Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

یەرمیا 1

پەیامی یەرمیای کوڕی حیلقیا، یەکێک لە کاهینانی شارۆچکەی عەناتۆت لە خاکی بنیامین. فەرمایشتی یەزدانی بۆ دەهات، لە ساڵی سێزدەیەمینی پاشایەتی یۆشیای کوڕی ئامۆنی پاشای یەهودا، هەروەها لە ماوەی پاشایەتی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، هەتا مانگی پێنجی ساڵی یازدەیەمینی سدقیای کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، کاتی ڕاپێچانەکەی خەڵکی ئۆرشەلیم.

بانگکردنی یەرمیا

فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات:

«پێش ئەوەی لەناو سکی دایکت شێوەت بکێشم، تۆم ناسی،

پێش ئەوەی لە منداڵدان بێیتە دەرەوە، تەرخانم کردیت،

تۆم کردە پێغەمبەری نەتەوەکان.»

بەڵام من گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، وتەبێژی لە توانامدا نییە، چونکە تەمەنم بچووکە.»

ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «مەڵێ: ”تەمەنم بچووکە.“ بۆ لای هەرکەسێک بتنێرم دەچیت و هەموو ئەوەی فەرمانت پێ بکەم ڕایدەگەیەنیت. لێیان مەترسە، چونکە من لەگەڵتدام بۆ ئەوەی فریات بکەوم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

ئینجا یەزدان دەستی درێژکرد و دەستی لە دەمم دا و پێی فەرمووم: «دڵنیابە، من وتەکانم دەخەمە دەمی تۆوە. ببینە، ئەمڕۆ تۆم کرد بە پێغەمبەر بۆ نەتەوە و شانشینەکان، بۆ ڕیشەکێشکردن و شکاندن، بۆ لەناوبردن و ڕووخاندن، بۆ بنیادنان و چاندن.»

ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی یەرمیا، چی دەبینیت؟»

منیش گوتم: «چڵە بادەمێک دەبینم.»

یەزدانیش پێی فەرمووم: «چاکت بینی، چونکە من لەسەر فەرمایشتەکەم چاودێر1 دەبم بۆ ئەنجامدانی.»

دووبارە فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات: «چی دەبینیت؟»

منیش گوتم: «مەنجەڵێک دەبینم هەڵمی لێ هەڵدەستێت و ڕووی بەرەو باشوورە.»

یەزدانیش پێی فەرمووم: «لە باکوورەوە بەڵا بۆ هەموو دانیشتووانی خاکەکە دەبارێت. خەریکم بانگەواز دەکەم بۆ هەموو نەتەوەکانی شانشینەکانی باکوور.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

«جا پاشاکانیان دێن و

هەریەکە و تەختی خۆی لە داڵانی دەروازەی ئۆرشەلیم دادەنێت،

هێرش دەبەن بۆ سەر هەموو شووراکانی چواردەوری ئۆرشەلیم و

بۆ هەموو شارۆچکەکانی یەهودا.

منیش حوکمەکانم بەسەریان ڕادەگەیەنم،

لەسەر هەموو خراپەکانیان کە وازیان لێ هێنام و

بۆ خوداکانی دیکە بخووریان سووتاند و

بۆ دەستکردەکانی دەستی خۆیان کڕنۆشیان برد.

«تۆش بازووی خۆتی لێ هەڵبکە! هەستە و قسەیان لەگەڵ بکە سەبارەت بە هەموو ئەوەی من فەرمانت پێدەدەم. لێیان مەتۆقە، نەوەک لەبەردەمیان بتتۆقێنم. من ئەمڕۆ تۆم کردووەتە شارێکی قەڵابەند و کۆڵەکەی ئاسن و دیواری بڕۆنز، لە دژی هەموو خاکەکە، پاشاکانی یەهودا، پیاوە گەورەکانی، کاهینەکانی و گەلی خاکەکە. لە دژت دەجەنگن و دەرەقەتت نایێن، چونکە من لەگەڵتدام بۆ ئەوەی فریات بکەوم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

Source notes (1)
  1. Footnote لە زمانی عیبری دەنگی وشەی چاودێر، شۆقێد‏، نزیکە لە دەنگی وشەی داری بادەم، شاقێد‏.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.