Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

ئەیوب 40

یەزدان بە ئەیوبی فەرموو:

«ئایا ئەوەی ڕکابەری لەگەڵ توانادارەکە دەکات مافی ئەوەی هەیە سەرزەنشتی بکات؟

ئەوەی خودا تاوانبار دەکات با وەڵام بداتەوە!»

ئەیوبیش وەڵامی یەزدانی دایەوە:

«من وا سووکوچروکم، چۆن وەڵامت بدەمەوە؟

من دەست دەخەمە سەر دەمی خۆم.

جارێک قسەم کرد و بێ وەڵام بووم،

دوو جار و ئیتر دووبارەی ناکەمەوە.»

یەزدانیش لە گەردەلوولەکەوە وەڵامی ئەیوبی دایەوە و فەرمووی:

«ئێستا وەک پیاو پشتێنەکەی خۆت توند بکە؛

من پرسیارت لێ دەکەم و

تۆش وەڵامم بدەوە.

«ئایا دادپەروەریم دەخەیتە گومانەوە،

تاوانبارم دەکەیت بۆ ئەوەی خۆت بە ڕاستودروست دەربخەیت؟

یان بازووێکت وەک خودا هەیە و

بە دەنگێکی وەک دەنگی ئەو دەگرمێنیت؟

ئێستا بە پایەبەرزی و سەرفرازی خۆت بڕازێنەوە،

ڕێز و شکۆمەندی بپۆشە.

لافاوی تووڕەییەکەت بڕێژە و

تەماشای هەموو لووتبەرزێک بکە و نزمی بکەرەوە،

سەیری هەموو خۆبەزلزانێک بکە و زەلیلی بکە،

لە جێی خۆیان پێ بە خراپەکاراندا بنێ.

تێکڕا لەناو خۆڵ نوقومیان بکە،

لە تاریکیدا ڕوویان بەند بکە.

منیش دان بەوەدا دەنێم،

کە دەستی ڕاستی خۆت دەتوانێت ڕزگارت بکات.

«سەیری بەهێمۆت1 بکە،

کە لەگەڵ تۆ دروستم کرد

وەک مانگا گیا دەخوات.

ئەوەتا هێزەکەی لە کەمەریەتی و

تواناکەی لە ماسوولکەکانی سکیەتی.

کلکی وەک داری ئورز شۆڕ دەکاتەوە؛

ماسوولکەکانی ڕانی یەکیان تەنیوە.

ئێسکەکانی لوولەی بڕۆنزن،

چوارپەلی وەکو لوولەی ئاسنن.

ئەو سەرەتای کارەکانی خودایە،

بەڵام دروستکەرەکەی دەتوانێت بە شمشێر لێی نزیک بێتەوە.

چیاکان سەوزایی بۆ دەردەخەن و

هەموو ئاژەڵی کێوی لەتەنیشتی یاری دەکەن.

لەژێر درەختەکانی لۆتس2 ڕادەکشێت،

خۆی دەشارێتەوە لەنێو قامیشی زۆنگەکاندا.

درەختەکانی لۆتس بە سێبەرەکانیان دایدەپۆشن؛

شۆڕەبی کەنار جۆگەکان دەوری دەدەن.

ئەگەر ئاوی ڕووبار هەستێت یان ڕووباری ئوردونیش تەووژم بۆ دەمی بهێنێت،

ئەو دڵنیایە و ترسی لێ نانیشێت.

ئایا کەس دەتوانێت ڕوو بە ڕوو ڕاوی بکات،

یان بە تەڵە بیگرێت و لووتی کون بکات؟

Source notes (2)
  1. Footnote گیانلەبەرێکی زۆر گەورە بووە.‏
  2. Footnote درەختێکی دڕکاوییە لە ڕۆژهەڵاتی دەریا ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا هەیە، لە ناوچەی گەرم شێدار دەڕوێت و بە پڕی لە دەوروبەری دەریاچەی جەلیل هەیە.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.