Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

دەرچوون 30

قوربانگای بخوور سووتاندن

«قوربانگای بخوور سووتاندنیش لە داری ئەکاسیا دروستبکە. درێژییەکەی باڵێک1 و پانییەکەی باڵێک، چوار گۆشە بێت، بەرزاییەکەشی دوو باڵ2، قۆچەکانیش لە خۆی بێت. بە زێڕی بێگەردیش ڕووکەشی بکە، سەرەوەی و دیوارەکانی بە چواردەوریدا لەگەڵ قۆچەکانی، هەروەها چوارچێوەیەکی زێڕینیشی بە چواردەوردا بۆ دروستبکە. دوو ئەڵقەی زێڕینیشی بۆ دروستبکە، لەژێر چوارچێوەکەیەوە، لەسەر هەردوو لایەکەی دروستی بکە، بۆ ئەوەی ببنە گیرە بۆ دوو دار بۆ ئەوەی پێیان هەڵبگیرێت. دوو دارەکەش لە داری ئەکاسیا دروستبکە و بە زێڕ ڕووکەشیان بکە. قوربانگاکە لەپێش ئەو پەردەیە دادەنێیت کە لەبەردەم سندوقی پەیمانە، لەبەردەم قەپاغی کەفارەت کە لەسەر ئەو دوو تەختەی پەیمانە، ئەوەی لەوێ چاوپێکەوتنت لەگەڵ دەکەم.

«هارون هەموو بەیانییەک بخووری بۆنخۆشی لەسەر بسووتێنێت، کاتێک چراکان ئامادە دەکات بیسووتێنێت. هەروەها کاتێک هارون ئێواران چراکان سەردەخات بیسووتێنێت، بخوورێکی بەردەوامە لەبەردەم یەزدان بۆ نەوەکانتان. هیچ بخووری دیکەی مەخەنە سەر، هەروەها قوربانی سووتاندن و دانەوێڵەی پێشکەشکراو، هیچ شەرابێکی پێشکەشکراویشی بەسەردا مەڕێژن. هارونیش ساڵی جارێک کەفارەت لەسەر قۆچەکانی بکات، لە خوێنی قوربانی گوناه کە بۆ کەفارەتە، ساڵی جارێک کەفارەتی لەسەر دەکرێت بۆ نەوەکانتان، هەرەپیرۆزە بۆ یەزدان.»

زیوی کەفارەت

یەزدان بە موسای فەرموو: «کاتێک سەرژمێری نەوەی ئیسرائیل دەکەیت، لە کاتی تۆمارکردنیان هەریەکە و نرخی ژیانی خۆی دەداتە یەزدان، ئیتر کارەساتیان تێناکەوێت کاتێک دەیانژمێریت. هەرکەسێک لە سەرژمێریکراوەکان پێویستە نیو شاقلە3 بە شاقلی پیرۆزگا بدات، کە هەر شاقلێکیش بیست گێرایە4. ئەم نیو شاقلە بە پێشکەشکراو بۆ یەزدان دادەنرێت. هەموو ئەوانەی دەژمێردرێن لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، پێشکەشکراو دەدەنە یەزدان. دەوڵەمەند زیاتر نادات و هەژاریش لە نیو شاقل کەمتر نادات، کاتێک پێشکەشکراوەکەی یەزدان بۆ کەفارەتی خۆتان دەدەن. زیوی کەفارەتەکەش لە نەوەی ئیسرائیل وەردەگریت و بۆ خزمەتی چادری چاوپێکەوتن دایدەنێیت. بۆ نەوەی ئیسرائیل دەبێتە یادەوەری لەبەردەم یەزدان بۆ کەفارەتی گیانتان.»

حەوزێک بۆ شوشتن

هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «حەوزێک لە بڕۆنز دروستبکە و ژێرەکەشی لە بڕۆنز بێت بۆ شوشتن، لەنێوان چادری چاوپێکەوتن و قوربانگاکەی دابنێ و ئاوی تێبکە. هارون و کوڕەکانی دەست و پێیانی لێ بشۆن، لە کاتی چوونە ژوورەوەیان بۆ چادری چاوپێکەوتن بە ئاو بیشۆن نەوەک بمرن. هەروەها کاتێک لە قوربانگاکە نزیک دەبنەوە بۆ خزمەت بۆ سووتاندنی قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان، دەست و پێیان بشۆن نەوەک بمرن. ئەمەش دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی بۆ هارون و بۆ وەچەکەی لە نەوەکانیان.»

زەیتی دەستنیشانکردن

هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «تۆش بۆ خۆت باشترین بۆن ببە، پێنج سەد شاقل5 ئاوی موڕ6 و نیوەی ئەوە دوو سەد و پەنجا شاقل دارچینی بۆنخۆش و دوو سەد و پەنجا شاقل قامیشی بۆنخۆش، کاسیاش7 پێنج سەد شاقل، هەمووی بەگوێرەی شاقلی پیرۆزگا بێت، هەروەها لە زەیتی زەیتوونیش هەینێک8. بەمانە زەیتی پیرۆز بۆ دەستنیشانکردن دروستبکە، تێکەڵ وەک دەستکردی عەتار، دەبێتە زەیتی پیرۆز بۆ دەستنیشانکردن. ئینجا چادری چاوپێکەوتن و سندوقی پەیمان، لەگەڵ مێزەکە و هەموو قاپوقاچاغەکانی و چرادانەکە و قاپوقاچاغەکانی و قوربانگاکەی بخوور و قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن و هەموو قاپوقاچاغەکانی و حەوزەکە و ژێرەکەی پێ چەور دەکەیت. تەرخانیان بکە و دەبنە هەرەپیرۆز، هەر شتێک پێیان بکەوێت پیرۆز دەبێت.

«هارون و کوڕەکانیشی دەستنیشان بکە و تەرخانیان بکە بۆ ئەوەی کاهینیێتیم بۆ بکەن. لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلیش قسە بکە و بڵێ: ”ئەمە بۆ من دەبێتە زەیتێکی پیرۆز بۆ دەستنیشانکردنی کەسانێک لە نەوەکانتان. نابێت بەسەر لەشی کەسدا بکرێت و نابێت بە پێوانەکانی وەک ئەو دروستبکرێت. ئەم زەیتە پیرۆزە، دەبێت لەلاتان پیرۆز بێت. هەرکەسێک وەک ئەوە عەتاری بکات و ئەو زەیتە لە کەسانی دیکە بدات، لەنێو گەلەکەیدا دادەبڕدرێت.“»

بخوور

هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «بۆنوبەرام بۆ خۆت ببە، مەستەکی و بۆنی گوێچکە ماسی و موڕی بۆنخۆش و بخووری سادە، بەشی یەکسان بن، بیانکە بە بخووری بۆنخۆش، دەستکردی عەتار، سوێرکراوی بێگەرد و پیرۆز. هەندێکی لێ ورد بکە وەک تۆز و لەبەردەم سندوقی پەیمان دایبنێ لەناو چادری چاوپێکەوتن، ئەوەی لەوێ چاوپێکەوتنت لەگەڵ دەکەم، دەبێتە هەرەپیرۆز بۆتان. ئەو بخوورەی بە پێوانەی ئەو دروستی دەکەن نابێت بۆ خۆتانی دروستبکەن، لەلاتان پیرۆز دەبێت بۆ یەزدان، هەرکەسێک وەک ئەوە دروستبکات هەتا بۆنی بکات، لەنێو گەلەکەیدا دادەبڕدرێت.»

Source notes (8)
  1. Footnote باڵێک: نزیکەی نیو مەتر.‏
  2. Footnote دوو باڵ: نزیکەی 90 سانتیمەتر.‏
  3. Footnote نیو شاقل: نزیکەی شەش گرام زیو.‏
  4. Footnote یەک گێرا: نزیکەی 0‏،6 گرام؛ 20 گێرا: نزیکەی 12 گرام.‏
  5. Footnote نزیکەی شەش کیلۆگرام.‏
  6. Footnote موڕ ئاوێکی بۆن خۆشە لە گەڵای جۆرە گوڵێک دەردەچێت.‏
  7. Footnote دارێکە بۆ بۆنخۆشی بەکاردێت.‏
  8. Footnote هەینێک: نزیکەی چوار لیتر.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.