Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

حزقیێل 1

گیانلەبەرەکان و شکۆمەندی یەزدان

لە پێنجی مانگی چواری ساڵی سییەم،1 کاتێک من لەسەر نۆکەندی کەڤار لەنێو ڕاپێچکراوەکان بووم، ئاسمان کرایەوە و خودا چەند بینینێکی بۆ ئاشکرا کردم. ئەمەش ساڵی پێنجەمی ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشا بوو.2

لە پێنجی مانگدا، فەرمایشتی یەزدان بۆ حزقیێلی کاهین کوڕی بوزی هات، لە خاکی بابلییەکان لەسەر نۆکەندی کەڤار، لەوێش ڕۆحی یەزدان هاتە سەری.

جا تەماشام کرد بینیم ڕەشەبایەک لە باکوورەوە هات، هەورێکی گەورە کە ئاگرێکی تێدابوو دەبریسکایەوە و لە دەوروبەری ڕووناکی دەدرەوشایەوە. لە چەقی ناوەڕاستی ئاگرەکەش وەک دیمەنی کانزایەکی ئاگراوی بوو. لە هەورەکەشدا شێوەی چوار گیانلەبەر هەبوو، ئەمەش دیمەنیان بوو، لە شێوەدا لە دیمەنی مرۆڤێک دەچوو، بەڵام هەریەکە چوار ڕوخسار و چوار باڵی هەبوو. قاچەکانیان ڕێکوڕاست بوون و پێیەکانیان وەک پێی گوێرەکە وابوون، وەک بڕۆنزی لووسکراو دەبریقانەوە. لە خوار باڵەکانیانەوە لە هەر چوار لاوە دەستی مرۆڤیان هەبوو. هەر چوار گیانلەبەرەکە ڕوخسار و باڵیان هەبوو، باڵەکانیشیان هەریەکە و بەوەی تەنیشتیەوە لکابوو. لە کاتی ڕۆیشتندا هەریەکە ڕێک بەرەو پێشەوە دەڕۆیشت و لای نەدەدا.

ڕوخساری هەر چواریان بەم شێوەیە بوو: لەپێشەوە ڕوخساری مرۆڤ، لەلای ڕاست ڕوخساری شێر، لەلای چەپ ڕوخساری گا، لە پشتەوەش ڕوخساری هەڵۆ، ئەمە ڕوخساریان بوو. هەروەها باڵەکانیان بەرەو سەرەوە لێک کرابوونەوە، هەریەکە بە دوو باڵ بە گیانلەبەرەکەی دیکەوە لکابوو، بە دوو باڵەکەی دیکەش لەشی خۆیان دادەپۆشی. هەریەکەیان بەرەو پێشەوە دەڕۆیشت، ڕۆحی خودا دەچووە هەر شوێنێک ئەوانیش دەچوون، لە ڕۆیشتنیش لایان نەدەدا. هەروەها دیمەنی گیانلەبەرەکان وەک پشکۆی ئاگری داگیرساو یان وەک چەند مەشخەڵێک بوون. ئاگر لەنێوان گیانلەبەرەکاندا هاتوچۆی دەکرد، ئاگرەکەش ڕەوشەن بوو، لە ئاگرەکەوە بروسکە دەردەچوو. گیانلەبەرەکانیش وەک بروسکە دەهاتن و دەچوون.

تەماشای گیانلەبەرەکانم کرد کە هەریەکەیان چوار ڕووی هەبوو، لەلای هەر یەکێکیان چەرخێک هەبوو لەسەر زەوی. دیمەن و پێکهاتنی چەرخەکان بەم جۆرە بوون: هەر چواریان یەک شێوەیان هەبوو، وەک زەبەرجەد دەبریسکانەوە، پێکهاتنیشیان وەک ئەوەی چەرخ لەناو چەرخدا بێت. کاتێک کە دەڕۆیشتن، بە ئاراستەی هەر چوار لادا دەڕۆیشتن، چەرخەکان لە کاتی ڕۆیشتنی گیانلەبەرەکاندا لایان نەدەدا. هەروەها چێوەکانیان بەرز و ترسناک بوون، چێوەکانی هەر چواریان پڕ بوون لە چاو3 لە هەر چواردەوریاندا.

کە گیانلەبەرەکان دەڕۆیشتن، چەرخەکان لەتەنیشتیانەوە دەڕۆیشتن. کاتێک گیانلەبەرەکان لەسەر زەوی بەرز دەبوونەوە، چەرخەکانیش لەگەڵیاندا بەرز دەبوونەوە. بۆ هەرکوێ ڕۆحی خودا دەڕۆیشت ئەوانیش دەچوون، چەرخەکانیش لەگەڵیاندا بەرز دەبوونەوە، چونکە ڕۆحی گیانلەبەرەکان لە چەرخەکاندا بوو. کە گیانلەبەرەکان دەجوڵانەوە، چەرخەکانیش دەجوڵانەوە، کە گیانلەبەرەکان دەوەستان ئەوانیش دەوەستان، کە گیانلەبەرەکان لەسەر زەوی بەرز دەبوونەوە چەرخەکانیش لەگەڵیاندا بەرز دەبوونەوە، چونکە ڕۆحی گیانلەبەرەکان لە چەرخەکاندا بوو.

لە سەرەوە بەسەر سەری گیانلەبەرەکانەوە شێوەی بۆشاییەک خۆی کێشا بووەوە، وەک دیمەنی بلوور دەبریسکایەوە و ترسناک بوو. لەژێر بۆشاییەکە باڵەکانیان بەرەو یەکتر درێژ ببوونەوە، هەروەها هەریەکە دوو باڵی دیکەی هەبوو کە لەشیانی دادەپۆشی. کە ڕۆیشتن گوێم لە دەنگی باڵەکانیان بوو وەک دەنگی هاژەی ئاوێکی زۆر بوو، وەک دەنگی خودای هەرە بەتوانا، وەک دەنگی هاتوهاواری سوپا. کاتێک کە ڕاوەستان باڵەکانیان شۆڕ کردەوە.

کاتێک کە ڕاوەستان و باڵەکانیان شۆڕکردەوە، دەنگێک لە بۆشاییەکەی سەر سەریانەوە هات. لەسەر بۆشاییەکەی سەر سەریان، شتێکی وەک تەختێکی پاشایەتی هەبوو، لە دیمەنی یاقووتی شین4 دەچوو، لە سەرووی هەموویەوە شێوەیەک وەک دیمەنی مرۆڤ لەسەر تەختەکە بوو. بینیم لە ناوقەدی بەرەو سەرەوە وەک دیمەنی کانزایەکی ئاگرین لەناوەوە و لە دەوروبەری، لە ناوقەدیشی بەرەو خوارەوە بە چەشنی ئاگر بوو، شەوقی دەدایەوە بۆ دەوروپشتی. وەک دیمەنی پەلکەزێڕینە لە هەوردا لە ڕۆژی باران، شەوقەکەش ئاوا بوو بۆ دەوروبەری.

ئەمە دیمەنی شێوەی شکۆمەندی یەزدان بوو. کاتێک بینیم بەسەر ڕوومدا کەوتم و گوێم لە دەنگێک بوو قسەی دەکرد.

Source notes (4)
  1. Footnote دەشێت ساڵی سییەمی ژیانی حزقیێل بێت.‏
  2. Footnote ساڵی پێنجەمی ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشا بەرامبەر بە ساڵنامەی ئێستا دەکاتە ساڵی 593 پێش زایین.‏
  3. Footnote دەشێت مەبەست لە بەردی گرانبەها بێت، کە لە شێوەی چاودایە.‏
  4. Footnote یاقووتی شین: دەشێت لاجیوەرد بێت.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.