Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
ئیشایا 21
سروشێک سەبارەت بە بابل
سروشێک سەبارەت بە چۆڵەوانی نزیکی دەریا1:
وەک گەردەلوول لە باشوور هەڵدەکات،
لە چۆڵەوانییەوە دێت،
لە خاکێکی ترسناک.
ئەم بینینە ترسناکەم بۆ ئاشکرا کراوە:
ناپاک ناپاکی دەکات و تاڵانکەر تاڵان دەکات.
سەربکەوە ئەی ئیلام! گەمارۆ بدە ئەی میدیا!
کۆتاییم هێنا بە هەموو ئاخ هەڵکێشانەکەی.
لەبەر ئەوە کەلەکەم پڕ بووە لە ئازار،
ژانێک منی گرت، وەک ژانی منداڵبوون،
سەرسام بووم لە گوێگرتن،
واقم وڕما لە بینین.
سەرم لێ شێوا،
ترس منی لەرزاند،
زەردەپەڕی خۆشیی منی
کردە تۆقین.
خوان ئامادە دەکەن،
ڕایەخ ڕادەخەن،
دەخۆن و دەخۆنەوە!
هەستن ئەی میران!
قەڵغان چەور بکەن!
پاشان پەروەردگار ئەمەم پێ دەفەرموێت:
«بڕۆ ئێشکگر بە پێوە ڕابگرە،
ئەوەی دەیبینێت با ڕایبگەیەنێت.
کاتێک چەند گالیسکەیەک دەبینێت،
لەگەڵ ئەسپ سوار جووت جووت،
سواری گوێدرێژ یان سواری وشتر،
با بە تەواوی گوێی شل بکات،
زۆر شلی بکات.»
ئینجا ئێشکگرەکە هاواری کرد:
«گەورەم، من ڕۆژانە لەسەر قوللەی چاودێرییەکە ڕاوەستاوم،
هەموو شەوانیش لە بنکەی پاسەوانێتییەکەم دەمێنمەوە.
ئەوەتا پیاوێک بە سواری گالیسکە هاتووە،
لەگەڵ ئەسپ سوار جووت جووت.
وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت:
”کەوتووە، بابل کەوتووە!
هەموو وێنەی خوداوەندەکانی
بەرەو زەوی شکان!“»
ئەی خەڵکینە، کە لەسەر جۆخین جەنجەرکراون،
ئەوەی لە یەزدانی سوپاسالارەوە بیستوومە
لە خودای ئیسرائیلەوە پێتان ڕادەگەیەنم.
سروشێک سەبارەت بە ئەدۆم
سروشێک سەبارەت بە دوما:
لە سێعیرەوە هاوارم بۆ دەکرێت،
«ئێشکگر، شەو چەندی ماوە؟
ئێشکگر، شەو چەندی ماوە؟»
ئێشکگرەکەش2 وەڵام دەداتەوە:
«بەیانی دێت، هەروەها شەویش.
ئەگەر داواکارن، داوا بکەن،
بگەڕێنەوە، وەرن.»
سروشێک سەبارەت بە عەرەبستان
سروشێک سەبارەت بە عەرەبستان:
ئەی کاروانی دیدانییەکان،
ئەوانەی لەنێو دەوەنەکانی عەرەبستان شەو بەسەردەبەن،
بەرەوپیری تینوو، ئاو بهێنن.
ئەی دانیشتووانی خاکی تێما،
بە نانەوە بەرەو ڕووی هەڵاتوو بچن،
چونکە لە ڕووی شمشێر هەڵاتوون،
لە ڕووی شمشێری هەڵکێشراو،
لە ڕووی کەوانی توندکراو،
لە ڕووی سەختی جەنگ.
پەروەردگار ئەمەم پێ دەفەرموێت: «دوای یەک ساڵی ڕەبەق، هەموو شکۆمەندی قێدار بەسەردەچێت و پاشماوەی پاڵەوانە کەوان بەدەستەکانی نەوەی قێدار ژمارەیان کەم دەبن، چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل فەرمووی.»
Source notes (2)
- Footnote دەکرێت مەبەست لە ناوچەی خوارووی خاکی بابل بێت کە نزیکی کەنداوی فارس.
- Footnote مەبەست لە پێغەمبەر ئیشایایە.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.