Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
ئیشایا 54
شکۆی داهاتوو بۆ سییۆن
«ئەی نەزۆک، گۆرانی بڵێ،
ئەی ئەوەی منداڵت نەبووە،
ئەی ئەوەی ژانت نەگرتووە،
لە خۆشیدا هاوار بکە و گۆرانی بڵێ،
چونکە منداڵی ژنی بەجێهێڵراو
زیاترن لەوەی مێردی لەگەڵیەتی،»
یەزدان دەفەرموێت.
«شوێنی ڕەشماڵەکانت فراوان بکە،
پەردەی نشینگەکانت لێک بکەرەوە،
دەست مەگێڕەوە،
گوریسەکانت درێژ بکە و
سنگەکانت توند بچەقێنە،
چونکە بەلای ڕاست و چەپدا پەل دەهاوێیت،
نەوەی تۆ نەتەوەکان دەردەکەن و
شارە وێرانەکان ئاوەدان دەکەنەوە.
«مەترسە، چونکە ڕیسوا نابیت.
گاڵتەت پێ ناکرێت، چونکە شەرمەزار نابیت.
ڕیسوایی سەردەمی گەنجیێتیت لەبیر دەکەیت،
ئیتر شورەیی بێوەژنیێتیت بەبیر نایەتەوە،
چونکە مێردی1 تۆ دروستکەرەکەی تۆیە،
ناوی یەزدانی سوپاسالارە.
ئەوەی دەتکڕێتەوە پیرۆزەکەی ئیسرائیلە،
پێی دەگوترێت خودای هەموو زەوی.
وەک ژنێکی بەجێماو و ڕۆح پڕ لە ژان
یەزدان بانگت دەکاتەوە،
وەک ژنێک کە لە گەنجیدا شووی کردبێت و ڕەتکرابێتەوە،»
خودات دەفەرموێت.
«بۆ ساتێکی کەم بەجێم هێشتیت،
بەڵام بە بەزەییەکی زۆرەوە کۆت دەکەمەوە.
بە زریانی تووڕەییەوە
بۆ ساتێک ڕووی خۆمم لێت داپۆشی،
بەڵام بە خۆشەویستی نەگۆڕی هەتاهەتایی
بەزەییم پێتدا هاتەوە،»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی دەتکڕێتەوە.
«ئەمە وەک لافاوی نوحە بۆ من
ئەوەی سوێندم خوارد، کە لافاوەکەی نوح جارێکی دیکە بەسەر زەویدا تێنەپەڕێت.
ئاوا سوێندم خوارد، کە لێت تووڕە نەبم و
لێت ڕانەخوڕم.
هەرچەندە چیاکان نامێنن و
گردەکان دەهەژێن،
بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕی من بۆ تۆ دەمێنێت و
پەیمانی ئاشتیم ناهەژێت،»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی بەزەیی پێتدا دێتەوە.
«ئەی شارە زەلیلەکە، زریان لێدراوەکە، دڵنەوایی نەکراوەکە،
ئەوەتا من بەردەکانت بە بەردە پیرۆزە2 لەسەر ڕیز دەکەم،
بە یاقووتی شین3 داتدەمەزرێنم.
قوللەکانت دەکەم بە یاقووت4 و
دەروازەکانیشت بە بەردی پڕشنگدار،
هەموو سنوورەکانیشت بە بەردی گرانبەها.
هەموو منداڵەکانت لە یەزدانەوە فێر دەبن و
ئاشتی منداڵەکانت زۆر دەبێت.
بە ڕاستودروستی دەچەسپێیت
دوور لە جەوروستەم،
چونکە هیچ هۆیەک نییە بۆ ئەوەی بترسیت،
هەروەها دووریت لە تۆقینیش،
چونکە لێت نزیک ناکەوێتەوە.
ئەگەر پەلامار درایت، ئەوە لەلایەن منەوە نابێت،
ئەوەی هێرش دەکاتە سەرت، دەبێتە ژێر دەستت.
«ئەوەتا من ئاسنگەرم بەدیهێنا
کە کوورەی ئاگری خەڵووز دەم دەدات،
چەکی گونجاو دروستدەکات،
هەروەها من لەناوبەرم بەدیهێنا بۆ ئەوەی بفەوتێنێت.
هەر چەکێک لە دژی تۆ شێوەی بکێشرێت سەرناکەوێت و
هەر زمانێک لە دادگا لە دژی تۆ ڕادەوەستێت بەرپەرچی دەدەیتەوە.
ئەمە میراتی خزمەتکارانی یەزدانە،
بێتاوانیتان لەلایەن منەوەیە،»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
Source notes (4)
- Footnote پەیوەندی نێوان خودا و گەلەکەی بە پەیوەندی نێوان ژن و مێرد دەچووێنرێت، لە ڕووی ئەرک و وەفا و گوێڕایەڵییەوە.
- Footnote بەردە پیرۆزە: بەردێکی شینی سەوزباو.
- Footnote یاقووتی شین: دەشێت لاجیوەرد بێت.
- Footnote یاقووت: گەوهەری سووری تێر.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.