Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
کۆلۆسی 2
دەمەوێ بزانن چ خەباتێک دەکەم بۆ ئێوە و ئەوانەی لە شاری لاودیکییان و هەموو ئەوانەی ڕووبەڕوو منیان نەبینیوە، تاکو ورەیان بەرزبێتەوە و لە خۆشەویستیدا یەکبگرن بۆ ئەوپەڕی دەوڵەمەندی لە تێگەیشتنی تەواو، تاکو نهێنی خودا بناسین، واتا مەسیح، کە لە ئەودا هەموو گەنجینەی دانایی و زانیاری شاردراوەتەوە. ئەمە دەڵێم تاکو کەس بە قسەی لووس چەواشەتان نەکات. هەرچەندە بە جەستە لەلاتان نیم، بەڵام بە ڕۆح لەگەڵتانم، دڵشادم کاتێک ڕێکی و چەسپاوی باوەڕتان بە مەسیح دەبینم.
تەواوەتی مەسیح
ئیتر هەروەک چۆن عیسای مەسیحتان بە پەروەردگاری خۆتان وەرگرتووە، بە یەکبوون لەگەڵ ئەو بەردەوام بن لە ژیان، لە ئەودا ڕەگ دابکوتن و خۆتان بنیاد بنێن. وەک فێربوون چەسپاو بن لە باوەڕدا، هەروەها با دڵتان پڕ لە سوپاسگوزاری بێت.
ئاگاداربن کەس بە فەلسەفەی پووچ و هەڵخەڵەتێنەر دیلتان نەکات، کە پشت بە نەریتی خەڵک و بنەما بنەڕەتییەکانی جیهان دەبەستێت، نەک بە مەسیح.
خودا بە هەموو پڕیی خۆی لە جەستەی مەسیحدا نیشتەجێیە، ئێوەش بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا پڕ بوون لە خودا. مەسیح سەری هەموو سەرۆکایەتی و دەسەڵاتێکە. هەروەها بە یەکبوونتان لەگەڵ مەسیحدا ئێوە خەتەنەیەک کراون کە بە دەستی مرۆڤ ناکرێت. پێشتر تەواوی سروشتە گوناهبارەکەتان لەلایەن جەستەوە بەڕێوەدەبردرا، بەڵام کاتێک ئێوە لەلایەن مەسیحەوە خەتەنە کران1، سروشتە گوناهبارەکە داماڵرا. لە کاتی لەئاوهەڵکێشانتان لەگەڵ ئەودا نێژران، لەگەڵ ئەویش هەستێنرانەوە بەهۆی باوەڕتان بە توانای خودا، کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە.
ئێوەش کە بەهۆی گوناه و خەتەنە نەکردنی جەستەتان مردبوون، خودا لەگەڵ مەسیحدا زیندووی کردنەوە. لە هەموو گوناهەکانمان خۆشبوو. ئەو تۆمارە یاساییەی سڕییەوە2 کە ئێمەی پێ گوناهبار ببووین و لە دژمان بوو، هەڵیگرت و بە خاچەوە بزمارکوتی کرد. سەرۆکەکان و دەسەڵاتدارانی چەککرد و بە ئاشکرا کردنییە پەند و لە خاچدا بەسەریاندا زاڵبوو.
بۆیە با کەس لە خواردن و خواردنەوە یان لەبارەی جەژن یان ئاهەنگی دەستپێکی مانگ یان شەممە حوکمتان نەدات. ئەمانە سێبەری داهاتوون، بەڵام ڕاستییەکە لە مەسیحدایە. مەهێڵن ئەوانەی کە حەز دەکەن خۆیان بە درۆ نزم بکەنەوە و فریشتەکان بپەرستن لە خەڵاتەکە بێبەشتان بکەن. ئەو جۆرە کەسانە زۆر بە وردی باسی ئەو شتانە دەکەن کە بینیویانە، لەخۆبایی بوون بەو بیرۆکە پووچە دنیاییانەی کە لە مێشکیاندایە. ئەم جۆرە کەسانە دەست بە مەسیحەوە ناگرن، ئەوەی کە سەری تەواوی جەستەیە و بەهۆیەوە هەموو جەستەکە هێز وەردەگرێت، لە ڕێگەی جومگە و بەستەرەکانەوە بە یەکتر بەستراونەتەوە، بەو شێوەیەی کە خودا دەیەوێت گەشە دەکات.
لە کاتێکدا ئێوە سەبارەت بە بنەماکانی جیهان لەگەڵ مەسیحدا مردن، ئیتر بۆچی وەک ئەوەی لە جیهاندا بژین، ملکەچی ئەم ئەرکانە دەبن: «مەیگرە! تامی مەکە! دەستی لێ مەدە!»؟ ئەمانە هەموویان ئەرکی تایبەتن بەو شتانەی کە لەناودەچن، تەنها چەند یاسا و فێرکردنێکن کە خەڵک دایناون. بە ڕواڵەت شێوەی داناییان هەیە، لە پەرستنی هەڵبەستراو3 و خۆدەرخستن بە بێفیزی و توندوتیژی جەستە، بەڵام ئەوانە لە دامرکاندنەوەی هەوەسەکانی جەستە کاریگەرییان نییە.
Source notes (3)
- Footnote مەبەست خەتەنەکردنی دڵ بە ڕۆحی مەسیح. بڕوانە ڕۆما 2:29 .
- Footnote تۆماری قەرزەکانی ئێمە کە گوناهەکانمانە.
- Footnote مەبەستی لەوەیە کە مرۆڤ خۆی ئایینی بۆ خۆی دروستکردووە و بەسەر خۆیدا دەیسەپێنێ.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.