Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

حەبەقوق 3

نوێژێکی حەبەقوق

نوێژێکی حەبەقوقی پێغەمبەر. لەسەر ئاوازی «شگیانۆت»:

ئەی یەزدان، هەواڵی تۆم بیست،

ئەی یەزدان، لە کارەکانت ترسام،

لە سەردەمی ئێمە دووبارەیان بکەوە،

با لە سەردەمی ئێمە بزانرێن،

لە تووڕەییدا بەزەیی بهێنەرەوە یادت!

خودا لە تێمانەوە هات،

پیرۆزەکە لە کێوی پارانەوە هات.1

شکۆی ئەو ئاسمانی داپۆشیوە و

ستایشی ئەو زەوی پڕکردووە.

پڕشنگی ئەو وەک تیشکی بەرەبەیانە،

لە دەستیەوە ڕووناکی دەبارێت،

لەوێدا توانای شاردرابووەوە.

پەتا لەپێشیەوە ڕۆیشت،

گرانەتاش لەدوای هەنگاوەکانی ئەو بوو.

ڕاوەستا و زەوی هەژاند،

تەماشای کرد و هەموو گەلەکانی لەرزاند.

چیا دێرینەکان کوتران،

گردە لەمێژینەکان هاتنە خوارەوە،

بەڵام یەزدان جاویدانییە.

چادرەکانی کوشانم لە تەنگوچەڵەمەدا بینی،

ڕەشماڵەکانی میدیان دەلەرزین.

ئەی یەزدان، ئایا جۆشی تووڕەیی تۆ لە ڕووبارەکان بوو؟

ئایا لە ڕووبارەکان تووڕە بوویت؟

ئایا هەڵچوونی تۆ لە دەریا بوو،

تاکو سواری ئەسپ بیت و

گالیسکەکانت بەرەو سەرکەوتن بچن؟

کەوانەکەی خۆتت ئامادە کرد و

داوای تیرێکی زۆرت کرد.

بە ڕووبارەکان زەویت شەقکردووە،

چیاکان تۆیان بینی و لەرزین،

لافاوی ئاوەکان تێپەڕین،

قووڵاییەکان دەنگیان هات،

شەپۆلەکانی بەرزبوونەوە.

خۆر و مانگ لە ئاسمان وەستان2،

بە بریسکانەوەی تیرە هاوێژراوەکانت،

بە درەوشانەوەی ڕمە پڕشنگدارەکەت.

بە تووڕەییەوە لەسەر زەوی گەڕایت،

بە تووڕەییەوە نەتەوەکانت وردوخاش کرد.

بۆ ڕزگارکردنی گەلەکەت هاتییە دەرەوە،

بۆ ڕزگارکردنی دەستنیشانکراوەکەت.

سەرۆکی وڵاتی بەدکارت وردوخاش کرد،

لە سەرەوە هەتا پێی ڕووتت کردەوە.

بە تیرەکانی خۆی سەری سەرکردەکانی ئەوت کونت کرد،

کاتێک هێرشیان هێنا بۆ پەرتەوازەکردنمان،

خۆشیان ئامادە کرد

بۆ ڕاوکردنی ئەو کڵۆڵەی خۆی ماتداوە.

بە ئەسپەکانت بەناو دەریادا ڕێگات گرتەبەر،

ئاوە زۆرەکانت هەژاند.

بیستم و هەناوم کەوتە خوارەوە،

لەبەر دەنگەکە لێوەکانم لەرزین،

ئێسکەکانم کلۆر بوون،

چۆکم لەرزی.

لەگەڵ ئەوەشدا بە ئارامییەوە چاوەڕێی ڕۆژی تەنگانەم

بۆ ئەو نەتەوانەی هێرشیان هێنایە سەرم.

لەگەڵ ئەوەی دار هەنجیر گوڵ ناکات و

دار مێوەکان هێشووە ترێیان نییە،

لەگەڵ ئەوەی دار زەیتوون بەر ناگرێت و

کێڵگەکان خواردن بەرهەم ناهێنن،

لەگەڵ ئەوەی مەڕ لە پشتیر3 دەبڕدرێتەوە و

مانگا لەسەر ئاخوڕ نییە،

بەڵام من بە یەزدان دڵشاد دەبم،

بە خودای ڕزگارکەرم دڵخۆش دەبم.

یەزدانی پەروەردگار هێزی منە،

پێیەکانم وەک پێی ئاسک لێدەکات،

توانام پێ دەبەخشێت بچمە سەر بەرزاییەکان.

بۆ سەرۆکی گۆرانیبێژەکان، لەسەر ئامێرە ژێدارەکانم.

Source notes (3)
  1. Footnote لە دەقی عیبری لێرە و لە ناوەڕاستی ئایەتی 9 و لە کۆتایی ئایەتی 13، وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏
  2. Footnote بڕوانە یەشوع 10‏:12‏-14.‏ ‏
  3. Footnote پشتیر: گەوڕ، شوێنێکی تایبەت بووە بە پەروەردەکردنی ئاژەڵ.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.