Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
ئەیوب 28
دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە؟
زیو کانی هەیە و
بۆ زێڕیش شوێنێک هەیە بۆ پاڵاوتنی.
ئاسن لە خۆڵ دەردەهێنرێت،
مسیش لە توانەوەی بەرد.
مرۆڤ کۆتایی بە تاریکی دەهێنێت؛
لەناو تاریکی سێبەری مەرگ
بۆ بەردی کانزایی دوورترین کون و کەلەبەرەکان دەپشکنن.
کانێکی لێدا دوور لە خەڵکی،
لە شوێنێکی لەبیرکراو لەلایەن ڕێبوارانەوە؛
شۆڕ کرانەوە و دوور لە خەڵکی جۆلانەیان پێکرا.
زەوی ئەوەی کە نانی لێوە دەردەهێنرێت،
لە ژێرەوە دەگۆڕدرێت بە چەشنی ئاگر؛
بەردەکانی یاقووتی شینی1 تێدایە و
لە خۆڵەکەیدا زێڕ هەیە.
ڕێگایەک کە مەلە گۆشتخۆرەکان پێی نازانن و
چاوی هەڵۆ نایبینێت.
ئاژەڵە دڕندەکان پێیدا نەڕۆیشتوون،
شێر پێیدا تێنەپەڕیوە.
مرۆڤ دەستدرێژی دەکاتە سەر بەرد،
بنکەی چیاکان دەردەخات.
لە تاشەبەردەکان تونێل دەکات؛
چاوەکانی هەموو شتێکی گرانبەها دەبینێت.
ئاودزی ڕووبارەکان دەپشکنێت و
ئەوەی شاراوەیە دەیخاتە بەر ڕووناکی.
بەڵام دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە و
تێگەیشتن لەکوێ نیشتەجێیە؟
مرۆڤ نرخەکەی نازانێت و
لە خاکی زیندوواندا نادۆزرێتەوە.
قووڵایی ژێر زەوی2 دەڵێت: «لەناو مندا نییە،»
دەریا دەڵێت: «لەلای من نییە.»
دانایی نە زێڕی بێگەرد لە جیاتی دەدرێت و
نە بە زیویش نرخەکەی دەکێشرێت.
نە بە زێڕی ئۆفیر و نە بە بەردی عاشقبەندی گرانبەها و
نە بە یاقووتی شین دەکێشرێت.
نە زێڕ و نە بلور هاوتایەتی،
نە بە دەفرێکی زێڕی بێگەرد دەگۆڕدرێتەوە.
لە پاڵ ئەودا نە مەرجان و نە یەشب باسیان ناکرێت و
نرخی دانایی لە یاقووت بەهادارترە.
یاقووتی زەردی کوش هاوتای نابێت و
بە زێڕی بێگەرد ناکێشرێت.
ئیتر دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە و
تێگەیشتن لەکوێ نیشتەجێیە؟
لەبەرچاوی هەموو زیندووێک شاراوەیە و
لەبەرچاوی باڵندەکانی ئاسمان داپۆشراوە.
لەناوچوون و مردن دەڵێن:
«بە گوێی خۆمان هەواڵی ئەومان بیست.»
خودا ڕێگاکەی تێدەگات و
ئەو شوێنەکەی پێ دەزانێت.
لەبەر ئەوەی ئەو تەماشای ئەوپەڕی زەوی دەکات و
هەموو ژێر ئاسمان دەبینێت.
کاتێک کێشی بۆ با دروستکرد و
ئاوەکانی بە پێوانە پێوا،
کاتێک بۆ باران یاسای دانا و
بۆ دەنگی هەورەتریشقەش ڕێگا،
ئەو کاتە دانایی بینی و باسی کرد،
ئامادەی کرد و هەروەها تاقی کردەوە.
بە مرۆڤی فەرموو:
«بێگومان دانایی لە لەخواترسییەوەیە و
لە خراپە لادانیش لە تێگەیشتنەوەیە.»
Source notes (2)
- Footnote یاقووتی شین: دەشێت لاجیوەرد بێت.
- Footnote بەپێی بیروباوەڕی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کۆن (قووڵایی ژێر زەوی) هەبوو کە سەرچاوەی کانیاو و ڕووبارەکان بوو. بڕوانە پەیدابوون 7:11 .
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.