Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
ئەیوب 23
قسەی هەشتەمی ئەیوب
ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:
«هەروەها ئەمڕۆش سکاڵاکەم جەرگبڕە؛
لەگەڵ ناڵینم دەستی خودا لەسەرم هەر قورسە.
خۆزگە دەمزانی چۆن پێی بگەم؛
دەهاتمە لای نشینگەکەی!
بە ڕێکوپێکی کێشە دەخەمە بەردەمی،
دەمم پڕ دەکەم لە بەهانە،
هەتا بزانم چۆن وەڵامم دەداتەوە و
لەوە تێبگەم کە پێم دەڵێت.
ئایا بە زۆری هێز مشتومڕم لەگەڵ دەکات؟
نەخێر، بەڵکو پەلکێشی دادگام ناکات.
لەوێ کەسی ڕاست بەهانەی بۆ دەهێنایەوە و
بۆ هەتاهەتایە لە دەست دادەورەکەم دەرباز دەبووم.
«بەڵام ئەگەر بەرەو ڕۆژهەڵات بچم لەوێ نییە،
بەرەو ڕۆژئاواش هەستی پێ ناکەم.
کاتێک لە باکوور کار دەکات، بەرچاوم ناکەوێت؛
کاتێک بەرەو باشوور دەسووڕێتەوە، نایبینم.
بەڵام ڕێگام دەزانێت،
دوای ئەوەی تاقیم دەکاتەوە وەک زێڕ دەردەچم.
پێیەکانم بە هەمان هەنگاوی ئەو ڕۆیشتوون،
ڕێگای ئەوم گرتەبەر و لام نەدا.
لە فەرمانەکانی زمانی ئەو لام نەداوە؛
لە نانی پێویستی خۆم زیاتر قسەکانی دەمی ئەوم لە گەنجینەی دڵم هەڵگرتووە.
«بەڵام ئەو تاک و تەنهایە و کێ ڕێی لێ دەگرێت؟
ئەوەی ئارەزووی لێ بێت، دەیکات.
فەرزی خۆی لە دژی من جێبەجێ دەکات،
پلانی وەک ئەمانەش زۆرە لەلای.
لەبەر ئەوە لەبەردەمی دەتۆقم؛
سەرنج دەدەم و لێی دەترسم.
خودا دڵی بێهێز کردم؛
توانادارەکە منی تۆقاند.
لەگەڵ ئەوەشدا تاریکی و تەمە چڕەکەش
کە ڕوخساری داپۆشیم بێدەنگم ناکات.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.