Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

یەشوع 3

پەڕینەوە لە ڕووباری ئوردون

بەیانی زوو یەشوع لەگەڵ هەموو نەوەی ئیسرائیل لە شەتیمەوە کۆچیان کرد و هاتنە لای ڕووباری ئوردون، بەر لەوەی بپەڕنەوە لەوێ مانەوە. پاش سێ ڕۆژ کوێخاکان بەناو ئۆردوگاکەدا گەڕان و فەرمانیان بە گەل کرد و گوتیان: «کاتێک کە سندوقی پەیمانی یەزدانی پەروەردگارتان دەبینن، کاهینە لێڤییەکان هەڵیانگرتووە، لە شوێنەکانی خۆتان کۆچ بکەن و لەدوایەوە بڕۆن. بەڵام با ماوەی نێوان ئێوە و سندوقەکە بە پێوانە دوو هەزار باڵ1 بێت و لێی نزیک مەبنەوە بۆ ئەوەی ئەو ڕێگایە بزانن کە پێیدا دەڕۆن، چونکە ئێوە پێشتر بەم ڕێگایەدا نەڕۆیشتوون.»

یەشوع بە گەلی گوت: «خۆتان تەرخان بکەن، چونکە یەزدان بەیانی لەنێوتاندا کاری سەرسوڕهێنەر دەکات.»

هەروەها یەشوع بە کاهینەکانی گوت: «سندوقی پەیمان هەڵبگرن و بە بەردەم گەلدا تێپەڕ بن.» ئەوانیش سندوقی پەیمانیان هەڵگرت و لەپێش گەل ڕۆیشتن.

ئینجا یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «لە ئەمڕۆوە دەست دەکەم بە پایەبەرزکردنەوەت لەلای هەموو نەوەی ئیسرائیل، بۆ ئەوەی بزانن چۆن لەگەڵ موسادا بووم ئاواش لەگەڵ تۆدا دەبم. بەڵام تۆ فەرمان بە کاهینەکانی هەڵگری سندوقی پەیمان بکە و پێیان بڵێ: ”کاتێک دەگەنە کەنار ئاوی ڕووباری ئوردون، لەناو ڕووباری ئوردوندا بوەستن.“»

هەروەها یەشوع بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: «وەرنە پێشەوە بۆ ئێرە و گوێ لە فەرمایشتی یەزدانی پەروەردگارتان بگرن.» ئینجا یەشوع گوتی: «بەمە دەزانن کە خودای زیندوو لەنێوتاندایە، کەنعانی، حیتی، حیڤی، پریزی، گرگاشی، ئەمۆری و یەبوسییەکان لەبەردەمتاندا بە تەواوی دەردەکات. ئەوەتا سندوقی پەیمانی پەروەردگاری هەموو زەوی لەپێشتانەوە بۆ ناو ڕووباری ئوردون دەپەڕێتەوە. ئێستاش دوازدە پیاو لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل بۆ خۆتان هەڵبژێرن، لە هەر هۆزە و پیاوێک. ئینجا کاتێک پێی کاهینەکانی هەڵگری سندوقی یەزدان، پەروەردگاری هەموو زەوی، لەناو ئاوی ڕووباری ئوردون جێگیر دەبێت، ئاوی ڕووباری ئوردون، ئەو ئاوەی کە لە سەرەوە دێت شەق دەبێت و لە یەک بەربەستدا پەنگدەخواتەوە.»2

جا کاتێک گەل لە چادرەکانیانەوە کۆچیان کرد، تاکو لە ڕووباری ئوردون بپەڕنەوە، کاهینەکانی هەڵگری سندوقی پەیمانیش لەپێشیانەوە بوون. بە درێژایی ڕۆژانی دروێنە ڕووباری ئوردونیش دەبووە لافاو، بەڵام لە کاتی هاتنی هەڵگرانی سندوقەکە بۆ ناو ڕووباری ئوردون و نوقومبوونی پێی کاهینەکانی هەڵگری سندوقەکە لەناو ئاوی کەنارەکە، ئەو ئاوەی لە سەرەوە دەهاتە خوارەوە لە ڕۆیشتن وەستا. لە دوورییەکی زۆرەوە لە شارۆچکەی ئادام لە بەربەستێک پەنگی خواردەوە، ئەو شارۆچکەیەی کە لەتەنیشت چەرەتانە، هەروەها ئەو ئاوەی کە دەڕژایە ناو دەریای عەراڤا واتا دەریای مردوو3 بە تەواوی بڕا و گەل بەرەو ئەریحا پەڕینەوە. کاهینەکانی هەڵگرانی سندوقی پەیمانی یەزدان لەسەر وشکانی لە ناوەڕاستی ڕووباری ئوردون بە جێگیری وەستان و هەموو ئیسرائیلیش بەسەر وشکانیدا پەڕینەوە، هەتا هەموو نەتەوەکە لە ڕووباری ئوردون تەواو پەڕینەوە.

Source notes (3)
  1. Footnote دوو هەزار باڵ: نزیکەی 900 مەتر.‏
  2. Footnote ڕادەوەستێت: بڕوانە دەرچوون 15‏:8‏ ‏.‏
  3. Footnote دەریای مردوو: عیبری: دەریای خوێ.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.