Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

ئیشایا 11

لقەکە لە بنەماڵەی یەسا

چڵێک لە بنەداری یەسا دەردەچێت،

لقێکی نوێ لە ڕەگەکەیەوە دەڕوێت.

ڕۆحی یەزدان لەسەری دەنیشێتەوە،

ڕۆحی دانایی و تێگەیشتن،

ڕۆحی ڕاوێژ و ئازایەتی،

ڕۆحی زانین و لەخواترسی،

بە لەخواترسی شادمان دەبێت.

بەگوێرەی بینینی چاوی خۆی دادوەری ناکات،

بەگوێرەی بیستنی گوێی خۆی بڕیار نادات،

بەڵکو بە ڕاستودروستی دادوەری بۆ هەژاران دەکات و

بە ڕاستی بڕیار بۆ نەدارانی جیهان دەدات.

بە داردەستی دەمی لە زەوی دەدات،

بە بای لێوەکانی بەدکاران دەکوژێت.

ڕاستودروستی دەبێتە پشتێن و

دڵسۆزیش دەبێتە کەمەربەند بە ناوقەدیەوە.

گورگ لەگەڵ بەرخ نیشتەجێ دەبێت،

پڵنگ لەگەڵ کارەبزن پاڵ دەداتەوە،

گوێرەکە و بەچکە شێر و دابەستە پێکەوەن و

منداڵێکی بچووک بەڕێوەیان دەبات.

مانگا و ورچ پێکەوە دەلەوەڕێن،

بێچووەکانیان پێکەوە پاڵ دەدەنەوە،

شێر وەکو گا کا دەخوات.

کۆرپەی شیرەخۆرە لەسەر کونی ماری کۆبرا یاری دەکات،

لەشیربڕاوە دەست دەباتە ناو کونی مارەوە.

خراپە و گەندەڵی ناکەن لە هەموو کێوی پیرۆزم،

چونکە زەوی پڕ دەبێت لە ناسینی یەزدان

هەروەک ئاو دەریا دادەپۆشێت.

لەو ڕۆژەدا ڕەگەکەی یەسا کە چەقاوە وەک ئاڵای گەلان، نەتەوەکان داوای ئەو دەکەن و شوێنی حەوانەوەی شکۆدار دەبێت. لەو ڕۆژەدا پەروەردگار دووبارە دەستی درێژ دەکاتەوە بۆ کڕینەوەی پاشماوەی گەلەکەی خۆی، ئەوەی ماوەتەوە لە ئاشور، لە پاشایەتی باکووری میسر و پاشایەتی باشووری میسر، لە کوش1، ئیلام، بابل، حەمات و لە دوورگەکانی دەریا.

ئاڵایەک بۆ نەتەوەکان بەرز دەکاتەوە و

دوورخراوەکانی ئیسرائیل کۆدەکاتەوە،

پەرتەوازەکانی یەهودا خڕدەکاتەوە

لە هەر چوار لای زەوییەوە.

بەغیلی ئەفرایم نامێنێت و

هەراسانی یەهوداش دەبڕدرێتەوە،

ئەفرایم بەغیلی بە یەهودا نابات و

یەهوداش ئەفرایم هەراسان ناکات.

پێکەوە ڕووەو دەریا بەلای زوورگەکان پەلاماری فەلەستییەکان دەدەن و

خەڵکی ڕۆژهەڵات تاڵان دەکەن.

ئەدۆم و مۆئاب ژێردەستەیان دەبن،

عەمۆنییەکانیش گوێڕایەڵیان دەبن.

یەزدان کەنداوی دەریای میسر

تێکوپێک دەدات،

بە بایە سووتێنەرەکەی

دەستی ڕادەوەشێنێت بەسەر فوراتدا،

لێی دەدات و دەیکاتە حەوت جۆگە

بە پێڵاوەوە بەناویدا دەڕۆن.

دەبێت بە ڕێگا بۆ پاشماوەی گەلەکەی

ئەوانەی لە ئاشور دەمێننەوە

وەک ئەوەی بۆ ئیسرائیل بوو

لەو ڕۆژەی لە خاکی میسرەوە هاتنە دەرەوە.

Source notes (1)
  1. Footnote واتا ئەو ناوچەیە کە نزیکی سەرچاوەی ڕووباری نیل.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.