Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
دووەم سالۆنیکی 2
مرۆڤی سەرپێچی
ئیتر خوشکان و برایان، دەربارەی هاتنەوەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان و کۆبوونەوەمان لەگەڵیدا، داواتان لێ دەکەین خێرا بیرتان نەهەژێت و نەترسن لەوەی کە دەڵێن ڕۆژی یەزدان هاتووە، بە پشتبەستن بە بینینی ڕۆحی، پەیامی زارەکی، یان بە نامەیەک کە دەڵێن گوایە لە ئێمەوەیە. بە هیچ شێوەیەک کەس هەڵتاننەخەڵەتێنێ، چونکە ئەو ڕۆژە نایەت ئەگەر پێشتر هەڵگەڕانەوە1 نەیەت و مرۆڤی سەرپێچی2، واتا کوڕی وێرانبوو3 دەرنەکەوێت، ئەوەی بەرهەڵستی دەکات و بەسەر هەموو ئەوەی پێی دەگوترێ خودا یان پەرستراو خۆی بەرز دەکاتەوە، تەنانەت لە پەرستگای خودا دادەنیشێت و بانگەشەی خودایەتی دەکات.
ئایا لە یادتان نییە کە لەلاتان بووم ئەمانەم پێ دەگوتن؟ ئێستاش دەزانن چی بەربەستە، تاکو لە کاتی خۆیدا ئاشکرا بکرێت. ئێستا هێزی سەرپێچی بە نهێنیی کار دەکات، بەڵام تەنها هەتا ئەو کاتەی بەربەست لەسەر ڕێ لادەچێت4. ئەوسا سەرپێچیکار5 ئاشکرا دەکرێت، ئەوەی عیسای خاوەن شکۆ بە هەناسەی دەمی لەناوی دەبات و بە دەرکەوتنی هاتنەوەی کۆتایی پێ دەهێنێت. هاتنەوەی سەرپێچیکار پەیوەستە بە کارەکانی شەیتانەوە. ئەو هەموو جۆرە پەرجوو و نیشانە و کارێکی سەرسوڕهێنەری درۆیین بەکاردەهێنێت، هەروەها بۆ چەواشەکردنی لەناوچووان هەموو بەدکارییەک بەکاردەهێنێت، چونکە خۆشەویستی ڕاستییان ڕەتکردەوە، ئەوەی ڕزگاریان دەکات. لەبەر ئەم هۆیە خودا چەواشەی بەهێزیان بۆ دەنێرێت بۆ ئەوەی باوەڕ بە درۆ بکەن، تاکو هەموو ئەوانەی باوەڕ بە ڕاستی ناکەن و حەزیان لە ناڕەواییە، تاوانبار بکرێن.
بەڵام ئەی خوشک و برایانی خۆشەویستی مەسیحی خاوەن شکۆ، ئێمە دەبێت هەردەم لەبەر ئێوە سوپاسی خودا بکەین، چونکە خودا ئێوەی بە یەکەمین بەرهەم هەڵبژاردووە تاکو بەهۆی پیرۆزکردنتان لەلایەن ڕۆحی پیرۆزەوە و باوەڕتان بە ڕاستییەکە، ڕزگارتان بێت. بۆ ئەمەش خودا لە ڕێگەی پەیامی ئینجیلەکەی ئێمەوە بانگی کردن، بۆ دەستکەوتنی شکۆی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان.
کەواتە خوشکان و برایان، چەسپاو بن و دەست بگرن بەو نەریتەی لە ئێمەوە فێربوون، چ بە وشە بێت یان بە نامە.
با عیسای مەسیحی پەروەردگارمان خۆی لەگەڵ خودای باوکمان، ئەوەی خۆشیویستین و دڵنەوایی هەتاهەتایی و هیوایەکی باشی بە نیعمەت پێداین، ورەتان بەرز بکاتەوە و لە هەموو کردار و قسەیەکی چاک بتانچەسپێنێت.
Source notes (5)
- Footnote هەڵگەڕانەوە: پۆڵس بە سروشی خودا (وەحی) دەڵێ بەر لە هاتنی مەسیح لە هەموو جیهاندا هەڵگەڕانەوەیەکی گەورە بەرامبەر خودا دەبێت.
- Footnote مرۆڤی سەرپێچی: ئەم هەڵگەڕانەوەیەی بەر لە هاتنی مەسیح بە سەرپەرشتی کەسێک دەبێت. (بڕوانە دانیال 7:25؛ 8:25 و ئاشکراکردن 13:5 .)
- Footnote کوڕی وێرانبوو: مەبەستی ئەوەیە کە چارەنووسی ئاگر دەبێت، بڕوانە یۆحەنا 17:12 .
- Footnote ئەو بەربەستانەی لە ئایەتەکانی 1 هەتا 4 باسکراوە خودا لە جیهان لایدەدات.
- Footnote بڕوانە 2:3 .
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.