقووتی شین: دەشێت وەک لاجیوەرد بێت.‏
  3. Footnote مەبەستی لەوانەیە کە خۆیان وەک پێغەمبەر دەناساند و لە ڕاستیشدا پێغەمبەر نەبوون. بڕوانە یەرمیا 5‏:31؛ 6‏:13.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.