Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

ئیشایا 33

تەنگانە و یارمەتی

قوڕبەسەرت ئەی تێکدەر،

کە تێکیان نەدایت!

قوڕبەسەرت ئەی ناپاک،

کە ناپاکییان لێ نەکردوویت!

کاتێک لە تێکدان تەواو دەبیت،

خۆت تێکدەدرێیت؛

کاتێک لە ناپاکی بوویتەوە،

خۆت ناپاکیت لێ دەکرێت.

ئەی یەزدان، لەگەڵماندا میهرەبان بە،

هیوامان بە تۆیە.

هەموو بەیانییەک ببە هێزمان و

هەروەها ڕزگاریمان لە کاتی تەنگانەدا.

لە نەڕەی دەنگت گەلان ڕایانکرد،

کە ڕاپەڕیت نەتەوەکان پەرت بوون.

ئەی نەتەوەکان، دەستکەوتەکانتان کۆ دەکرێنەوە وەک چۆن کوللە لە دەغڵ دەدات،

وەک ڕەوە کوللە خەڵک ڕووتتان دەکەنەوە.

یەزدان پایەبەرزە، چونکە نیشتەجێی بەرزاییە،

سییۆن لە ڕاستودروستی و دادپەروەری پڕ دەکات.

یەزدان دەبێتە مایەی دڵنیایی کاتەکانت.

گەنجینەی ڕزگاری و دانایی و زانینە،

لەخواترسی کلیلی ئەو گەنجینەیە.

ئەوەتا دلێرەکانیان لە دەرەوە دەقیژێنن،

نێردراوانی ئاشتی بە تاڵی دەگرین.

ڕێگاکان چۆڵ بوون،

بڕانەوە ڕێبواران.

پەیمان شکا و

شایەتەکانی ڕەتکرانەوە و

کەس بە هیچ دانانرێت.

زەوی شیوەن دەکات و سیس بوو،

لوبنان ڕیسوا بوو، داڕزا،

شارۆن وەک بیابانی عەراڤای1 لێهات،

باشان و کارمەل ڕووتانەوە.

یەزدان دەفەرموێت: «ئێستا هەڵدەستم،

ئێستا بە گەورە دەزانرێم،

ئێستا بڵند دەکرێمەوە.

بە گیا دووگیان دەبن و

کاتان دەبێت،

هەناسەتان ئاگرە و خۆتان دەخوات.

گەلان دەبن بە گەچ،

وەک چقڵی بڕاوە بە ئاگر دەسووتێنرێن.»

ئەی دوورەکان گوێتان لێ بێت چیم کردووە،

ئەی نزیکەکان هێزم بزانن!

گوناهباران لە سییۆن تۆقین،

گڵاوەکان لەرز دایگرتن:

«کێ لە ئێمە لەناو ئاگری لووشدەر دەمێنێتەوە؟

کێ لە ئێمە لەناو سووتانی هەمیشەیی دەمێنێتەوە؟»

ئەوەی بە ڕاستودروستی هەڵسوکەوت دەکات و

ڕاستی دەڵێت،

ئەوەی قازانجی زۆرداری ڕەت دەکاتەوە و

ڕێگری دەکات لە دەستەکانی بۆ وەرگرتنی بەرتیل،

ئەوەی لە بیستنی خوێنڕشتن گوێی خۆی کەڕ دەکات و

لە بینینی خراپە چاوی خۆی دەنوقێنێت،

ئەو لە بەرزایی نیشتەجێ دەبێت،

قەڵای چیاکان پەناگایەتی،

نانی دەدرێت و

ئاوی مسۆگەرە.

چاوت پاشا لە جوانی خۆیدا دەبینێت،

سنوورێکی فراوان دەبینن.

دڵت لە تۆقین ڕادەمێنێت:

«کوا خامەی نهێنی2 و کوا باجگر؟

کوا بەرپرسی قوللەکان؟»

ئیتر گەلی دڕندە نابینن،

گەلێک قسەیان ئاڵۆزە بۆ بیستن،

زمانیان گرانە تێیان ناگەیت.

بڕوانە سییۆن شاری جەژنمان،

چاوەکانت ئۆرشەلیم دەبینن،

ماڵێکی ئاسوودە، چادرێک ناگوازرێتەوە.

سنگەکانی هەرگیز هەڵناکەنرێن،

هیچ کام لە گوریسەکانی ناپسێن.

بێگومان لەوێ یەزدانی توانادار پشتگیرمان دەبێت.

شوێنی ڕووبارەکان و کەناری جۆگە فراوانەکان دەبێت.

کەشتی سەوڵدار پێیدا ناڕوات و

کەشتی مەزن پێیدا تێناپەڕێت.

یەزدان دادوەرمانە،

یەزدان فەرزدانەرمانە،

یەزدان پاشامانە،

ئەو ڕزگارمان دەکات.

گوریسەکانت شل بوون،

بنکەی دار ئاڵای کەشتییەکەیان توند ناکەن،

چارۆکە بڵاو ناکەنەوە.

ئینجا دەستکەوتی زۆر دابەش کرا،

شەلەکانیش تاڵانییان تاڵان کرد.

دانیشتووی سییۆن ناڵێت، «نەخۆش کەوتم،»

ئەو گەلەی تێیدا نیشتەجێیە تاوانەکانی بەخشراو دەبێت.

Source notes (2)
  1. Footnote شیوێک بوو لە دەریاچەی جەلیلەوە هەتا دەریای مردوو.‏
  2. Footnote ‏ڕازپۆش.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.