Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

عیبرانییەکان 3

عیسا پایەبەرزترە لە موسا

کەواتە ئەی خوشک و برایانی پیرۆز، ئێوە کە لە بانگەوازی ئاسمانی بەشدارن، سەیری عیسا بکەن کە نێردراو و سەرۆکی کاهینانی دانپێدانانمانە. ئەو دڵسۆز بوو بەرامبەر ئەو خودایەی کە دەستنیشانی کرد، هەروەک موسا لە هەموو ماڵی خودا دڵسۆز بوو. عیسا بۆی دانرا شایانی شکۆیەکی زیاتر بێت لە موسا، وەک چۆن دروستکەری خانووێک ڕێزی لە خودی خانووەکە زیاترە. لەبەر ئەوەی هەموو خانووێک کەسێک دروستی کردووە، بەڵام ئەوەی هەموو شتێکی دروستکردووە خودایە. موسا وەک خزمەتکارێکی دڵسۆز لە هەموو ماڵی خودا بوو و شایەتی بۆ ئەو فەرمایشتانە دەدا کە لە داهاتوودا خودا دەیفەرموو. بەڵام مەسیح وەک کوڕەکە لەسەر ماڵی خودا1 دڵسۆزە، ئەو ماڵەش ئێمەین، ئەگەر دەستبگرین بەو متمانە و هیوایەی کە شانازی پێوە دەکەین.

ئاگادارکردنەوە لە دژی بێباوەڕی

لەبەر ئەوە، وەک ڕۆحی پیرۆز دەفەرموێ:

﴿ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت،

دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە یاخیبوونەکە ڕوویدا،

لە ڕۆژانی تاقیکردنەوە لە بیابان.

لەوێ باوباپیرانتان ئەزموونیان کردم و تاقییان کردمەوە2،

هەرچەندە بۆ ماوەی چل ساڵ کردارەکانی منیان بینی.

لەبەر ئەوە لەو نەوەیە تووڕە بووم،

فەرمووم: «دڵیان هەر بەرەو گومڕایی دەڕوات و

ڕێگای منیان نەناسی.»

بۆیە لە تووڕەییمدا سوێندم خوارد:

«نایەنە ناو حەسانەوەی من.»﴾3

خوشکان، برایان، ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک یەکێکتان دڵێکی خراپ و بێباوەڕی هەبێت کە لە خودای زیندوو هەڵبگەڕێتەوە. بەڵکو هەموو ڕۆژێک یەکتری هانبدەن، ئەوەندەی پێی دەگوترێ ﴿ئەمڕۆ،﴾4 تاکو کەستان بە فێڵی گوناه دڵی ڕەق نەبێت. بووینەتە هاوبەشی مەسیح، ئەگەر هەتا کۆتایی دەستبگرین بەو متمانەیەی لە سەرەتاوە هەمانە. وەک چۆن گوتراوە:

﴿ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت،

دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە یاخیبوونەکە ڕوویدا.﴾5

جا کێن ئەوانەی بیستیان و یاخیبوون؟ ئایا هەموو ئەوانە نەبوون کە لە میسر بە ڕابەرایەتی موسا هاتنە دەرەوە؟ خودا بۆ ماوەی چل ساڵ لە کێ تووڕە بوو؟ ئایا لەوانە نەبوو کە گوناهیان کرد و لە بیاباندا تەرمەکانیان کەوت؟ خودا سوێندی لە کێ خوارد کە ناچێتە حەسانەوەکەی؟ ئایا لەوانە نەبوو کە یاخیبوون؟ هەر بۆیە دەبینین لەبەر بێباوەڕییان نەیانتوانی بچنە شوێنی حەسانەوەکەی.

Source notes (5)
  1. Footnote ماڵی خودا: مەبەست لەو پیرۆزگایەیە کە لە ئاسماندا هەیە. بڕوانە زەبوورەکان 20‏:6.‏ ‏
  2. Footnote بڕوانە یاقوب 1‏:13‏،14‏.‏ ‏
  3. Footnote زەبوورەکان 95‏:7‏-11‏.‏ ‏
  4. Footnote زەبوورەکان 95‏:7.‏ ‏
  5. Footnote زەبوورەکان 95‏:7‏،8‏.‏ ‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.