Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
ئیشایا 6
دانانی ئیشایا لەسەر ئەرک
لە ساڵی مردنی عوزیای پاشادا، پەروەردگارم بینی لەسەر تەختێکی بەرز و بڵند دانیشتبوو، دامێنیشی پەرستگاکەی پڕکردبوو. سەرافیمەکان1 لەبەردەستی بوون، هەریەکە شەش باڵیان هەبوو، بە دووانیان ڕووی خۆی داپۆشی بوو، بە دووانی دیکەیان پێیەکانی داپۆشی بوو، بە دووانیش دەفڕی. ئەمیان بانگی ئەوەی دیکەی کرد و گوتی:
«یەزدانی سوپاسالار پیرۆزە، پیرۆزە، پیرۆزە!
شکۆمەندییەکەی هەموو زەویی پڕکردووە.»
چوارچێوە و سەکۆی دەروازەکان لە دەنگی بانگدەر لەرینەوە و پەرستگاکە پڕبوو لە دووکەڵ.
گوتم: «قوڕبەسەرم، فەوتام! من کابرایەکی لێو گڵاوم و لەنێو گەلێکی لێو گڵاودا نیشتەجێم و لەگەڵ ئەوەشدا چاوەکانم پاشا، یەزدانی سوپاسالاریان بینی.»
ئینجا یەکێک لە سەرافیمەکان بۆ لای من فڕی و پشکۆیەکی بەدەستەوە بوو بە مەقاش لەسەر قوربانگاکەوە هەڵیگرت و لە دەمی منی سووی و گوتی: «ئەوەتا ئەمە لە لێوت سوا، تاوانت داماڵرا و گوناهت کەفارەتی بۆ کرا.»
ئینجا گوێم لە دەنگی پەروەردگار بوو، دەیفەرموو: «کێ بنێرم و کێ بۆمان دەڕوات؟»
منیش گوتم: «ئەوەتام، من بنێرە.»
ئەویش فەرمووی: «بڕۆ و بەم گەلە بڵێ:
«”هەمیشە ببیستن بەڵام هەرگیز تێناگەن،
هەمیشە سەیر بکەن، بەڵام هەرگیز نابینن.“
دڵی ئەم گەلە ڕەق بکە،
گوێی گران بکە و
چاوی بنوقێنە،
نەوەک بە چاوی ببینێت و
بە گوێی ببیستێت،
بە دڵی تێبگات و
بگەڕێتەوە و چاک ببێتەوە.»
منیش گوتم: «ئەی پەروەردگار، هەتا کەی؟»
ئەویش فەرمووی:
«هەتا شارەکان دەبن بە وێرانەی
بێ ئاوەدانی و
ماڵەکانیش بێ خەڵک و
کێڵگەکانیش وێران و چۆڵەوانی،
هەتا یەزدان هەموو خەڵک دووردەخاتەوە و
شوێنی بەجێهێڵراو لەناو خاکەکە زۆر دەبێت.
ئەگەر دەیەکی تێدا مایەوە،
جارێکی دیکە بۆ سووتان دەبێت.
بەڵام وەک دارەبەن و دار بەڕوو،
کە کاتێک دەبڕێنەوە بنەدارەکەیان هەر دەمێنێت،
پاشماوەی ئەو گەلەش وەک بنەدارێکە و زیندوو دەبێتەوە.»
Source notes (1)
- Footnote سەرافیمەکان: جۆرە بوونەوەرێکی ئاسمانین کە دەکرێت جۆرێکی تایبەتی فریشتە بن.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.