Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
عیبرانییەکان 7
مەلکیسادقی کاهین
ئەم مەلکیسادقە پاشای شالیم بوو، هەروەها کاهینی خودای هەرەبەرز بوو، کاتێک ئیبراهیم لە بەزاندنی پاشاکان گەڕایەوە، تووشی بوو و داوای بەرەکەتی بۆ کرد،1 ئەوەی ئیبراهیم دەیەکی هەموو شتێکی بۆ جیا کردەوە. یەکەم جار ناوی بە واتای «پاشای ڕاستودروستی» دێت، دواتر «پاشای شالیم» واتا «پاشای ئاشتی». بێ دایک و باوک، بێ ڕەچەڵەکە، بێ سەرەتای ڕۆژان و کۆتایی ژیان، بەڵکو وەک کوڕی خودا وایە، هەتاهەتایە وەک کاهین دەمێنێتەوە.
سەرنج بدەن چەند کەسێکی گەورە بووە، تەنانەت ئیبراهیمی بابەگەورە دەیەکی دەستکەوتی داوەتێ. بەڵام ئەوانەی لە نەوەی لێڤین و کاهینیێتییان وەرگرتووە، ڕاسپاردەیان هەیە کە بەگوێرەی تەورات دەیەک لە خەڵک وەربگرن، واتا لە براکانیان، هەرچەندە لە پشتی ئیبراهیمن. ئەوەی لە ڕەچەڵەکی ئەوانیش نییە، دەیەکی لە ئیبراهیم وەرگرت و ئەوەی بەڵێنەکانی هەیە بەرەکەتداری کرد. بێگومان بچووکترین لەلایەن گەورەترینەوە بەرەکەتدار دەکرێت. لێرەش خەڵکی کە دەمرن دەیەک وەردەگرن، بەڵام لەوێ شایەتی بۆ دەدرێت کە زیندووە. ئاوا قسەیەک دەکرێت: تەنانەت لێڤی2 کە دەیەک وەردەگرێ، خۆی لە ڕێگەی ئیبراهیمەوە دەیەکی داوە، چونکە کاتێک مەلکیسادق تووشی ئیبراهیم بوو، هێشتا لێڤی لە پشتی باوکیدا بوو.
عیسا وەک مەلکیسادقە
ئێستا ئەگەر بە ڕێگەی کاهینیێتی لێڤی تەواوەتی3 بەدەستبهاتبایە، کە گەلیش لەسەر ئەمە تەوراتی وەرگرت، ئایا پێویستە کاهینێکی دیکە لە پلەی مەلکیسادق و نەک لە پلەی هارون دابنرێت؟ چونکە ئەگەر کاهینیێتی بگۆڕدرێت، ئەوا پێویستە شەریعەتیش بگۆڕدرێت. ئەوەی ئەم باسەی لەسەر دەکرێ، سەر بە هۆزێکی جیاوازە، کەسیش لەم هۆزە خزمەتی قوربانگای4 نەکردووە. ئاشکرایە کە مەسیحی خاوەن شکۆمان سەر بە هۆزی یەهودایە، موساش لەبارەی کاهینیێتی باسی ئەم هۆزەی نەکردووە. زۆر ڕوونتریشە، ئەگەر لە شێوەی مەلکیسادق کاهینێکی دیکە دەربکەوێت، کە ئەو بەپێی تەورات بە کاهین دانەنراوە کە لە ڕێگەی ڕەچەڵەکەوەیە، بەڵکو بەپێی هێزی ئەو ژیانەی کە لەناوناچێت، چونکە شایەتی دەدات:
﴿هەتاهەتایە تۆ کاهینیت،
لە پلەی مەلکیسادق.﴾5
ئیتر ڕاسپاردەی پێشوو لابردرا، لەبەر ئەوەی لاواز و بێ سوود بوو، چونکە تەورات هیچ شتێکی تەواو نەکرد، بەڵکو هیوایەکی چاکتر هاتە کایەوە کە بەهۆیەوە لە خودا نزیک دەبینەوە.
ئەمەش بێ سوێند نەبوو. ئەوانەی دیکە بێ سوێند بوون بە کاهین، بەڵام ئەمە بە سوێندەوە بوو، لەوەی پێی فەرموو:
﴿یەزدان سوێندی خواردووە و
بڕیاری ناگۆڕێت:
«هەتاهەتایە تۆ کاهینیت.»﴾6
بەگوێرەی ئەم سوێندەش عیسا بووە دەستەبەری پەیمانێکی باشتر.
کاهینەکان زۆربوون، چونکە مەرگ بووە کۆسپ لەوەی بەردەوام بن. بەڵام لەبەر ئەوەی عیسا هەتاهەتایە دەمینێتەوە، کاهینیێتییەکی نەگۆڕی هەیە. بەو هۆیەوە دەتوانێ ئەوانە بە تەواوی ڕزگار بکات کە لە ڕێگەی ئەوەوە دەچنە لای خودا، ئەو هەمیشە دەژیێت تاکو داکۆکییان لێ بکات.
لەڕاستیدا ئەو جۆرە سەرۆکی کاهینانە هەموو پێویستییەکانمان دابین دەکات، ئەو پیرۆز و بێ گلەیی و بێگەردە، لە گوناهباران جیا کرایەوە و لە ئاسمان بەرزتر کرا. ئەو پێویستی بەوە نییە وەک سەرۆکی کاهینانی دیکە ڕۆژانە قوربانی بکات، یەکەم بۆ گوناهەکانی خۆی و دوایی بۆ گوناهەکانی گەلەکەی، چونکە یەک جار خۆی کرد بە قوربانی بۆ هەمووان. تەورات کەسانێک لە پێگەی سەرۆکی کاهینان دادەنێت کە لاوازییان هەیە، بەڵام وشەی سوێند کە دوای تەوراتە، کوڕەکە7 دادەنێت کە بۆ هەتاهەتایە کامڵ و تەواو کراوە.
Source notes (7)
- Footnote بڕوانە پەیدابوون 14:17-20.
- Footnote لێڤی کوڕی یاقوب بووە سەرهۆزی کاهینەکان لەناو گەلی جولەکە.
- Footnote تەواوی لە پیرۆزی و ڕاستودروستی خودا.
- Footnote مەبەست تەنها لەو قوربانگایەیە کە لە چادری پەیمان لە سەردەمی موسا و دوایی لە پەرستگای ئۆرشەلیم بوو.
- Footnote زەبوورەکان 110:4
- Footnote زەبوورەکان 110:4
- Footnote مەسیح
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.