Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
ئەیوب 4
وەڵامی یەکەمی ئەلیفاز
ئینجا ئەلیفازی تێمانی وەڵامی دایەوە:
«ئەگەر یەکێک قسەیەک بکات دڵگران دەبیت؟
بەڵام کێ دەتوانێت لە قسەکردن ڕابوەستێت؟
لە یادت بێ تۆ ڕێنمایی زۆر کەست کردووە و
دەستە شلبووەکانت توند کردووە.
قسەکانت ئەوانەی هەستاندەوە کە کەوتوون و
ئەژنۆ لەرزۆکەکانت چەسپاند.
بەڵام ئێستا کە خۆت تووشی تەنگانە بوویت، ورەت بەرداوە،
لەوەی کە بەسەر خۆت هاتووە، پەرێشان بوویت.
ئایا پشت بە لەخواترسییەکەت نابەستیت؟
ئایا بێ کەموکوڕییەکەت هیوابەخش نییە؟
«بەبیر خۆتی بهێنەرەوە، بێتاوانێکت بینیوە فەوتابێت،
یاخود کەسە سەرڕاستەکان لەناوچووبن؟
وەک بینیوتە، ئەوانەی خراپە دەکێڵن و
چەرمەسەری دەچێنن، خۆیان دروێنەی دەکەن.
بە هەناسەی خودا لەناودەچن و
بە بای تووڕەییەکەی نامێنن.
مڕەمڕی شێر و دەنگی نەڕەی و
کەڵبەی شێرەکان شکێنران.
شێر دەفەوتێت لەبەر نەبوونی نێچیر و
بەچکەی شێرەکە پەرتەوازە دەبن.
«وشەیەک بۆ لای من دزەی کرد،
گوێم چرپەیەکی بیست.
لە مۆتەکەی1 شەومدا
کاتێک مرۆڤ خەوێکی قووڵ دەیباتەوە،
ترس و تۆقینێک منی داگرت و
هەموو ئێسکەکانم لەرزین.
ڕۆحێک بە بەردەممدا تێپەڕی و
مووەکانی لەشم مووچڕکەیان پێدا هات.
ڕاوەستا،
بەڵام نەمزانی چی بوو،
شێوەیەک لەبەرچاوم بوو،
چرپەیەک و دەنگێکم بیست:
”ئایا مرۆڤ لە خودا ڕاستودروستترە،
یان پیاو لە بەدیهێنەرەکەی بێگەردتر دەبێت؟
ئەگەر خودا متمانە بە خزمەتکارەکانی نەکات و
گومڕایی بخاتە پاڵ فریشتەکانی،
ئەی چەند زیاتر متمانە بە دانیشتووانی ناو خانووی قوڕ ناکات،
ئەوانەی بنەچەیان لە خۆڵەوەیە و
وەک مۆرانە پان دەکرێنەوە.
لەنێوان بەیانی و ئێوارەدا تێکدەشکێنرێن،
بێ ئەوەی کەس ئاگای لێیان بێت بۆ هەتاهەتایە لەناودەچن.
ئایا گوریسی ڕەشماڵەکانیان هەڵنەکێشراوە،
تاکو بەبێ دانایی بمرن؟“
Source notes (1)
- Footnote خەونێکی ناخۆش.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.