Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

یەرمیا 8

«یەزدان دەفەرموێت: ”لەو کاتەدا، ئێسکی پاشا و پیاوە گەورەکانی یەهودا، ئێسکی کاهین و پێغەمبەران، ئێسکی دانیشتووانی ئۆرشەلیم لە گۆڕەکانیان دەردەهێنن. بۆ خۆر و مانگ و هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان دەریدەخەن، ئەوانەی خۆشیان ویستن و ئەوانەی پەرستنیان و دوایان کەوتن و ڕاوێژیان پێ کردن و کڕنۆشیان بۆ بردن. کۆناکرێنەوە و نانێژرێن، بەڵکو دەبنە زبڵ بەسەر ڕووی خاکەکەوە. هەموو ئەوانەی لەم نەتەوە بەدکارە ماونەتەوە، لە هەر شوێنێک کە دەرمکردن بۆی، مردنیان پێ لە ژیان چاکتر دەبێت. ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.“

گوناه و سزا

«پێیان بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«”ئایا کەسێک بکەوێت هەڵناستێتەوە؟

یان کەسێک هەڵبگەڕێتەوە، ناگەڕێتەوە؟

بۆچی ئەم گەلە هەڵگەڕایەوە؟

بۆچی خەڵکی ئۆرشەلیم بە بەردەوامی هەڵدەگەڕێنەوە؟

دەستیان بە فرتوفێڵ گرتووە،

ڕەتیانکردەوە بگەڕێنەوە.

بە ئاگاییەوە گوێم شل کرد،

بەڵام ڕاستی ناڵێن.

کەس نییە لە خراپەی خۆی پەشیمان بێتەوە و

بڵێت: ’چیم کرد؟‘

هەریەکە و گەڕاوەتەوە سەر ڕێڕەوەکەی خۆی،

وەک ئەسپێکی بە تاو بۆ ناو جەنگ.

تەنانەت لەقلەق لە ئاسمان

کاتی خۆی دەزانێت،

کۆتر و پەڕەسێلکە و ڕیشۆڵەش

کاتی هاتنی خۆیان ڕەچاو دەکەن،

بەڵام گەلەکەی من نازانن

یەزدان داوای چییان لێ دەکات.

«”ئێوە چۆن دەڵێن: ’ئێمە داناین،

چونکە فێرکردنی یەزدانمان لەلایە،‘

لە کاتێکدا پێنووسی درۆی مامۆستایانی تەورات

بۆ درۆ دەستبەکار بوو؟

داناکان ڕیسوا دەبن،

دەتۆقن و پێوە دەبن.

ئەوەتا فەرمایشتی یەزدانیان ڕەتکردەوە،

ئیتر چ داناییەکیان هەیە؟

لەبەر ئەوە ژنەکانیان دەدەمە خەڵکی دیکە،

کێڵگەکانیان بەوانەی میراتگریانن،

چونکە لە بچووکەوە هەتا گەورە

هەموو پەرۆشی قازانجن،

لە پێغەمبەرەوە هەتا کاهین

هەموو ساختە دەکەن.

برینی گەلەکەم بە سووکیەوە چاک دەکەنەوە و

دەڵێن، ’ئاشتی، ئاشتی!‘

بەڵام ئاشتی نییە.

ئایا شەرمەزار بوون کاتێک کاری قێزەونیان کرد؟

نەخێر! شەرمەزار نەبوون،

هەروەها نەیانزانی شەرمەزاری چییە.

لەبەر ئەوە دەکەونە ناو کوژراوان،

لە کاتی سزادانیان تێکدەشکێن.“»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

یەزدان دەفەرموێت: «”دروێنەکەیان لێ دەبەم،

نە ترێ بە مێوەوە دەمێنێت،

نە هەنجیر بە دار هەنجیرەوە،

گەڵاکانیش سیس دەبن.

ئەوەی دەیاندەمێ لەلایان نامێنێت.“»

«ئێمە بۆچی دانیشتووین؟

با کۆببینەوە!

با هەڵبێین بۆ شارە قەڵابەندەکان و

لەوێ لەناوبچین!

یەزدانی پەروەردگارمان بڕیاری لەناوچوونی ئێمەی داوە،

ئاوی ژەهراویمان دەرخوارد دەدات،

لەبەر ئەوەی لە دژی یەزدان گوناهمان کرد.

چاوەڕێی ئاشتی بووین،

بەڵام چاکە نەبوو.

چاوەڕێی کاتی چاکبوونەوە بووین،

بەڵام ئەوەتا تۆقین.

پڕمەی ئەسپەکانی ئەو

لە دانەوە دەبیسترێت،

لە دەنگی حیلەی ئەسپە بەهێزەکانی

هەموو زەوی دەلەرزێت،

جا هاتن بۆ ئەوەی بخۆن،

زەوی و هەرچی تێیدایە،

شار و دانیشتووانەکەی.»

«ئاگاداربن، ماری ژەهراوی دەنێرمە سەرتان،

کە نوشتەیان لێ ناکرێت،

ئینجا پێتانەوە دەدەن.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

ئەی خودایە، تۆ دڵنەوایی خەمی منیت،

دڵم دەردەدارە.

ئەوەتا دەنگی هانای گەلەکەم

لە خاکێکی دوورەوە دێت:

«ئایا یەزدان لە سییۆن نییە؟

یان پاشاکەی تێیدا نییە؟»

«بۆچی بە پەیکەرە داتاشراوەکانیان پەستیان کردم،

بە بتە هیچوپووچە بێگانەکان؟»1

«دروێنە تێپەڕی،

هاوین تەواو بوو،

ئێمەش ڕزگارمان نەبوو.»2

لەبەر وردوخاشبوونی گەلەکەم وردوخاش بووم،

خەمبارم، تۆقین دەستی بەسەردا گرتووم.

ئایا لە گلعاد هەتووان3 نییە؟

ئایا پزیشک لەوێ نییە؟

ئیتر بۆچی برینی گەلەکەم

ساڕێژ نابێت؟

Source notes (3)
  1. Footnote ئەمە بەشێکە لە فەرمایشتی خودا.‏
  2. Footnote ئەمە قسەی گەلی خودایە.‏
  3. Footnote مەرهەم بۆ ساڕێژبوونی برین.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.