Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
ئامۆس 6
قوڕبەسەر لەخۆڕازییەکان
ئەی لەخۆڕازییەکانی سییۆن،
ئەی ئەوانەی کە بە ئاسوودەیی لەسەر کێوی سامیرە دەژین،
ئەی پیاوماقوڵانی پێشەنگی گەلان
کە بنەماڵەی ئیسرائیل دێنە لاتان، قوڕبەسەرتان!
بۆ کەلنێ بپەڕنەوە و تەماشا بکەن،
لەوێوە بڕۆنە حەماتی گەورە و
پاشان بۆ گەتی فەلەستییەکان دابەزن.
ئایا دۆخی ئێوە لەم شانشینانە باشترە؟
یان ئایا سنوورەکانیان لە سنوورەکانتان فراوانترە؟
ئێوە ڕۆژی بەڵا بە دوور دەزانن و
تەختی ستەم نزیک دەخەنەوە،
لەسەر قەرەوێڵەی عاج ڕادەکشێن و
لەسەر نوێنەکانتان پاڵدەکەون.
ئێوە بەرخی ناو ڕان و
جوانەگای قەڵەو دەخۆن.
لەگەڵ دەنگی ساز دەنگەدەنگتانە
وەک داود ئامێری مۆسیقا بۆ خۆتان دادەهێنن.
بە قەڕابە شەراب دەخۆنەوە و
بە باشترین زەیت خۆتان چەور دەکەن،
بەڵام بۆ وێرانی نەوەی یوسف خەفەت ناخۆن.
لەبەر ئەوە ئێستا لە یەکەمی ڕاپێچکراوان دەبن و
چوونە داوەت و تەوەزەلیتان کۆتایی دێت.
قێزی یەزدان لە شانازی ئیسرائیل
یەزدانی باڵادەست سوێندی بە گیانی خۆی خواردووە، یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار دەفەرموێت:
«من قێزم لە شانازی یاقوب دەبێتەوە و
ڕقم لە قەڵاکانییەتی،
ئینجا شار و هەموو ئەوەی تێیدایە بەدەستەوەی دەدەم.»
وای لێدێت، ئەگەر دە کەس لە خانووێکدا بمێننەوە ئەوانیش دەمرن. ئەگەر خزمێک هات بۆ دەرهێنانی تەرم لە خانووێک بۆ ئەوەی بیسووتێنێت، لە کەسێکی ناو خانووەکە بپرسێت، «ئایا کەسی دیکەت لەگەڵ ماوە؟» ئەو وەڵامی دەداتەوە «کەس نەماوە،» هەروەها دەڵێت: «وسبە، چونکە نابێت ناوی یەزدان بهێنین.»
لەبەر ئەوەی یەزدان فەرمان دەدات،
لە ماڵی گەورە دەدات و وردوخاشی دەکات،
ماڵی بچووکیش پارچەپارچە دەکات.
ئایا ئەسپ لەسەر بەردەڵان ڕادەکات؟
یان کەس لەوێ بە گا کێڵان دەکات؟
بەڵام ئێوە دادپەروەریتان ژەهراوی کرد و
بەری ڕاستودروستیشتان کردە زەقنەبووت.
ئێوە بە لۆدەڤار دڵخۆشن،
دەڵێن: «ئایا بە توانای خۆمان قەرنایممان وەرنەگرت؟»
یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار دەفەرموێت:
«ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئەوەتا نەتەوەیەکتان لێ ڕاست دەکەمەوە،
لە دەروازەی حەماتەوە هەتا شیوی عەراڤا
تەنگتان پێهەڵچنن.»
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.