Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

ئەیوب 32

ئەلیهو

ئیتر ئەو سێ پیاوە وازیان لە وەڵامدانەوەی ئەیوب هێنا، چونکە ئەو خۆی بە ڕاست دەزانی. بەڵام ئەلیهوی کوڕی بەرەخێلی بووزی لە هۆزی ڕام لە ئەیوب تووڕە بوو. تووڕەیی جۆشا، چونکە ئەیوب خۆی بە بێتاوان دادەنا و گلەیی لە خودا دەکرد. لە سێ هاوڕێکەشی تووڕە بوو، چونکە لەگەڵ ئەوەی نەیاندەتوانی بە هیچ شێوەیەک بەرپەرچی ئەیوب بدەنەوە، ئەیوبیان تاوانبار کرد. ئەلیهوش لەسەر ئەیوب ئارامی گرت، چونکە ئەوان لەو بە تەمەنتر بوون. کاتێک ئەلیهو بینی هیچ وەڵامێک لە دەمی ئەو سێ پیاوەدا نییە، تووڕە بوو.

ئیتر ئەلیهوی کوڕی بەرەخێلی بووزی وەڵامی دایەوە:

«من تەمەنم کەمە و

ئێوەش پیرن؛

لەبەر ئەوە نەوێرام و ترسام

بیروڕای خۆمتان پێ بڵێم.

گوتم: ”با تەمەن قسە بکات و

با زۆری ساڵان دانایی ڕابگەیەنن.“

بەڵام ڕۆحی مرۆڤ هەناسەی خودای هەرە بەتوانایە،

ئەوە کە تێگەیشتن بە مرۆڤ دەبەخشێت.

تەنها ئەوانەی تەمەن درێژن دانا نین و

تەنها پیران نین کە لە دادوەری تێدەگەن.

«لەبەر ئەوە دەڵێم: گوێم لێ بگرن؛

منیش بیروڕای خۆم ڕادەگەیەنم.

ئەوەتا من ئارامم گرت لەسەر قسەکانتان،

گوێم شل کرد بۆ بەهانەکانتان؛

هەتا قسەکانتان تاقی کردەوە

لێتان وردبوومەوە.

بەڵام کەستان بەڵگەتان لە دژی بەهانەی ئەیوب نەهێنایەوە و

وەڵامی بەهانەکانی ئەوتان نەدایەوە.

لەبەر ئەوە مەڵێن: ”داناییمان دۆزییەوە؛

با خودا بەرپەرچی ئەیوب بداتەوە، نەک مرۆڤ.“

ئەیوب قسەکانی ئاراستەی من نەکردووە و

منیش بە قسەکانی ئێوە وەڵامی نادەمەوە.

«واقیان وڕماوە و هیچ وەڵامیش نادەنەوە؛

قسەیان لێ داماڵرا.

ئێستا کە بێدەنگن، ئایا دەبێت چاوەڕێ بکەم،

کە لەوێ ڕادەوەستن بەبێ وەڵام؟

ئێستا منیش بەشی خۆم وەڵام دەدەمەوە؛

منیش بیروڕای خۆم ڕادەگەیەنم،

چونکە پڕم لە قسەکردن و

ڕۆحی ناخم تەنگاوم دەکات؛

ئەوەتا ناخم وەک شەرابێکە سەرەکەی نەکرابێتەوە،

وەک مەشکەیەکی نوێیە خەریکە بدڕێت.

قسە دەکەم با ئاهێکم بەبەردا بێتەوە؛

لێوەکانم دەکەمەوە و وەڵام دەدەمەوە.

لایەنگری کەس ناکەم و

مەرایی هیچ کەسێکیش ناکەم؛

چونکە زمانلووسی نازانم

جارێ دروستکەرەکەم نامبات.

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.