Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
ئەیوب 18
وەڵامی دووەمی بیلدەد
بیلدەدی شوحیش وەڵامی دایەوە:
«هەتا کەی تەڵە بۆ قسە دەنێنەوە؟
تێبگەن ئینجا ئێمە دەتوانین قسە بکەین.
بۆچی بە ئاژەڵ دانراین و
لەبەرچاوتان گێل بووین؟
ئەی ئەوەی لە ڕقی خۆی، خۆی دەخواتەوە،
ئایا لەبەر تۆ زەوی چۆڵ بکرێت و
تاشەبەرد لە جێی خۆی بجوڵێت؟
«بەڵێ چرای بەدکاران دەکوژێتەوە و
گڕی ئاگرەکەی ڕووناکی نابەخشێت.
لەناو چادرەکەی ڕووناکی تاریک دەبێت و
چراکەی تەنیشتی دەکوژێتەوە.
هێزی هەنگاوەکانی کورت دەبن و
ڕاوێژەکەی خۆی دەیخات.
بە پێیەکانی خۆی بۆ ناو داو هەنگاو دەنێت،
جا لەناو تۆڕدا گیر دەخوات.
تەڵە پاژنەی پێی دەگرێت و
فاقە توند دەیگرێت.
داوەکانی لە زەوی شاردراونەتەوە و
تەڵەکەی لەسەر ڕێگایە.
بەڵاکان لە هەموو لایەکەوە دەیتۆقێنن و
هەنگاوبەهەنگاو دوای کەوتوون.
برسیێتی بڕستی لێ بڕی و
کارەسات چاوەڕێی کەوتنی دەکات.
نەخۆشی پارچەکانی پێستەکەی دەخوات،
یەکەم بەری مەرگ ئەندامەکانی لەشی دەخوات.
لە ئارامی ناو چادرەکەی خۆی دەڕفێنرێت،
بەرەو لای پاشای بەڵاکان پەلکێش دەکرێت.
ئەوەی هی ئەو نییە لەناو چادرەکەی نیشتەجێ دەبێت،
گۆگرد بەسەر جێی مانەوەی پەخش دەکرێت.
لە ژێرەوە ڕەگوڕیشەی وشک دەبێت و
لە سەرەوەش لقەکانی سیس دەبن.
یادەوەری لە زەوی نامێنێت و
لەسەر ڕووی وشکانیش هیچ ناوێکی نییە.
لە ڕووناکییەوە پاڵ دەدرێت بۆ تاریکی و
لە جیهان دەردەکرێت.
نە نەوە و نە وەچەی لەنێو گەلەکەی دەبێت،
نە دەربازبوو لەنێو چادرەکانی.
خەڵکی ڕۆژئاوا لە ڕۆژی حوکمدان لەسەر ئەودا دەحەپەسێن،
گەلانی ڕۆژهەڵات مووچڕکەیان پێدا دێت.
ئەوە نشینگەی بەدکارانە و
ئەمە شوێنی ئەوانەیە کە خودا ناناسن.»
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.