Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

ئەیوب 26

قسەی نۆیەمی ئەیوب

ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:

«چۆن یارمەتی ئەوەت دا کە هێزی نییە!

چۆن بازووی بێ توانات گرت و ڕزگار کرد!

چۆن ڕاوێژت کرد بۆ ئەوەی دانایی نییە!

چۆن زانینی زۆرت دەرخست!

بە یارمەتی کێ وتەکانت ڕاگەیاند و

ڕۆحی کێ لە زارتەوە قسەی کرد؟

«تارماییەکان لە جیهانی مردوواندا

لە سامناکی خودا دەلەرزن.

جیهانی مردووان لەبەردەم خودا ئاشکرایە،

شوێنی لەناوچوون1 شاردراوە نییە.

ئاسمانی باکوور بەسەر بۆشاییدا لێک دەکێشێت و

زەوی لەسەر هیچ هەڵدەواسێت.

ئاو لەناو هەورەکانی دەپێچێتەوە و

هەور لەژێری نادڕێت.

ڕووی مانگی چواردە شەوە دەشارێتەوە،

هەوری خۆی بەسەردا بڵاو دەکاتەوە.

ئاسۆی لەسەر ڕووی ئاوەکان کێشاوە

وەک سنوور لەنێوان ڕووناکی و تاریکی.

کۆڵەکەکانی ئاسمان دەلەرزن و

لە سەرزەنشتکردنەکەی دەتۆقن.

بە هێزی خۆی دەریا دەهەژێنێت و

بە تێگەیشتنی خۆی زەبر لە ڕەهەڤ2 دەوەشێنێت.

بە هەناسەی ئەو ئاسمان ساماڵە و

دەستی ئەو مارە هەڵاتووەکەی پێکا.

بێگومان ئەمانە شتە دەرەکییەکانی کارەکانی ئەون.

هەواڵەکانی بە چرپە دێنە بەر گوێمان!

ئیتر کێ لە هەورەتریشقەی هێزی تێدەگات؟»

Source notes (2)
  1. Footnote لەناوچوون: عیبری: ئەبەدۆن‏. لە پەیمانی نوێ، ئەم وشەیە بە واتای (لەناوبەر) هاتووە، بڕوانە ئاشکراکردن 11‏:9‏ ‏.‏
  2. Footnote هێمایە بۆ میسر.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.