Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

ئیشایا 23

سروشێک سەبارەت بە شاری سور

سروشێک سەبارەت بە سور:

واوەیلا بکەن ئەی کەشتییەکانی تەرشیش!

چونکە سور کاول کراوە،

نە خانوو نە بەندەری بە پێوە نەماوە،

لە خاکی قوبرسەوە پێیان ڕاگەیەنرا.

بحەپەسێن دانیشتووانی دوورگەکە و

بازرگانانی سەیدا،

ئەوانەی دەریا دەبڕن، پڕیان کردوویت.

دانەوێڵەی شیحۆر

لەسەر ئاوە زۆرەکان دەهات،

داهاتی ئەو دروێنەی ڕووباری نیلە،

جا سور بوو بە بازاڕی نەتەوەکان.

شەرمەزار بە ئەی سەیدا، ئەی قەڵای دەریا!

چونکە دەریا گوتی:

«نە ژانم گرت و نە منداڵم بوو،

نە گەنجم گەورە کرد و نە کچی عازەبم پێگەیاند.»

کاتێک هەواڵ بە میسر دەگات،

بە هەواڵی سور ژان دەیانگرێت.

بپەڕنەوە بۆ تەرشیش،

واوەیلا بکەن، ئەی دانیشتووانی دوورگەکە!

ئایا ئەمە شاری خۆشییە بۆتان،

ئەوەی دێرینی لە دێرزەمانەوەیە،

ئەوەی پێیەکانی بەرەو دووری دەبەن

بۆ ئاوارە بوون؟

کێ ئەم پلانەی لە دژی سوری تاج لەسەر داڕشت،

ئەوەی میران بازرگانەکانی ئەون،

فرۆشیارەکانی بەناوبانگەکانی زەوین؟

یەزدانی سوپاسالار پلانی داڕشتووە

بۆ گڵاوکردنی شانازی هەموو شکۆمەندییەک،

بۆ نزمکرنەوەی هەموو بەناوبانگەکانی زەوی.

ئەی دانیشتووانی تەرشیش،

زەوییەکەتان وەک کەناری نیل بکێڵن،

ئیتر بەندەر نەما.

یەزدان دەستی بەسەر دەریادا درێژکرد و

شانشینەکان تۆقین.

لە دژی فینیکیا فەرمانی دا

بۆ کاولبوونی قەڵاکانی.

فەرمووی: «جارێکی دی شانازی ناکەیت،

ئەی سەیدای کچە پاکیزە1، ئێستا پێشێل کراویت!

«هەستە بەرەو قوبرس بپەڕەوە،

لەوێش حەوانەوەت نابێت.»

ئەوەتا خاکی بابلییەکان،

گەلێکی لێیە کە بە هیچ دانانرێت!

ئاشور کردییە شوێنی دڕندە بیابانییەکان2.

قوللەکانیان3 دروستکرد،

قەڵاکانیان ڕووخاند،

کردیان بە کاولگە.

ئەی کەشتییەکانی تەرشیش واوەیلا بکەن،

چونکە قەڵاکانتان کاول بوون.

لەو ڕۆژەدا ئەوە دەبێت، سور حەفتا ساڵ لەبیر دەکرێت، بەقەد ڕۆژگاری پاشایەک. پاش حەفتا ساڵەکە وەک گۆرانی ژنە لەشفرۆشێک بۆ سور دەبێت:

«دەست بدە قیسارە و بەناو شاردا بسووڕێوە

ئەی ژنە لەشفرۆشی لەبیرکراو!

باش مۆسیقا بژەنە و زۆر گۆرانی بڵێ

بۆ ئەوەی لەیاد نەکرێیت.»

جا پاش حەفتا ساڵەکە، یەزدان سور بەسەردەکاتەوە و سور دەگەڕێتەوە سەر کرێ وەرگرتنی و لەگەڵ هەموو شانشینەکانی جیهان لەسەر ڕووی زەوی لەشفرۆشی دەکات. بەڵام بازرگانییەکەی و کرێ وەرگرتنەکەی تەرخانکراو دەبێت بۆ یەزدان. هەڵناگیرێت و لە گەنجینە ناکرێت، بەڵکو بازرگانییەکەی بۆ ئەوانە دەبێت کە لەبەردەم یەزدانن، بۆ ئەوەی بخۆن و تێر بن و جلی گرانبەها بپۆشن.

Source notes (3)
  1. Footnote پاکیزە: مەبەست لەپێش داگیرکردنیەتی، کە بەراوردی دەکات بە کچی پاکیزە.‏
  2. Footnote بڕوانە ئیشایا 13‏:21 و یەرمیا 50‏:39‏ ‏.‏
  3. Footnote قوللە لێرە مەبەست لە بورجێکە کە بە دار دروستکراوە لە کاتی شەڕدا بەکارهاتووە بۆ هێرشکردنە سەر شارێکی شوورابەند.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.