Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

ئیشایا 62

سییۆن ناوێکی نوێی هەیە

لە پێناوی سییۆن بێدەنگ نابم و

لە پێناوی ئۆرشەلیم هێمن نابم

هەتا بێتاوانییەکەی وەک گزنگی خۆر دەدرەوشێتەوە و

ڕزگاریشی وەک مەشخەڵ داگیرسێت.

ئەو کاتە هەموو نەتەوەکان بێتاوانییەکەت دەبینن،

هەموو پاشاکانیش شکۆمەندییەکەت.

ناوێکی نوێت لێ دەنرێت

کە دەمی یەزدان دیاری دەکات.

دەبیت بە تاجی جوانی لە دەست یەزدان و

تاجەگوڵینە لەناو لەپی خودات.

چیتر ناوت نانرێت «بەجێماو» و

چیتر بە خاکەکەت ناگوترێت «وێرانە»،

بەڵکو پێت دەگوترێت «حەفچیڤا1»،

خاکەکەشت، «بەعولە2»،

چونکە یەزدان بە تۆ دڵخۆش دەبێت،

خاکەکەشت مێردی دەبێت.

وەک چۆن گەنج دەبێت بە مێردی کچێکی پاکیزە،

ئاواش کوڕەکانت دەبن بە مێردت.

وەک دڵخۆشی زاوا بە بووک،

ئاواش خودات بە تۆ دڵخۆش دەبێت.

ئەی ئۆرشەلیم، ئێشکگرم لەسەر شووراکانت داناوە،

بەردەوام شەو و ڕۆژ بێدەنگ نابن.

ئەی ئەوانەی یەزدانتان لە یادە،

ئۆقرە مەگرن،

لێ مەگەڕێن یەزدان ئۆقرە بگرێت هەتا ئۆرشەلیم دەچەسپێنێت و

ناوداری دەکات لە زەویدا.

یەزدان بە دەستی ڕاستی خۆی و

بە هێزی بازووی سوێندی خوارد:

«چیتر دانەوێڵەکەت

ناکەم بە خۆراک بۆ دوژمنەکانت و

شەرابە نوێیەکەشت کە پێوەی ماندوو بوویت،

نامۆکان نایخۆنەوە،

بەڵکو ئەوانە دەیخۆن کە گەنمیان بەرهەم هێناوە و

ستایشی یەزدان دەکەن،

ئەوانەی ترێیان ڕنیوەتەوە

لە حەوشەی پیرۆزگاکەم دەیخۆنەوە.»

تێپەڕ بن! تێپەڕ بن لە دەروازەکانەوە!

ڕێگای گەل خۆش بکەن.

ئامادەی بکەن! ڕێڕەو ئامادە بکەن!

لە بەرد پاکی بکەنەوە.

ئاڵا بۆ گەل بەرز بکەنەوە.

ئەوەتا یەزدان

بە هەر چوار لای زەویدا ڕایگەیاندووە:

«بە شاری سییۆن بڵێن،

”وا ڕزگارکەرەکەت دێت!

وا پاداشتەکەی لەگەڵیەتی و

خەڵاتەکەی لەبەردەمییەتی.“»

ناویان لێ دەنێن، «گەلە پیرۆزەکە»،

«ئەوانەی یەزدان کڕیونیەتیەوە»،

تۆش ناوت لێ دەنرێت، «داواکراوەکە»،

«شارە بەجێنەماوەکە».

Source notes (2)
  1. Footnote واتا (شادیم لە ئەودایە).‏
  2. Footnote واتا بە مێرد.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.