Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
یۆحەنا 14
ماڵی باوکم
«نیگەران مەبن. پشت بە خودا ببەستن1، پشت بە منیش ببەستن. ماڵی باوکم ژووری زۆری لێیە، ئەگەر ئاوا نەبووایە پێم دەگوتن. من دەچم تاکو شوێنتان بۆ ئامادە بکەم. جا کە ڕۆیشتم و شوێنم بۆ ئامادەکردن، دێمەوە و دەتانبەمە لای خۆم، تاکو ئێوەش لەو شوێنە بن کە من لێی دەبم. ئێوەش ڕێگای ئەو شوێنە دەزانن کە بۆی دەچم.»
منم ڕێگا و ڕاستی و ژیان
تۆماس پێی گوت: «گەورەم، نازانین بۆ کوێ دەچیت، چۆن ڕێگاکە بزانین؟»
عیساش پێی فەرموو: «منم ڕێگا و ڕاستی و ژیان. کەس نایەتە لای باوک لە ڕێگەی منەوە نەبێت. ئەگەر ئێوە منتان بناسیایە، باوکیشمتان دەناسی. لە ئێستاوە دەیناسن و بینیوتانە.»
فیلیپۆس پێی گوت: «گەورەم، باوکمان پیشان بدە و بەسمانە.»
عیساش پێی فەرموو: «فیلیپۆس، ئایا تەنانەت لەدوای ئەم ماوە زۆرەش کە لەگەڵتانم، نەتناسیوم؟ ئەوەی منی بینیوە باوکی بینیوە. ئیتر چۆن دەڵێی: ”باوکمان نیشان بدە“؟ ئایا باوەڕ ناکەی من لە باوکدام و باوکیش لە مندایە؟ ئەو قسانەی پێتانی دەڵێم لە خۆمەوە نایڵێم، بەڵکو باوک کە لە مندا نیشتەجێیە، ئەو کارەکانی خۆی دەکات. باوەڕم پێ بکەن کە من لە باوکدام و باوکیش لە مندایە، ئەگەر نا بەهۆی کارەکان خۆیانەوە باوەڕ بکەن. ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، ئەو کارانە دەکات کە من دەیکەم، لەمانەش گەورەتر2 دەکات، چونکە بۆ لای باوک دەچم. هەرچییەک بە ناوی منەوە داوا بکەن دەیکەم، تاکو باوک لە کوڕەکەدا شکۆدار بێت. ئەگەر شتێکتان بە ناوی منەوە داوا کرد، دەیکەم.
بەڵێنی هاتنی ڕۆحی پیرۆز
«ئەگەر منتان خۆشبوێ کار بە ڕاسپاردەکانم دەکەن. منیش داوا لە باوک دەکەم یارمەتیدەرێکی3 دیکەتان4 بداتێ کە هەتاهەتایە لەگەڵتان بمێنێتەوە، ڕۆحی ڕاستی، کە جیهان ناتوانێت وەریبگرێت، چونکە نایبینێت و نایناسێت. بەڵام ئێوە دەیناسن، چونکە لەگەڵتان دەمێنێتەوە و لەناو ئێوەدا دەبێت. بە هەتیوی بەجێتان ناهێڵیم، دێمەوە لاتان. پاش ماوەیەکی کەم ئیتر جیهان نامبینێت، بەڵام ئێوە دەمبینن. لەبەر ئەوەی من زیندووم، ئێوەش دەژین. لەو ڕۆژەدا دەزانن من لە باوکمدام، ئێوەش لە مندان، منیش لە ئێوەدام. ئەوەی ڕاسپاردەکانی منی لەلایە و کاریان پێ دەکات، ئەوا منی خۆشدەوێت. ئەوەی منی خۆشبوێ، باوکیشمی خۆشدەوێت، منیش خۆشمدەوێت و خۆمی بۆ دەردەخەم.»
ئینجا یەهوزایەکی دیکە، کە یەهوزای ئەسخەریوتی نەبوو، لێی پرسی: «گەورەم، بۆچی دەتەوێ خۆت بۆ ئێمە دەربخەیت، بەڵام بۆ جیهان نا؟»
عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەوەی منی خۆشبوێ کار بە وتەکانم دەکات، باوکیشم خۆشی دەوێت و من و باوک دێینە لای و لەلای ئەویش نیشتەجێ دەبین. ئەوەش کە منی خۆشناوێت کار بە وتەکانم ناکات. ئەم وتانەی گوێتان لێی دەبێت هی من نییە، بەڵکو هی ئەو باوکەیە کە ناردوومی.
«ئەمانەم پێ گوتن کە هێشتا لەلاتانم. بەڵام یارمەتیدەرەکە، ڕۆحی پیرۆز، ئەوەی باوک بە ناوی منەوە دەینێرێت، ئەو هەموو شتێکتان فێردەکات و هەموو ئەو شتانەی پێم گوتوون بیرتان دەخاتەوە5.
ئاشتی عیسا
«ئاشتیتان بۆ بەجێدەهێڵم، ئاشتی خۆمتان دەدەمێ. ئەوەی من دەتاندەمێ وەک ئەوە نییە کە جیهان دەتانداتێ. نیگەران مەبن و مەترسن.
«گوێتان لێبوو پێم گوتن: ”دەڕۆم و دێمەوە لاتان.“ ئەگەر منتان خۆشبوێ، دڵشاد دەبن کە دەچمە لای باوک، چونکە باوک لە من مەزنترە. ئەوەتا ئێستا پێش ڕوودانی پێم گوتن، تاکو کاتێک ڕوویدا باوەڕ بهێنن. لەمەولا زۆر قسەتان لەگەڵ ناکەم، چونکە سەرۆکی ئەم جیهانە6 وا دێت. هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر مندا نییە، بەڵام ئەو دێت تاکو جیهان بزانێت باوکم خۆشدەوێت و بەو شێوەیە کار دەکەم کە باوک ڕایسپاردووم.
«هەستن، با لێرە بڕۆین.
Source notes (6)
- Footnote ئەم دەربڕینە لە یۆنانیدا دوو واتا دەبەخشێت. لەمە نزیکترە کە دانراوە، بەم واتایەش دێت: (باوەڕ بە خودا بکەن.)
- Footnote بە واتای لە ژمارە بەدەر و بێ سنووری جوگرافی.
- Footnote لە زمانی یۆنانی بە واتای ئەوەی بانگکراوە و دێتە تەنیشتت بۆ یارمەتیدانت، مەبەستی لە ڕۆحی پیرۆزە کە شوێنی مەسیح دەگرێتەوە لە یارمەتیدانمان.
- Footnote بە زمانی یۆنانی بە واتای (دیکە) لە هەمان جۆر دێت.
- Footnote بەڵێنێکی تایبەتە بۆ ئەوانەی گوێیان لە وتەکانی مەسیح بووە بە هاتنی سروش بۆ نووسینەوەی ئینجیلی پیرۆز.
- Footnote شەیتان.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.