Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

یەشوع 14

دابەشکردنی خاکی ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردون

لە خاکی کەنعان، نەوەی ئیسرائیل ئەمەیان بۆ بوو بە میرات، ئەوەی ئەلعازاری کاهین و یەشوعی کوڕی نون و سەرۆکەکانی باوکانی هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل بەسەریاندا دابەشکردن وەک میرات. میراتەکەیان بە تیروپشک بوو بۆ نۆ هۆزەکە و نیو هۆزەکە، هەروەک یەزدان لە ڕێگەی موساوە فەرمانی دا. موسا میراتی دوو هۆزەکە و نیو هۆزەکەی لەوبەری ڕووباری ئوردوندا بەلای ڕۆژهەڵاتدا دابوو، بەڵام لەناو ئەواندا هیچ میراتی بە لێڤییەکان نەدا، چونکە نەوەی یوسف دوو هۆز بوون، مەنەشە و ئەفرایم. لە خاکەکەدا هیچ بەشێکیان بە لێڤییەکان نەدا، تەنها چەند شارۆچکەیەک نەبێت بۆ نیشتەجێبوون و دەوروبەری شارۆچکەکان، بۆ لەوەڕگای ڕەشەوڵاخ و مەڕوماڵاتیان. هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو، نەوەی ئیسرائیل ئاوایان کرد و خاکەکەیان دابەش کرد.

حەبرۆن بە کالێب دەدرێت

ئینجا نەوەی یەهودا لە گلگالدا چوونە پێش بۆ لای یەشوع، کالێبی کوڕی یەفونەی قەنیزی بە یەشوعی گوت: «تۆ ئەو قسەیە دەزانیت کە یەزدان لە قادێش بەرنێعدا لەبارەی من و تۆوە بە موسای پیاوی خودای فەرموو. لەو کاتەدا کە موسای بەندەی یەزدان منی لە قادێش بەرنێعەوە نارد بۆ ئەوەی سیخوڕیێتیی خاکەکە بکەم، تەمەنم چل ساڵ بوو، منیش گەڕامەوە و ئەو هەواڵەی لە دڵمدا بوو پێم ڕاگەیاند. هەرچەندە براکانم ئەوانەی لەگەڵ من بوون گەلیان ترساند، بەڵام من بە هەموو دڵمەوە بەدوای یەزدانی پەروەردگارم کەوتم. جا موسا لەو ڕۆژە سوێندی خوارد: ”ئەو خاکەی تۆ پێت نایە سەری هەتاهەتایە دەبێتە میراتی خۆت و کوڕەکانت، چونکە بە هەموو دڵتەوە بەدوای یەزدانی پەروەردگارم کەوتیت.“1

«ئێستا تەماشا بکە، یەزدان هەروەک فەرمووی، ئەم چل و پێنج ساڵە منی بە زیندوویی هێشتووەتەوە، لەو کاتەوە کە یەزدان بەم قسانە لەگەڵ موسادا دوا، کاتێک ئیسرائیل بە چۆڵەوانیدا ڕۆیشت. ئێستاش ئەوەتا تەمەنم هەشتا و پێنج ساڵە! هێشتا هەتا ئەمڕۆش هێزم لەبەردا ماوە، هەروەک ئەو ڕۆژەی کە موسا منی نارد، ئەو کاتە هێزم چۆن بوو، ئێستاش هەمان هێزی چوونە ناو جەنگم هەیە. ئێستاش ئەم ناوچە شاخاوییانەم بدەرێ کە یەزدان لەو ڕۆژەدا بەڵێنی پێدام، چونکە تۆ لەو ڕۆژەدا بیستت کە عەناقییەکان لەوێن و شارەکانیان گەورە و قەڵابەند بوون. بەڵکو یەزدان یارمەتیم بدات، جا دەریاندەکەم، هەروەک یەزدان فەرمووی.»

یەشوعیش داوای بەرەکەتی بۆ کالێبی کوڕی یەفونە کرد و حەبرۆنی بە میرات پێدا. لەبەر ئەوە حەبرۆن بووە میراتی کالێبی کوڕی یەفونەی قەنیزی هەتا ئەمڕۆش، چونکە بە هەموو دڵییەوە بەدوای یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل کەوت. حەبرۆنیش پێشتر ناوی قیریەت ئەربەع بوو، ئەربەعیش گەورەترین پیاو بوو لەناو عەناقییەکان.

ئینجا خاکەکە لە جەنگ پشووی دا.

Source notes (1)
  1. Footnote بڕوانە دواوتار 1‏:36‏ .‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.