Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
یەرمیا 47
پەیامێک سەبارەت بە فەلەستییەکان
ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بۆ یەرمیای پێغەمبەر سەبارەت بە فەلەستییەکان، بەر لەوەی فیرعەون پەلاماری غەزە بدات:
یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئەوەتا ئاو لە باکوورەوە هەڵدەستێت و
دەبێتە لافاوێکی ڕاماڵ،
زەوی و هەرچی لەسەریەتی ڕایدەماڵێت،
شار و دانیشتووانەکەی.
خەڵکی هاوار دەکەن،
هەموو دانیشتووانی خاکەکە واوەیلا دەکەن
لە دەنگی تەقەی سمی ئەسپە بە تواناکانی،
لە خڕەی گالیسکەکانی و
جیڕەی چەرخەکانی.
باوک ئاوڕ لە کوڕ ناداتەوە
لەبەر شلبوونی دەستەکانی.
لەبەر ئەوەی ئەو ڕۆژە هاتووە
بۆ تەفروتوناکردنی فەلەستییەکان و
بۆ بڕینەوەی هەموو پاشماوەیەک
کە بتوانن پشتگیری پاشایەتی سور و سەیدا بکەن.
یەزدان خەریکە فەلەستییەکان تەفروتونا دەکات،
پاشماوەی کەناری کەفتۆر.
خەڵکی غەزە لەبەر ماتەم سەریان دەتاشن،
ئەسقەلان کپ دەبێت.
ئەی پاشماوەی خەڵکی دۆڵەکان،
هەتا کەی لەشی خۆتان بریندار دەکەن؟
«”ئای ئەی شمشێری یەزدان،
هەتا کەی پشوو نادەیت؟
بڕۆ ناو کێلانەکەتەوە1 و
هێدی بە و کپ بە.“
بەڵام چۆن پشوو دەدات
کە یەزدان فەرمانی پێکردبێت،
لە دژی ئەسقەلان و لە دژی کەناری دەریا،
لەوێ ئەرکی پێ سپارد؟»
Source notes (1)
- Footnote کالانەکەتەوە.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.