Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
یەرمیا 30
گەڕاندنەوەی ئیسرائیل
ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”هەموو ئەو وشانەی کە پێم فەرموویت، لە پەڕتووکێکدا بیاننووسە.“ یەزدان دەفەرموێت: ”سەردەمێک دێت، ئیسرائیل و یەهودای گەلەکەم لە ڕاپێچکراوی دەگەڕێنمەوە، دەیانهێنمەوە ئەو خاکەی بە باوباپیرانی ئەوانم دابوو، بۆ ئەوەی خاوەنداریێتی بکەن.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
ئەمانەش ئەو وشانەن کە یەزدان سەبارەت بە ئیسرائیل و یەهودا فەرمووی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«”هاواری ترسمان بیست،
تۆقین نەک ئاشتی.
بپرسن و ببینن:
ئایا نێر سکی دەبێت؟
ئەی بۆچی هەر پیاوێک دەبینم
وەک ژنی ژانگرتوو دەستی بە کەمەرییەوەیە و
هەموو ڕووشی زەرد هەڵگەڕاوە؟
ئای! لەو ڕۆژە سامناکە!
ڕۆژی ئاوا نابێت.
ئەمە کاتی تەنگانەیە بۆ یاقوب،
بەڵام لێی ڕزگار دەبێت.“
«یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت،
”لەو ڕۆژەدا، ئەو نیرە دەشکێنم کە لە ملیانە،
پێبەندیان دەپسێنم و
چیتر بێگانە نایانکەن بە کۆیلە.
بەڵکو یەزدانی پەروەردگاریان دەپەرستن و
خزمەتی داودی پاشایان دەکەن،1
ئەوەی کە بۆیان دایدەنێم.“»
یەزدان دەفەرموێت: «”ئەی یاقوبی بەندەم، مەترسە،
ئەی ئیسرائیل، مەتۆقە.
بە دڵنیاییەوە من لەم شوێنە دوورە ڕزگارت دەکەم،
نەوەکەشت لەو خاکەوەی بۆی ڕاپێچ کراوە.
یاقوب دەگەڕێتەوە و ئاسوودە دەبێت،
دڵنیا دەبێت و کەس نایتۆقێنێت.
من لەگەڵتدام و ڕزگارت دەکەم.“
یەزدان دەفەرموێت:
”ئەگەر کۆتایی بە هەموو ئەو نەتەوانە بهێنم
کە لەنێویاندا پەرتەوازەم کردیت،
کۆتایی بە تۆ ناهێنم.
تەمبێت دەکەم، بەڵام بە دادپەروەری،
بێ سزا بەڕەڵات ناکەم.“
«یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«”شکاوییەکەت بێ چارەیە،
برینەکەت سەختە.
کەس نییە داکۆکی لە کێشەی تۆ بکات،
دەرمان نییە بۆ برینەکەی تۆ،
تۆ چاک نابیتەوە.
هەموو هاوپەیمانەکانت لەبیریان کردوویت،
هیچ گرنگی بە تۆ نادەن.
وەک لێدان لە دوژمن لە تۆم دا،
بە سەختی تەمبێم کردی
لەسەر زۆری تاوانەکانت،
لەسەر گەورەیی گوناهەکانت.
بۆچی لەبەر شکانەکەت هاوار دەکەیت،
لەبەر ئازارەکەت کە چارەسەر ناکرێت؟
بەهۆی زۆری تاوانەکانت و گەورەیی گوناهەکانت،
منیش ئەمەم پێکردیت.
«”بەڵام هەموو ئەوانەی تۆیان خوارد دەخورێن،
هەموو دوژمنەکانت ڕاپێچ دەکرێن.
ڕاووڕووتکەرانت ڕاووڕووت دەکرێن و
هەموو تاڵانکەرانت دەکەم بە تاڵانی.
بەڵام تەندروستیت دەگەڕێنمەوە،
برینەکانت چاک دەکەمەوە،
چونکە ناویان لێنایت دوورخراوەکە،
سییۆن، ئەوەی کەس گرنگی پێ نادات.“
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
«یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«”من ڕاپێچکراوانی چادرەکانی یاقوب دەگەڕێنمەوە،
بەزەییم بە نشینگەکانی دێتەوە.
شار لەسەر گردەکەی خۆی بنیاد دەنرێتەوە،
کۆشک لە شوێنی خۆی بنیاد دەنرێتەوە.
دەنگی گۆرانی سوپاسگوزاری و
بەزمیان لێ بەرز دەبێتەوە.
ژمارەیان زۆر دەکەم و
کەم نابن،
ڕێزیان لێ دەنێم و
بچووک نابن.
کوڕەکانی وەک جاری جاران دەبن،
کۆمەڵەکەی لەبەردەمم دەچەسپێت،
سزای هەموو ئەوانە دەدەم کە ستەمی لێ دەکەن.
میرەکەیان یەکێک دەبێت لەنێو خۆیان،
فەرمانڕەواکەیان لە خۆیان هەڵدەکەوێت.
لە خۆمی نزیک دەکەمەوە و لێم نزیک دەبێتەوە،
چونکە کەس ناوێرێت بەبێ ویستی من لێم نزیک بێتەوە.“»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
«”ئێوە دەبن بە گەلی من و
منیش دەبم بە خودای ئێوە.“»
ئەوەتا گەردەلوولی یەزدان
تووڕەییە هەڵدەچێت،
گەردەلوولێکی ڕاماڵە،
لەسەر سەری بەدکاران هەڵدەکات.
گڕی تووڕەیی یەزدان دانامرکێتەوە
هەتا نیازەکانی دڵی خۆی
بە تەواوی بەجێنەگەیەنێت.
لە ڕۆژانی داهاتوودا
لەمە تێ دەگەن.
Source notes (1)
- Footnote مەبەستی لە یەکێکە لە نەوەکانی داود.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.