Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

حزقیێل 27

شیوەنێک بۆ سور

فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، شیوەنێک بۆ سور بگێڕە. بە سور بڵێ: ئەی نیشتەجێ لەلای گەرووی دەریا، ئەوەی لە زۆربەی کەنارەکان بازرگانی لەگەڵ گەلان دەکات، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:

«”ئەی سور، تۆ گوتت

’من تەواو جوانم.‘

سنوورەکانت لەناو جەرگەی دەریاکان،

بنیادنەرانت جوانی تۆیان تەواو کرد.

هەموو تەختە دارەکانیان

لە دار سنەوبەری سنیر1 بۆت دروستکرد.

لە لوبنانەوە دارێکی ئورزیان هێنا

تاکو داری ئاڵات بۆ دروستبکەن.

لە دار بەڕووەکانی باشان

سەوڵەکانی تۆیان دروستکرد.

تەختەداری درێژی کەشتییەکەت لە داری سەروون لە کەنارەکانی قوبرسەوە هێنراون،

بە عاج ڕازاوەن.

کەتانی نەخشێنراوی میسر

چارۆکەکەتە هەتا بۆت ببێتە ئاڵا.

قوماشی مۆر و ئەرخەوانی لە کەنارەکانی ئەلیشایەوە

چەترت بوون.

خەڵکی سەیدا و ئەرڤاد

سەوڵیان بۆ لێدەدایت.

ئەی سور، پیاوە داناکانت کە لەناوتدا بوون،

ئەوان کەشتیوانت بوون.

پیرانی جوبەیل2 و داناکانی لەسەر پشتی تۆ بوون،

کون و کەلێنەکانیان بۆت پڕ دەکردەوە.

هەموو کەشتییەکانی دەریا و کەشتیوانەکانیان هاتنە تەنیشتت،

بۆ بازرگانیکردن بە کەلوپەلەکانت.

«”پیاوانی فارس و لوود و پووت

لە ڕیزی سوپاکەت جەنگاوەرت بوون،

قەڵغان و کڵاوی ئاسنینیان لەسەر شووراکانت هەڵواسی،

ئەوانە شکۆیان بە تۆ بەخشی.

نەوەی ئەرڤاد لەگەڵ سوپاکەت

بە چواردەورتدا لەسەر شووراکانت بوون،

گەمادییەکان لەناو قوللەکانت بوون،

قەڵغانەکانیان بە چواردەورتدا لەسەر شووراکانت هەڵواسی،

ئەوانە جوانی تۆیان تەواو کرد.

«”تەرشیش بەهۆی دەوڵەمەندی و زۆری کاڵاکانت بازرگانی لەگەڵ دەکردیت، زیو و ئاسن و تەنەکە و قورقوشمی بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

«”یۆنان و توبال و مەشەک بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، کۆیلە و کەلوپەلی بڕۆنزیان بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

«”دانیشتووانی بێت‌تۆگەرما ئەسپ و ئەسپی سواری و هێستریان بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

«”خەڵکی ڕودس3 بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، زۆر لە کەنارەکان بازاڕی فرۆشتنی کاڵاکانی تۆ بوون، لە جیاتی نرخەکەی عاج و داری ئەبەنوسیان پێدەدایت.

«”ئارامییەکان لەبەر زۆری کارە دەستکردەکانت بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، بەردە پیرۆزە،4 قوماشی ئەرخەوانی، کاری ئەتەمین5، کەتانی ناسک، مەرجان و یاقووتیان6 بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

«”یەهودا و خاکی ئیسرائیل بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، گەنمی مینیت و شیرینەمەنی و هەنگوین و زەیت و مەرهەمی هەتووانیان7 بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

«”دیمەشق بازرگانی لەگەڵ دەکردیت بەهۆی زۆری کارە دەستکردەکانت و فرەیی سامانەکەت، شەرابی حەلبۆن و خوری چاحەریان لەگەڵت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

«”دانییەکان و یۆنانییەکان لە ئوزال ئاڵوگۆڕیان بە کاڵاکانت دەکرد، ئاسنی کوتراو و کاسیا8 و قامیشی بۆنخۆشیان لەگەڵ کەلوپەلەکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

«”دیدان بازرگانی لەگەڵ دەکردیت بۆ زینی لباد، بۆ سواربوون.

«”عەرەبستان و هەموو میرەکانی قێدار بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، لە بەرخ و بەران و نێری، بەمە بازرگانییان لەگەڵ کردیت.

«”بازرگانەکانی شەبا و ڕەعما بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، زێڕ و هەموو جۆرە بۆنێکی خۆش و بەردە گرانبەهاکانیان لە باشترین جۆر لەگەڵ کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

«”حەڕان و کەنێ و عەدەن و بازرگانەکانی شەبا و ئەشوور و کیلمەد بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت. ئەوانە لە بازاڕەکانت بە جل و بەرگی جوان، قوماشی مۆر، کاری ئەتەمین، بەڕەی چنراو و ڕەنگین بە دەزووی ڕستراو و پتەو بازرگانییان لەگەڵ کردیت.

«”کەشتییەکانی تەرشیش کاڵاکانت بار دەکەن.

لە باری گران لەناو جەرگەی دەریاکان پڕیت.

ئەوانەی سەوڵت بۆ لێدەدەن

بۆ ناو ئاوە زۆرەکان دەتبەن،

بەڵام بای ڕۆژهەڵات لەناو

جەرگەی دەریاکان تێکتدەشکێنێت.

سامان و کاڵا و کەلوپەلەکانت،

کەشتیوان و دەریاوان و وەستاکانت،

ئاڵوگۆڕکەران بە کەلوپەلەکەت، هەموو جەنگاوەرەکانت کە لەناو تۆدان،

هەموو سەرنشینەکانت کە لە ناوەڕاستی تۆن،

لە ڕۆژی ژێر ئاو کەوتنت

دەکەونە ناو جەرگەی دەریاوە.

لە دەنگی هاواری کەشتیوانەکانت

کەنارەکان دەلەرزن.

هەموو سەوڵلێدەر و کەشتیوانە بە ئەزموونەکان و

کەشتیوانە ئاساییەکانی دەریا،

لە کەشتییەکانیان دادەبەزن و

لەسەر کەنار ڕادەوەستن،

دەنگیان بۆت بەرز دەکەنەوە و

بە تاڵییەوە دەقیژێنن،

خۆڵ دەکەن بەسەر سەری خۆیاندا و

لەناو خۆڵەمێش خۆیان دەگەوزێنن.

بۆ تۆ پرچی سەریان دەتاشن و

جلوبەرگی گوش دەپۆشن.

بە تاڵی گیانەوە گریانێکی تاڵ

بۆت دەگریێن.

لە کاتی گریانیان لاوانەوەیەک بەرز دەکەنەوە،

بۆت دەلاوێننەوە:

’کێ وەک سور لەناو جەرگەی دەریا

بێدەنگی نواند؟‘

کاتێک کاڵاکانت بە دەریاکاندا ناردە دەرەوە،

گەلانێکی زۆرت تێر کرد.

بە زۆری سامان و کەلوپەلەکانت

پاشایانی زەویت دەوڵەمەند کرد.

کاتێک لە دەریاکان تێکشکایت

لەناو قووڵایی ئاوەکان،

کەرەستە و هەموو سەرنشینەکەت

لەگەڵت نوقوم بوون.

هەموو دانیشتووانی کەنارەکان

واقیان لێت وڕدەمێنێت،

پاشاکانیان موچڕکەیان پێدا دێت،

ڕوخساریان دەشێوێت.

بازرگانانی نێو گەلان فیکەت بۆ لێ دەدەن،

کۆتاییەکەت ترسناک دەبێت و

ئیتر بۆ هەتاهەتایە نامێنیت.“»

Source notes (8)
  1. Footnote سنیر: دەگەڕێتەوە بۆ چیای حەرمۆن. بڕوانە دواوتار 3‏:9‏ .‏
  2. Footnote شاری جوبەیل شارێکی کۆنە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 7000 لەمەوپێش، ئەمرۆ بە دووری 38 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری بەیروت.‏
  3. Footnote دوورگەیەکە لە دەریای سپی ناوەڕاست.‏
  4. Footnote بەردە پیرۆزە: بەردێکی شینی سەوزباوە.‏
  5. Footnote نەخشاندنی قوماش بە دەست.‏
  6. Footnote یاقووت: گەوهەری سووری تێر.‏
  7. Footnote ئازارشکێن.‏
  8. Footnote دارێکە بۆ بۆنخۆشی بەکاردێت.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.