Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

کردار 12

دەربازکردنی پەترۆس

لەو کاتەدا هێرۆدسی پاشا1 دەستی کرد بە چەوساندنەوەی چەند کەسێکی کڵێسا. هەروەها یاقوبی برای یۆحەنای بە شمشێر کوشت. کە بینی ئەمە جێی ڕەزامەندی جولەکەیە، پەترۆسیشی گرت، ئەمەش لە ڕۆژانی جەژنی فەتیرەدا بوو. کاتێک هێرۆدس پەترۆسی گرت، خستییە زیندانەوە، بۆ ئەوەی پاسەوانی لێ بکرێت دایە دەست چوار کۆمەڵی چوار سەربازی، دەیویست دوای جەژنی پەسخە بیهێنێتە بەردەم گەل.

بۆیە کاتێک پەترۆس زیندانی کرابوو، کڵێسا بە گوڕ لە پێناوی ئەو نوێژیان بۆ خودا دەکرد.

شەوی پێش ئەو ڕۆژەی کە هێرۆدس بەتەمابوو پەترۆس بهێنێتە دەرەوە و دادگایی بکات، پەترۆس لەنێوان دوو سەربازدا نوستبوو، بە دوو زنجیر بەسترابووەوە، لە بەردەرگاش پاسەوان هەبوو، کە پاسەوانی زیندانەکەیان دەکرد. لەپڕ فریشتەیەکی یەزدان دەرکەوت و ڕووناکییەک لەناو ژوورەکە درەوشایەوە، جا کەلەکەی پەترۆسی جوڵاند و خەبەری کردەوە و گوتی: «خێرا هەستە!» ئیتر زنجیرەکان لە دەستەکانی کەوتن.

فریشتەکە پێی گوت: «پشتێنەکەت ببەستە و پێڵاوەکانت لە پێ بکە!» ئەویش کردی. ئینجا پێی گوت: «سەرکراسەکەت لەبەر بکە و دوام بکەوە.» پەترۆسیش دوای کەوت و لە بەندیخانە چووە دەرەوە، نەیدەزانی ئەوەی لە ڕێگەی فریشتەکەوە ڕوودەدات ڕاستە، بەڵکو وایدەزانی بینینێکی بۆ ئاشکرا کراوە. پاسەوانی یەکەم و دووەمیان بڕی و گەیشتنە دەروازە ئاسنینەکەی بەرەو شار، لە خۆیەوە بۆیان کرایەوە، تێپەڕین و شەقامێکیان بڕی، لەناکاو فریشتەکە بەجێی هێشت.

ئینجا پەترۆس بەخۆیدا هاتەوە و گوتی: «ئێستا بەڕاستی زانیم کە یەزدان فریشتەکەی نارد و لە دەستی هێرۆدس و هەموو ئەوەی گەلی جولەکە چاوەڕێی بوو دەربازی کردم.»

هەرکە بە تەواوی زانی چی ڕوویداوە، ڕۆیشت بۆ ماڵی مریەمی دایکی یۆحەنا کە پێی دەگوترا مەرقۆس، لەوێ خەڵکێکی زۆر کۆببوونەوە و نوێژیان دەکرد. کە پەترۆس لە دەرگای داڵانەکەی دا، کارەکەرێک کە ناوی ڕودا بوو، هات بۆ ئەوەی بزانێت کێیە. کاتێک دەنگی پەترۆسی ناسییەوە، بێ کردنەوەی دەرگاکە لە خۆشییاندا ڕایکردە ژوورەوە و خەبەری دا کە پەترۆس لە بەردەرگا ڕاوەستاوە.

پێیان گوت: «وڕێنە دەکەیت.» بەڵام ئەو لەسەر قسەکەی سووربوو، گوتیان: «ئەوە فریشتەکەیەتی!»

بەڵام پەترۆس لە لێدانەکە بەردەوام بوو، کاتێک لێیان کردەوە و بینییان، سەرسام بوون. بە دەست ئیشارەتی بۆ کردن بێدەنگ بن، ئینجا بۆی گێڕانەوە چۆن یەزدان لە زیندان دەریهێنا، پێی گوتن: «ئەمە بە یاقوب2 و خوشک و برایان بڵێن.» ئینجا چووە دەرەوە و بۆ شوێنێکی دیکە ڕۆیشت.

کە ڕۆژبووەوە ئاژاوەیەکی گەورە لەنێو سەربازەکاندا دروستبوو لەسەر ئەوەی ئاخۆ پەترۆس چی لێهات. کاتێک هێرۆدس داوای کرد و نەیدۆزییەوە، لێکۆڵینەوەی لەگەڵ سەربازان کرد و فەرمانی دا بکوژرێن.

مردنی هێرۆدسی ئەگریپاس

ئینجا هێرۆدس لە یەهودیاوە چوو بۆ قەیسەرییە و لەوێ مایەوە. هێرۆدس لە خەڵکی سور و سەیدا زۆر تووڕە بوو، ئەوانیش بە یەک دڵ بۆ لای هاتن و بلاستۆسی سەرپەرشتیاری ماڵی پاشایان ڕازی کرد و داوای ئاشتبوونەوەیان کرد، چونکە ناوچەکەیان لە ناوچەی پاشاوە ئازووقەی بۆ دەهات.

لە ڕۆژی دیاریکراودا هێرۆدس جلی پاشایەتیی لەبەرکرد، لەسەر کورسی حوکمدان دانیشت و وتاری بۆیان دا. خەڵکەکەش هاواریان کرد: «ئەمە دەنگی خوداوەندێکە هی مرۆڤ نییە!» دەستبەجێ فریشتەیەکی یەزدان لێیدا، چونکە شکۆی نەدایە خودا، کرمیش لێیدا و مرد.

بەڵام پەیامی خودا بەردەوام لە پەرەسەندن و گەشەکردندا بوو.

بەرناباس و شاولیش دوای تەواوکردنی خزمەتەکە لە ئۆرشەلیم گەڕانەوە، یۆحەناشیان لەگەڵ خۆیان برد، کە بە مەرقۆس ناسراوبوو.

Source notes (2)
  1. Footnote مەبەستی لە هێرۆدس ئەگریپاسە کە لە 41 بۆ 44 ز. فەرمانڕەوای فەلەستین بوو.‏
  2. Footnote برای مەسیح. بڕوانە گەلاتیا 1‏:19.‏ ‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.