Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

ئامۆس 2

یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«مۆئاب یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،

سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم،

لەبەر ئەوەی ئێسکەکانی پاشای ئەدۆمی سووتاند

هەتا ئەوەی بووە گەچ،

هەر لەبەر ئەوە ئاگر دەنێرمە سەر مۆئاب،

قەڵاکانی قەریۆت دەخوات.

مۆئاب لەناو هاژەهاژ دەمرێت،

لەنێو هاتوهاوار و دەنگی کەڕەنا.

فەرمانڕەوا لە ناوەڕاستیدا ڕیشەکێش دەکەم و

هەموو کاربەدەستەکانی لەگەڵیدا دەکوژم.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«یەهودا یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،

سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم،

لەبەر ئەوەی فێرکردنی یەزدانیان ڕەتکردەوە و

فەرزەکانی ئەویان بەجێنەهێنا،

چونکە درۆکانیان فریوی دان

ئەوەی باوکانیان دوایان کەوتن،

هەر لەبەر ئەوە ئاگر دەنێرمە سەر یەهودا،

قەڵاکانی ئۆرشەلیم دەخوات.»

حوکم بەسەردادانی ئیسرائیل

یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«ئیسرائیل یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،

سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم،

کەسانی ڕاستودروست بە زیو دەفرۆشن،

نەداریش بۆ جووتێک پێڵاو.

سەری هەژاران لەسەر خۆڵی زەوی پێشێل دەکەن،

ڕێگای کڵۆڵان خوار دەکەنەوە.

پیاوێک و باوکی بۆ لای یەک کچ دەچن،

تاکو ناوی پیرۆزم بزڕێنن.

لەسەر جلوبەرگێک ڕادەکشێن کە بە بارمتە وەریانگرتووە

لە پاڵ هەموو قوربانگایەک،

شەرابی بە سەرانە وەرگیراو دەخۆنەوە

لەناو ماڵی خوداوەندیان.

«من بووم کە ئەمۆرییەکانم لەپێشیان لەناوبرد،

ئەوانەی باڵایان وەک باڵای دار ئورز بوو،

وەک دار بەڕوو بەهێز بوون.

بەروبوومی ئەوانم لە سەرەوە لەناوبرد و

ڕەگوڕیشاڵیان لە ژێرەوە.

من بووم کە لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان،

چل ساڵ لە چۆڵەوانیدا بەڕێم خستن،

بۆ ئەوەی دەست بەسەر خاکی ئەمۆرییەکاندا بگرن.

«لەنێو کوڕەکانتان پێغەمبەرانم بۆ دانان و

لەنێو لاوەکانتان ئەوانەی نەزریان لە خۆیان گرتبوو1.

ئەی نەوەی ئیسرائیل، ئایا وا نەبوو؟»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

«بەڵام ئێوە شەرابتان دەرخواردی ئەوانە دا کە نەزریان لە خۆیان گرتبوو،

فەرمانتان بە پێغەمبەران کرد پێشبینی نەکەن.

«ئەوەتا من لە شوێنی خۆتان دەتانچەقێنم

وەک چۆن جەنجەڕ دەچەقێت

لەبەر پڕی گوڵەگەنمەکان.

ئەوەی خێرایە هەڵنایەت،

بەهێز هێزی خۆی توندوتۆڵ ناکات و

پاڵەوان گیانی خۆی دەرباز ناکات.

تیرهاوێژ خۆی ڕاناگرێت،

ئەوەی پێیەکانی سووک بێت هەڵنایەت و

ئەسپ سواریش گیانی خۆی دەرباز ناکات.

ئەوەی بەجەرگە لەنێو پاڵەوانان

لەو ڕۆژەدا بە ڕووتی هەڵدێت.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

Source notes (1)
  1. Footnote بڕوانە سەرژمێری 6‏:1‏-21.‏ ‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.