Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

دووەم یۆحەنا 1

لە پیرەکەوە1،

بۆ خانمی هەڵبژێردراو و بۆ منداڵانیشی کە لە ڕاستیدا خۆشمدەوێن، نەک تەنها من، بەڵکو هەموو ئەوانەی ڕاستی دەناسن، لەبەر ئەو ڕاستییەی تیاماندا نیشتەجێ دەبێت و هەتاهەتایە لەگەڵمان دەبێت:

با نیعمەت2 و بەزەیی و ئاشتیمان لە خودای باوک و عیسای مەسیحی کوڕی باوکەوە لەگەڵ بێت، بە ڕاستی و خۆشەویستییەوە.

ڕاستی و خۆشەویستی

زۆر دڵخۆش بووم کە بینیم هەندێک لە منداڵەکانت بەگوێرەی ڕاستی دەڕۆن، وەک باوک ڕایسپاردین. ئێستاش ئەی خانم، ڕاسپاردەیەکی نوێت بۆ نانووسم، بەڵکو ئەوەی لە سەرەتاوە هەمانبووە: داوات لێ دەکەم کە یەکتریمان خۆشبوێ. خۆشەویستی ئەمەیە: بەگوێرەی ڕاسپاردەکانی خودا بڕۆین. هەروەک لە سەرەتادا گوێتان لێی بووە، ڕاسپاردەکە ئەوەیە کە بە خۆشەویستی هەڵسوکەوت بکەن.

ئاگاداری گومڕاییکاران بن

چەواشەکاری زۆر بە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە و دان بەوەدا نانێن کە عیسای مەسیح بە جەستە هاتووە. ئەو جۆرە کەسانە چەواشەکار و دژە مەسیحن. ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک ئەوە لەدەست بدەن کە کارمان بۆ کردووە، بەڵکو پاداشتی تەواو وەربگرن. هەرکەسێک پێش بکەوێت و لە فێرکردنی مەسیح بەردەوام نەبێت، بێبەرییە لە خودا. ئەوەی لە فێرکردنەکە بەردەوام بێت، هەم باوکی ئاسمانی و هەم کوڕەکەی هەیە. هەرکەسێک هاتە لاتان و ئەو فێرکردنەی نەهێنا، لە ماڵەکەتان پێشوازی لێ مەکەن و سڵاوی لێ مەکەن، چونکە ئەوەی سڵاوی لێ بکات، لە بەدکارییەکانیدا بەشدار دەبێت.

کۆتایی

زۆر شتم هەیە بۆتانی بنووسم، بەڵام نامەوێت بە مەرەکەب و کاغەز بێت، بەڵکو ئومێدەوارم لەگەڵتان بم و ڕووبەڕوو بدوێین، تاکو تەواو دڵخۆش بین.

منداڵانی خوشکە هەڵبژێردراوەکەت3 سڵاوت لێدەکەن.

Source notes (3)
  1. Footnote مەبەست لە یۆحەنایە.‏
  2. Footnote نیعمەت بەخشینێکی خودایە بە مرۆڤ بەبێ شایستەبوونی پێی دەبەخشێت.
  3. Footnote مەبەست لە باوەڕدارانی کڵێسای ئەفەسۆسە. بڕوانە پێشەکی پەڕتووکەکە و ئایەتی یەک.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.