Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
حزقیێل 8
گڵاوکردنی پەرستگا
ئەوە بوو لە پێنجی مانگی شەشی ساڵی شەشەم،1 کاتێک لە ماڵی خۆم دانیشتبووم و پیرانی یەهوداش بەرامبەرم دانیشتبوون، لەوێ ڕۆحی یەزدانی باڵادەست هاتە سەرم. جا تەماشام کرد ئەوەتا شێوەیەکی وەک مرۆڤم بینی، وێنەکەی لە ناوقەدیەوە بەرەو خوارەوە ئاگر و لە ناوقەدیەوە بەرەو سەرەوە وەک وێنەی بریسکانەوە لە شێوەی کانزایەکی ئاگراوی بوو. شتێکی درێژکرد لە شێوەی دەست بوو، بە قژی سەرم منی گرت. ڕۆحی خودا لەنێوان زەوی و ئاسماندا هەڵیگرتم و لە چەند بینینێکدا منی هێنایە ئۆرشەلیم، بۆ داڵانی دەروازەکەی حەوشەی ناوەوە، ئەوەی ڕووەو باکوورە کە دیوەخانی ئەو پەیکەرەیە2 کە ئیرەیی3 خودا دەجۆشێنێت. شکۆمەندی خودای ئیسرائیل لەوێ بوو، وەک ئەو بینینەی کە لە دەشتەکە بۆم ئاشکرا کرا.
ئینجا پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، چاوت بەرەو ڕێگای باکوور هەڵبڕە.» چاوم بەرەو ڕێگای باکوور هەڵبڕی و ئەو پەیکەرەم بینی کە ئیرەیی خودا دەجۆشێنێت، لەلای دەرگای باکووری حەوشەی قوربانگاکە، بەرامبەر دەروازەی باکوور.
پاشان پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بینیت چی دەکەن؟ ئەو قێزەونییە گەورانەی کە بنەماڵەی ئیسرائیل لێرە دەیکەن، بۆ ئەوەی لە پیرۆزگاکەم دوورم بخەنەوە؟ بەڵام هێشتا شتی قێزەونتریش دەبینیت.»
ئینجا منی هێنایە بەر دەرگای حەوشەکە، جا تەماشام کرد و کونێکم لە دیوارەکە بینی. پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئێستا دیوارەکە هەڵکۆڵە.» منیش دیوارەکەم هەڵکۆڵی و دەرگایەکم بینییەوە.
پێی فەرمووم: «بڕۆ ژوورەوە و ئەو نەریتە قێزەونە خراپانە ببینە کە لەوێ دەیکەن.» منیش چوومە ژوورەوە و سەیرم کرد، ئەوەتا شێوەی هەموو جۆرە خشۆکێک و گیانلەبەری گڵاو و هەموو بتەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل لەسەر دیوارەکە بە هەر چواردەوریدا وێنەی کێشراوە. حەفتا پیاو لە پیرانی بنەماڵەی ئیسرائیل لەبەردەمیان وەستابوون و یازەنیاهوی کوڕی شافانیش لە ناوەڕاستیان وەستابوو. هەرکەسێک بخووردانی خۆی بەدەستەوە بوو، بۆنی دووکەڵی بخووریش هەڵدەستا.
پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بینیت پیرانی بنەماڵەی ئیسرائیل لە تاریکیدا چی دەکەن، هەرکەسە و لە نزرگەی بتەکەی خۆی؟ دەڵێن: ”یەزدان نامانبینێت، یەزدان خاکەکەی بەجێهێشتووە.“» ئینجا پێی فەرمووم: «هێشتا دەگەڕێیتەوە و کاری قێزەونتریش دەبینیت کە ئەوان دەیکەن!»
پاشان منی هێنایە داڵانی دەروازەی ماڵی یەزدان، ئەوەی ڕووەو باکوورە، ئەوەتا ژنان دانیشتوون و بۆ تەمووز4 دەگریێن. پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەمەت بینی؟ هێشتا دەگەڕێیتەوە و کاری قێزەونتریش دەبینیت.»
ئینجا منی هێنایە حەوشەکەی ناوەوەی ماڵی یەزدان، ئەوەتا لەلای داڵانی پیرۆزگای یەزدان لەنێوان هەیوان و قوربانگاکە، نزیکەی بیست و پێنج پیاو پشتیان لە پەرستگای یەزدانە و ڕوویان لە ڕۆژهەڵاتە، ڕووەو ڕۆژهەڵات کڕنۆشیان بۆ خۆر بردووە.
پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بینیت؟ ئایا ئەو کردەوە قێزەونانەی بنەماڵەی یەهودا لێرە کردوویانە کەمە؟ سەرباری ئەوەش خاکەکەیان پڕکردووە لە ستەم و دەگەڕێنەوە بۆ پەستکردنم، ببینە چیلکە دار لە لووتیان نزیک دەکەنەوە5. لەبەر ئەوە من بە تووڕەییەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا دەکەم، چاوەکانم بەزەییان نایەتەوە و دەستم لێیان ناپارێزم. ئەگەر بە دەنگی بەرز لە گوێمدا هاوار بکەن گوێیان لێ ناگرم.»
Source notes (5)
- Footnote مەبەست لەو ماوەیە لەدوای ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشای یەهودا بۆ بابل، کە بەرامبەر بە ساڵنامەی ئێستا دەکاتە حەڤدەی مانگی نۆ ساڵی 592ی پێش زایین.
- Footnote مەبەست لە پەیکەری ئەشێرەی خواژنە کەنعانییەکانە کە خوداوەندی زاوزێ بوو، خەڵکی لە دەوروبەری وەک جۆرێک لە پەرستن هەموو داوێنپیسییەکیان دەکرد. بڕوانە دووەم پاشایان 21:7 .
- Footnote ئیرەیی: واتای هەڵوێستی توندی خودا بەرامبەر بە بتپەرستی، چونکە خودا دەیەوێت تەنها ئەو بپەرسترێت.
- Footnote تەمووز: خوداوەندی زاوزێی بابلییەکان و خوداوەندی جیهانی خوارەوە، واتا جیهانی مردووان.
- Footnote هێمایەکی ئاشورییەکان بوو بۆ پەرستنی خوداوەندەکانیان.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.