Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

یەرمیا 3

«ئەگەر پیاو ژنی خۆی تەڵاق بدات و

ژنەکەی لەلای بڕوات و شوو بە پیاوێکی دیکە بکات،

ئایا کابرا جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە لای ئەو ژنە؟

ئایا ئەو خاکە بە تەواوی گڵاو نابێت؟

بەڵام تۆ لەشی خۆتت بە زۆر دۆست فرۆشت،

ئایا ئێستا دەگەڕێیتەوە لام؟»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

«چاو هەڵبڕە بۆ گردۆڵکەکان و ببینە!

بزانە جێی ژووانێک هەیە کە لێی زەلیل نەکرابیت؟

وەک کۆچەر لە چۆڵەوانی

لەسەر ڕێگاکان بۆ خۆشەویستان دانیشتیت.

بە لەشفرۆشیت و بە خراپەت

خاکەکەت گڵاو کرد.

جا لێزمە باران ڕاوەستا و

بەهارە بارانیش نەبوو،

کەچی تۆ ناوچەوانی ژنە لەشفرۆشێکت هەبوو،

شەرم لەخۆکردنەوەت ڕەتکردەوە.

ئایا هەر ئێستا بانگت نەکردم،

”باوکە! تۆ هاوڕێی گەنجیێتی منیت!

ئایا هەتاهەتایە تووڕە دەبیت؟

ئایا هەتا کۆتایی هەڵدەچیت؟“

بەم شێوەیە قسەت کرد،

بەڵام تۆ ئەو هەموو خراپەیەت کرد کە توانیت.»

ئیسرائیلی هەڵگەڕاوە

لە سەردەمی پاشایەتی یۆشیای پاشادا یەزدان پێی فەرمووم: «ئایا بینیت ئیسرائیلی هەڵگەڕاوە چی کرد؟ چووە سەر هەموو گردێکی بەرز و ژێر هەموو دارێکی سەوز، لەوێ داوێنپیسی1 کرد. بیرم کردەوە لەپاش ئەوەی هەموو ئەمەی کرد، بۆ لای من دەگەڕێتەوە، بەڵام نەگەڕایەوە. جا یەهودای خوشکی ناپاکی ئەمەی بینی. تەڵاقنامەم دا بە ئیسرائیلی هەڵگەڕاوە و ناردمەوە، لەبەر هەموو داوێنپیسییەکانی. کەچی بینیم یەهودای خوشکی ناپاکی نەترسا، جا ئەویش چوو و داوێنپیسی کرد. لەبەر ئەوەی بە سووکی سەیری لەشفرۆشییەکەی کرد، زەوی گڵاو کرد و داوێنپیسی لەگەڵ دار و بەردا کرد. لەگەڵ هەموو ئەوەشدا، یەهودای ناپاکی خوشکی بە هەموو دڵییەوە نەگەڕایەوە لام، بەڵکو تەنها بە ڕواڵەت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «ئیسرائیلی هەڵگەڕاوە لە یەهودای ناپاک ڕاستودروستترە. بڕۆ، ئەو پەیامە بۆ باکوور ڕابگەیەنە، بڵێ:

«یەزدان دەفەرموێت: ”ئەی ئیسرائیلی هەڵگەڕاوە، بگەڕێوە،

ناوچەوانم لێتان گرژ ناکەم،

چونکە خۆشەویستییەکەم ناگۆڕێت.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

”تووڕەییم هەتاهەتایی نییە.

تەنها دان بە تاوانەکەتدا بنێی،

چونکە لە یەزدانی پەروەردگارت یاخی بوویت و

خۆشەویستیت بۆ خوداوەندە بێگانەکان بڵاوکردەوە

لەژێر هەموو دارێکی سەوز.

ئێوە گوێڕایەڵی من نەبوون.“»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

یەزدان دەفەرموێت: «ئەی ڕۆڵە هەڵگەڕاوەکان، بگەڕێنەوە، چونکە من مێردی ئێوەم2، دەتانبەم، یەکێک لە شارۆچکەیەک و دووان لە خێڵێک، دەتانهێنمە سییۆن. شوانتان بۆ دادەنێم بە دڵی خۆم بێت، بە زانین و وریاییەوە بتانلەوەڕێنن.» یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژانەدا، کە لە خاکەکە زۆر دەبن و بەروبوومتان دەبێت، ئیتر ناڵێن: ”سندوقی پەیمانی یەزدان.“ بە مێشکیاندا نایەت و بەبیریان نایەتەوە، بەسەری ناکەنەوە و جارێکی دیکە دروستناکرێتەوە. لەو کاتەدا بە ئۆرشەلیم دەڵێن، ”تەختی یەزدان“ و هەموو نەتەوەکان لە ئۆرشەلیم کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی ڕێز لە ناوی یەزدان بگرن. ئیتر بەدوای کەللەڕەقییە خراپەکەیان ناکەون. لەو ڕۆژانەدا بنەماڵەی یەهودا لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل دەڕۆن، بەیەکەوە لە خاکی باکوورەوە دێن بۆ ئەو خاکەی کە کردمە میرات بۆ باوباپیرانتان.

«بەڵام من، یەزدانم، دەفەرمووم:

«”چەند دەمەوێ وەک کوڕانی خۆمتان دابنێم و

زەوییەکی ئارەزووبەخشتان بدەمێ،

جوانترین میراتی نەتەوەکان!“

وامدەزانی ئێوە بە ”باوکە“ بانگم دەکەن و

لە شوێنکەوتنی من لانادەن.

بەڵام وەک چۆن ژن ناپاکی لە هاوسەری خۆی دەکات،

ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئاوا ناپاکیتان لێکردم،»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

دەنگێک لە گردۆڵکەکانەوە دەبیسترێت،

گریان و پاڕانەوەکانی نەوەی ئیسرائیلە،

چونکە ڕێگاکانی خۆیان خوارکردووە و

یەزدانی پەروەردگاریان لەبیر کردووە.

«ئەی ڕۆڵە هەڵگەڕاوەکان، بگەڕێنەوە،

هەڵگەڕانەوەکانتان چاک دەکەمەوە.»

«بەڵێ، دەگەڕێینەوە لات،

چونکە تۆ یەزدانیت، خودای ئێمەیت.

بێگومان بتپەرستی بە غەڵبەغەڵبەوە لەسەر چیا و گردەکان خۆهەڵخەڵەتاندنە،

بێگومان بە یەزدانی پەروەردگارمان ئیسرائیل ڕزگار دەبێت.

لە هەرزەکاریمانەوە بەعلی خوداوەندی شەرمەزاری

ڕەنجی باوباپیرانی ئێمەی خواردووە،

لە مەڕ و مانگا و

کوڕ و کچ.

با لەناو شورەیی خۆمان ڕابکشێین،

با شەرمەزاریمان دامانبپۆشێت،

چونکە ئێمە و باوباپیرانمان گوناهمان کرد

لە دژی یەزدانی پەروەردگارمان،

لە هەرزەکاریمانەوە هەتا ئەمڕۆش،

گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارمان نەبووین.»

Source notes (2)
  1. Footnote لێرەدا بە واتای داوێنپیسی جەستەیی و ڕۆحیش دێت. بەو کەسە دەگوترێت کە لاف لێدەدات بەوەفایە بۆ یەزدان، بەڵام لە هەمان کاتدا ستایش و قوربانی بۆ خودایەکی دیکە دەکات. واتا لە بنەڕەتدا کەسەکە بێوەفایە لەگەڵ یەزدان، هەروەک چۆن پیاوێک بێوەفا بێت لەگەڵ ژنەکەیدا.‏
  2. Footnote پەیوەندی نێوان خودا و گەلەکەی بە پەیوەندی نێوان ژن و مێرد دەچووێنرێت، لە ڕووی ئەرک و وەفا و گوێڕایەڵییەوە.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.