Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
دەرچوون 25
پیتاک بۆ پێداویستییەکانی چادری پەرستن
یەزدان بە موسای فەرموو: «بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ با بەخشینم پێشکەش بکەن، هەر یەکێک کە لەسەر دڵی بێت ببەخشێت.
«ئەمانەش ئەو پێشکەشکراوانەن کە لێیان وەردەگرن:
«زێڕ و زیو و بڕۆنز؛
ڕیسی جوان و باریک بە ڕەنگی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ،
کەتانی ناسک و مووی بزن؛
پێستی بەران کە بە ڕەنگی سوور ڕەنگکرابوو و پێستی مانگای دەریا1
و داری ئەکاسیا2؛
زەیتی زەیتوون بۆ چرا؛
بۆنوبەرام بۆ زەیتی دەستنیشانکردن و بۆ بخووری بۆنخۆش؛
بەردی عاشقبەند و بەردی گرانبەهای دیکە بۆ ئێفۆد3 و بۆ بەرسینە.
«پیرۆزگایەکیشم بۆ دروستدەکەن بۆ ئەوەی لەنێویاندا نیشتەجێ بم، وەک هەموو ئەوەی پیشانت دەدەم لە نموونەی چادری پەرستن و نموونەی هەموو کەلوپەلەکانی، بەم شێوە دروستی بکەن.
سندوقی پەیمان
«سندوقێکیش لە داری ئەکاسیا دروستبکرێت، درێژییەکەی دوو باڵ و نیو4 و پانییەکەی باڵ و نیوێک5 و بەرزییەکەی باڵ و نیوێک بێت، ڕووی ناوەوە و دەرەوەی بە تەواوی بە زێڕی بێگەرد ڕووکەش بکرێت و بە چواردەوریشیدا چوارچێوەی زێڕینی بۆ دروستبکرێت. چوار بازنەی زێڕینیشی بۆ دابڕێژرێت و لەسەر چوار پایەکەی دابنرێت، دوو بازنە لەلایەک و دوو بازنەش لەلایەکەی دیکەی. دوو داریش لە داری ئەکاسیا دروستبکرێت و بە زێڕ ڕووکەش بکرێن. دارەکانیش بخرێتە ناو بازنەکانی سەر هەردوو لای سندوقەکە، بۆ هەڵگرتنی سندوقەکە پێیان. دارەکان لەناو بازنەکانی سندوقەکە دەبن، لێیان دەرناهێنرێن. لەناو سندوقەکەش6 ئەو دوو تەختەی پەیمان7 دادەنێیت کە پێت دەدەم.
«قەپاغی کەفارەتیش8 لە زێڕی بێگەرد دروستبکرێت کە دوو باڵ و نیو درێژییەکەی و باڵ و نیوێک پانییەکەی بێت. دوو کەڕوب9 لە زێڕی کوتراو دروستبکرێت، بە هەردوو لای قەپاغی کەفارەتەکەوە بکرێت. کەڕوبێک لەلایەک دروستبکرێت و کەڕوبەکەی دیکەش لەلایەکەی دیکە، هەردوو کەڕوبەکان لەگەڵ قەپاغەکەی کەفارەت یەک پارچە بن. دەبێت کەڕوبەکانیش باڵیان بۆ سەرەوە لێک کردبێتەوە و بە باڵەکانیان سێبەریان بەسەر قەپاغی کەفارەتەکە کردبێت. کەڕوبەکان ڕووبەڕوو بن و ڕوویان لە قەپاغی کەفارەتەکە بێت. قەپاغی کەفارەتەکە لەسەر سندوقەکە و لەلای سەرەوە دابنرێت، لەناو سندوقەکەش ئەو دوو تەختەی پەیمان دادەنێیت کە من پێت دەدەم. لەوێ لەگەڵت کۆدەبمەوە و لەگەڵت دەدوێم، لەسەر قەپاغی کەفارەتەکە لەنێوان دوو کەڕوبەکەی سەر سندوقی پەیمان10، سەبارەت بە هەموو ئەو شتانەی فەرمانت پێدەدەم بۆ نەوەی ئیسرائیل.
مێزەکە
«هەروەها مێزێک لە داری ئەکاسیا دروستبکرێت، کە درێژییەکەی دوو باڵ11 و پانییەکەی باڵێک12 و بەرزییەکەی باڵ و نیوێک13 بێت. بە زێڕی بێگەردیش ڕووکەش بکرێت و چوارچێوەیەکی زێڕینیشی لە چواردەوری بۆ دروستبکرێت. لێوارێکیشی بە پانی چوار پەنجە لە چواردەوری دروستبکرێت و چوارچێوەیەکی زێڕینیش بۆ لێوارەکە لە دەوری دابنرێت. چوار بازنەی زێڕینیشی بۆ دروستبکرێت، بازنەکان لەسەر هەر چوار گۆشەکەی چوار پایەکەی دابنرێت. بازنەکان لەلای لێوارەکەوە دەبن بە گیرە بۆ دوو دار بۆ هەڵگرتنی مێزەکە. دوو دارەکەش لە داری ئەکاسیا دروستبکرێن، بە زێڕ ڕووکەش بکرێن، بەوان مێزەکە هەڵدەگرێت. لەگەن و قاپەکانی لە زێڕی بێگەرد دروستبکرێت، هەروەها دۆلکە و تاسەکانیش کە پێشکەشکراوەکانی پێ دەڕژێنرێت. لەسەر مێزەکەش نانی تەرخانکراو بەردەوام لەپێشم دادەنرێت.
چرادانەکە
«هەروەها چرادانێک لە زێڕی بێگەرد دروستبکرێت، ژێر چرادانەکە و قەدەکەی لە زێڕی کوتراو دروستبکرێت، کاسەکانی و گرێیەکانی و خونچەکانی لە خۆی دەبێت. شەش لقیش لە هەردوو لایەوە دەردەچێت، سێ لق چرادان لەلایەک و سێ لق چرادان لەلایەکەی دیکە. سێ کاسەی بادەمی لە لقێک بە گرێ و خونچەوە و سێ کاسەی بادەمی لە لقێکی دیکە بە گرێ و خونچەوە، ئاوا هەتا لقی شەشەم کە لە چرادانەکەوە دەردەچن. هەروەها لە چرادانەکە چوار کاسەی بادەمی بە گرێ و خونچەکانیانەوە هەیە. هەر جووتێک لق لە شەش لقەکە گرێیەکیان لەژێر بوو، هەتا شەشەم لق کە لە چرادانەکە دەردەچن. گرێ و لقەکان لە خۆی دەبن، هەمووشیان لە زێڕی بێگەردی کوتراو دەبێت.
«حەوت چراشی بۆ دروستبکرێت و چراکانی بەرز دەکەیتەوە هەتا پێشی ڕووناک بکاتەوە. مەقاش و مەقەڵییەکانیشی لە زێڕی بێگەرد دەبن. چرادانەکە و هەموو کەلوپەلەکانی لە تالنتێک14 زێڕی بێگەرد دروستبکرێت. بڕوانە ئەو شتانە لەسەر ئەو نموونەیە دروستبکەی کە لەسەر کێوەکە پیشانت دراوە.
Source notes (14)
- Footnote مانگای دەریا: جۆرە گیاندارێکە کە تەنها لە قەراغی دەریادا دەژیێت بە تایبەتی لە دەریای سوور هەتا ئەندۆنیزیا. ئەم گیاندارەیان بەکارهێناوە چونکە پێستێکی ڕەقی هەیە.
- Footnote داری شەتیم.
- Footnote بەرسینەیەکی تایبەت بووە بە سەرۆکی کاهینان، بڕوانە 28:6-30؛ 39:2-21.
- Footnote دوو باڵ و نیو: نزیکەی 1,1 مەتر.
- Footnote باڵ و نیوێک: نزیکەی 70 سانتیمەتر.
- Footnote بڕوانە نامە بۆ عیبرانییەکان 9:4 .
- Footnote مەبەست لە دوو تەختەی ڕاسپاردەکانی خودایە وەک شایەتێک لەناو ئەو سندوقە پارێزراوە. بڕوانە 16:34 و 40:20 .
- Footnote قەپاغێکە بۆ داپۆشینی سندوقی پەیمان، لە ڕۆژی کەفارەت خوێنی قوربانی لەسەر ڕژاوە بۆ لێخوشبوونی گوناه.
- Footnote دوو کەڕوب: جووتێک پەیکەری بوونەوەری ئاسمانی باڵدارە، لە شێوەی مرۆڤ و ئاژەڵ، بۆ پارێزگاریکردنی سندوقی پەیمان دانرابوون، بڕوانە عیبرانییەکان 9:5 .
- Footnote عیبری: سندوقی شایەتی.
- Footnote دوو باڵ: نزیکەی 90 سانتیمەتر.
- Footnote باڵێک: نزیکەی نیو مەتر.
- Footnote باڵ و نیوێک: نزیکەی 70 سانتیمەتر.
- Footnote تالنتێک: نزیکەی 34 کیلۆگرام.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.